ئیمپریالیزمی میدیایی (Media Imperialism)

د. هەتاو حەمەساڵح - مامۆستای زانکۆ

چەمکی ئیمپریالیزمی میدیایی، لە ساڵانی ١٩٧٠ لەناو مشتومڕەکانی بەجیهانیبووندا سەریهەڵدا، بێگومان لە سەردەمی دیجیتاڵیشدا بابەتەکە زیاتر دەرکەوت، بەتایبەتی ئێستا کۆمپانیا رۆژئاواییەکان توانیویانە کۆنترۆڵی میدیای جیهانی بە تەواوەتی بکەن.


ئیمپریالیزمی میدیایی یەکێکە لەو چەمکانەی لە بواری توێژینەوەکانی میدیا و کۆمەڵگەدا ئاماژەی پێدەدرێت، ئەم چەمکە باس لەو پرۆسەیە دەکات کە تیایدا وڵاتە بەهێزەکان لە رێگەی بەرهەمەکانیانەوە زاڵ دەبن بەسەر بەکاربەری میدیایی وڵاتە گەشەسەندووەکاندا، دواجاریش دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی کەلتورە ناوخۆییەکان و دروستکردنی کەلتورێکی نامۆ.
 چەمکی ئیمپریالیزمی میدیایی پەیوەندییەکی نزیکی بە بیرۆکەی ئیمپریالیزمی کەلتورییەوە هەیە. لە ساڵانی ١٩٧٠ هێربێرت شیلەر "Herbert Schiller 1976" پێیوابوو زاڵبوونی ئەمریکا بەسەر سیستمی پەیوەندییە جیهانییەکاندا رێگەخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی سەرتاپای کەلتور و بەها و ئایدیۆلۆژیا ئەمریکییەکان بچنە ناو کۆمەڵگاکان و سەرتاسەری جیهانەوە. 


هێربێرت بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەم پرۆسەیە بێلایەن نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی قووڵی بە پێکهاتە ئابووریی و سیاسییەکانی سەرمایەداریی جیهانییەوە هەیە. ئیمپریالیزمی میدیایی بەو مانایە دێت کە زلهێزە رۆژئاواییەکان بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا نەک تەنها هەواڵەکانیان، بەڵکو کەلتور، بەها، سیاسەت، تەنانەت تێڕوانین و جیهانبینییەکانی خۆیان هەناردە دەکەن. 


پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا پەیامی شاراوە هەڵدەگرن و بە تێپەڕبوونی کات، ئەم پەیامانە دەتوانن شێوازی بیرکردنەوەی خەڵک لە کۆمەڵگەدا بگۆڕن، ئەمەش بێگومان لەسەر حیسابی نەریت و کەلتوری خۆیان دەبێت.


 تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئیمپریالیزمی میدیایی هێرشی تاکجەمسەریی میدیا و بەرهەمە میدیاییەکانی وەک "هەواڵ، فیلم، بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی، میوزیک... هتد" لەخۆ دەگرێت و هەریەکە لەمانە لە ئەمریکا و ئەوروپای رۆژئاواوە بەرەو بەشەکانی تری جیهان  پەخش و بڵاو دەبنەوە.


فیلمە بەناوبانگەکانی هۆلیوود، زنجیرەدراماکانی نێتفلیکس زاڵن بەسەر شاشەکانی جیهاندا، لە کاتێکدا بەرهەمە ناوخۆییەکان زۆرجار کێشەیان بۆ دروست دەبێت، لە کێبڕکێکردندا و ناتوانن بە هەمان ئاست سەرنجڕاکێش بن، بۆ نموونە هۆلیوود لە مێژوودا بەهێزترین هێمای ئیمپریالیزمی میدیایی بووە، واتە فیلمەکانی زاڵن بەسەر پاکێج و کێبڕکێ جیهانییەکاندا، بێگومان هەموو چیرۆک و سیناریۆ و گێڕانەوەکان ستایلی رۆژئاواییە، هەوڵێکە بۆ سەپاندنی ئەو کەلتورە. 
لە رووی سیاسییەوە، ئاشکرایە میدیا تەنها بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو ئامرازێکە کاریگەریی ئایدیۆلۆژیی هەیە، کەناڵە هەواڵییەکانی وەک "CNN" و "BBC"  کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر تێڕوانینە نێودەوڵەتییەکان بۆ جەنگەکان و قەیرانەکان و ململانێکان هەیە.


