کەزییەک لە شاخەوە بۆ رۆژئاڤا هەمان رێگە و هەمان مێژوو

خەڵات فەرەیدون - سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

کە باس لە ژنانی کورد دەکەین، باس لە تەنها جەستەیەک یان ناوێک ناکەین، باس لە مێژوویەکی رازاوە لە بەرخۆدان دەکەین، ژنانی چاونەترس و ئازای کورد پایەی شکۆ و  خۆڕاگرین، شایستەی شانازین، چونکە خاوەنی پێکهاتەیەکی ناوازەی هێز و بەزەیین، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەهێزبوون دەتوانێت لەگەڵ نەرمونیانی و پەروەردەکردن پێکەوە بژی. ئەمڕۆ کە سەیری هۆنینەوەی کەزی کچانی شەڕڤانی رۆژئاڤا دەکەم، بیرم بۆ هۆنینەوەی کەزیەکانی «هێرۆ خان» دەچێت لە ناو جەرگەی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا.


کەزییەک بۆ بەستنی برینی نیشتمان
لە رۆژانی سەختی شاخدا، کاتێک "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد" وەک ژنە پێشمەرگەیەک شانبەشانی هاوسەنگەرانی رێگەی کاروانە دوورەکانی دەبڕی، کەزییەکانی تەنها جوانکاری نەبوون، ئەو کەزییانە سیمبولی رێکخستنی ژن بوون لەناو جەنجاڵیی جەنگدا، هێرۆ خان بەو کەزییانەوە سەلماندی کە دەکرێت ژن بیت، دایک بیت، کامێرامان بیت و لە هەمان کاتدا پێشەنگی شۆڕشێک بیت، ئەو کاتەی دوژمن دەیویست ئیرادەی مرۆڤی کورد بشکێنێت، ئەو کەزییانە وەک پەیامێکی بێدەنگ دەوتران: «ئێمە لێرەین و دەستبەرداری ناسنامەی خۆمان نابین.


لێرە دادە «هێرۆ» و لەوێ "شەڕڤان"
ئەمڕۆ مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەو کەزییانەی لە وێنەکەدا دەبینرێن و تیرۆریستانی تاریکیی ئەوەندە لێی دەترسن، درێژکراوەی هەمان ئەو کەزییانەن کە لە چیاکانی قەندیل و سەفین و پیرەمەگروونەوە دەستیان پێکرد، بەستنی کەزی دەرخەری ئیرادەی بەرزی ژن و کچی کوردە، لە کەلتوری کوردیدا کەزی هەڵگری مانایەکی قووڵە نوێنەرایەتی کەرامەت و ناسنامە و بەرخۆدان دەکات، تیرۆریستەکانی «شەرع» لەم کەزییانە دەترسن، چونکە ئەمە نیشانەی ژنێکی ئازادە کە چیتر رێگە نادات کەس بڕیار لەسەر جەستە و ژیانی بدات، ئەوان رقیان لەم کەزییانەیە، چونکە ئەم قژە تەنراوانە وەک «تۆڕی راوکردنی تاریکی» وان هەر تاڵێکیان چیرۆکی کچێکە کە چەکی هەڵگرتووە، بۆ ئەوەی چیتر هیچ ژنێک نەفرۆشرێت، لەو شوێنەی ئەوان دەیانویست ژن تێیدا شاراوە و بێدەنگ و پاشکۆبێت، ئەم کەزییە بوو بە ئاڵای سەرکەوتن.


هەست و نەستی ژنانە
وەک ژنێک، کاتێک سەیری ئەم کەزییە دەکەم، هەست بە شانازییەکی قووڵ دەکەم، ئەمە تەنها ستایلێکی قژ نییە، ئەمە رێکخستنی ئازادییە. کاتێک کچە شەڕڤانێک پێش چوونە ناو سەنگەر، قژی هاوڕێکەی دەهۆنێتەوە، ئەوە گەورەترین پەیامی خۆشەویستی و پشتگیرییە. ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت لە ناو دووکەڵی جەنگیشدا، ژن دەزانێت چۆن جوانیی و ژیان بپارێزێت.


کەزییەکانی هێرۆ خان لە دوێنێدا و کەزییەکانی شەڕڤانان لە ئەمڕۆدا، دوو دیوی یەک دراون، ئەوەی دوژمنانی مرۆڤایەتی لێی تۆقیون، ئەو راستییەیە کە ژنێک فێری «چنین» بووبێت، دەتوانێت ئایندەی نەتەوەکەشی بچنێت، بڕینی کەزیی تاوانێکە دژی ژیان، دژی ژن و دژی مرۆڤایەتی، ئەم کەزییانە نابڕدرێن، چونکە رەگیان لە ناو خاکی کوردستاندایە و بە ئاوی ئازادی ئاودراون.