خۆشویستنی نیشتمان ڕەوشت بەرزییە

وەردە رەشید - نووسەر

ئێمە میللەتێکین تا ئەم ساتە مافی رەوای خۆمان بەدەست نەهێناوە، بۆیە ئەگەر نووسەرێکی بابەتی سیاسی، یان سیاسەتمەداریش نەبین، بەڵام لەهەر کاتێکدا دەکرێت ببینە سیاسی، دیارە کە رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوا و کردارە دژە مرۆڤایەتییەکانی تیرۆریستانی جۆڵانی، بانگخواز و مەلاکانی کوردستانی کرد بە دوو بەشەوە، بەشێکی زۆریان هەر لەسەرەتای رووداوەکانەوە، هەڵوێستەکانی شەرعیان بە نەفرەت کرد و هاتنە بەرەی گەلەوە کە ئەمەش بۆ خۆی شۆڕشێکی فکری بەرپاکرد و دەتوانرێت لەداهاتوودا پەرەی زیاتری پێبدرێت.


تاکی ئێمە لەسەر ئەو رێبازەی مەلا پایەبەرزەکانی پێشوو وەک "حاجی قادری کۆیی و شێخ عوبەیدوڵای نەهری و قانع" پەروەردە بکرێت، بیری نەوەکانمان بەجۆرێک ئاڕاستە بکەین کە پەی بەو راستییە بەرن، خۆشویستنی نیشتمان، رەوشتە و هەرمرۆڤێک رەوشتی نەبێت، ئیمانی نییە، من لێرەدا دوو پرسیار ئاڕاستەی هەموو ئەو بانگخوازانە دەکەم کە خۆیان لەبەرەی گەل بەدوور گرت، ئایا ئێوە پێتان وانییە خوداوەندی باڵادەست هەموو کات لەگەڵ حەق و دادپەروەریدایە و دژی زوڵم و ستەمە؟ ئەگەر دەڵێن بەڵێ وایە، باشە کێ هەیە لە میللەتی ئێمە ستەمدیدەتر بەدەست گەلانی دنیاوە؟ ئایا ئێمە لەسەر حەق نین کە داوای سادەترین و رەواترین مافی خۆمان دەکەین، کە دەوڵەتی سەربەخۆیە؟ لەکاتێکدا هەموو گەلان هەبوونی دەوڵەت بەمافی خۆیان دەزانن و ستەم لە گەلانی تر دەکەن، لەپێناوی پاراستنی دەوڵەتی خۆیان، ئایا خوداوەند لەگەڵ جوانیدا نییە؟ باشە چ هەڵوێستێک لەوە جوانترە بەرگریی لە نەتەوەکەی خۆت بکەیت؟ دیارە بەم پرسیارانە ئامانجم ئەوەنییە کوردایەتی بە کەس بفرۆشمەوە، چونکە  هەمیشە پێموایە، مرۆڤ لەسەر هەر بابەتێک هەستی بریندار بکەیت، یاخود موزایەدەی بەسەردا بکەیت، رقی لەو بابەتە دەبێتەوە، دەکرێت ئەوە هەم بۆبابەتی نیشتمانپەروەری و هەمیش بۆ ئاینداری، بەو جۆرە بێت، بەدڵنیاییەوە جگە لەو بانگخوازە بەڕێزانەی بە روون و ئاشکرا، هەڵوێستی بەرزیان نواند، کەسانێک هەبوون هەنگاوێکیش بێت، هاتنە بەرەی گەلەوە، واباشە زیاتر هانیان بدەین هەنگاوەکانیان پێ فراوانتر بکەین، بە هەڵوێستی نەرم و ستایشکردنی هەڵوێستەکانیان، نەک بەزمانی زبر و چاندنی رق و کینە و دابەشکردنی کۆمەڵگە و پەرتکردنی، چونکە دەکرێت هەموو مرۆڤێک بەتێپەڕبوونی کات، هەڵوێستە لەگەڵ خۆیدا بکات و پاشگەزبێتەوە، لە هەڵوێستە نەخوازراوەکانی.