لە جەنگی کەنداودا "١٩٩١-٢٠٠٣"، رووماڵی راستەوخۆی سی ئێن ئێن نیشانیدا چۆن میدیای رۆژئاوایی دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەجێندای هەواڵی جیهانیدا، کاریگەرییەکان ئاماژەیەکە بۆ توانای ئەم دەزگایە لەسەر بڕیارە سیاسییەکان و رای گشتیی جیهانی لە رێگەی چوارچێوەدانانیان بۆ ململانێ و قەیرانە مرۆییەکان، ئەمە لەکاتێکدایە وڵاتانی گەشەسەندوو زۆرجار، پلاتفۆرمی هاوشێوەیان نییە بۆ پێشکەشکردنی دیدگاکانی خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتییدا.
 زانای ئەمریکی جۆزێف نای زاراوەی «هێزی نەرم»ی داهێنا بۆ وەسفکردنی چۆنییەتی کاریگەریی وڵاتان لەسەر یەکتری بە بێ بەکارهێنانی هێزی سەربازیی. لەبری بۆمب و سوپا، ئەوان کەلتوور، پەروەردە، دیپلۆماسی و بە شێوەیەکی چارەنووسساز میدیا بەکاردەهێنن.


لە دنیای ئەمڕۆی سۆشیال میدیادا، شێوازی ژیانی رۆژئاوایی، تاکگەرایی، گوتارێکی سەرمایەداری رۆژئاوایی زیاتر پەرەیسەندووە. کەلێنی دیجیتاڵی "Digital Divide" هێشتا بەردەوامە و کۆمپانیاکانی سیلیکۆن ڤالی "Silicon Valley" کە بە گەورەترین ناوچەی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیا لە ئەمریکا دادەنرێت، توانیوێتی تەکنۆلۆژیای مایکرۆ پرۆسێسەر لەم ناوچەیە پەرەپێبدا، ئۆفیسی سەرەکیی زۆربەی کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیهان، وەکو کۆمپانیاکانی "Apple, Google ,Facebook"ی  تێدایە، ئەم کۆمپانیایانە کۆنترۆڵێکی تەواویان بەسەر داتا، ئەلگۆریتم و ژێرخانە ئۆنلاینەکاندا هەیە. بۆ نموونە، کاتێک ملیارەها کەس تەنها وەک بەکاربەر خزمەتگوزارییەکانی واتسئەپ، ئینستاگرام و یوتیوب بەکاردەهێنن، ئەوان کاری کۆکردنەوەی داتا، بڕیارە ئەلگۆریتمییەکانیان دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، گەشەی زیرەکیی دەستکرد "AI" لە بەرهەمهێنانی میدیادا دەسەڵات زیاتر لە دەستی چەند کۆمپانیایەکی کەمدا کۆدەکاتەوە. 


بەهۆی هاتنی میدیای نوێ و سۆشیال میدیاوە هەندێک لە نووسەران پێیان وایە چیتر لایەنێک ناتوانێت قۆرغی بازاڕی میدیا بکات، ئێستا دەرفەت بۆ هەمووان رەخساوە، واتە چەمکی یەکلایەنە و یەکجەمسەریی گۆڕاوە بۆ فرەجەمەسەری. 
ئەمڕۆ هەندێک رای پێچەوانەیان هەیە وەک ئەوەی دەڵێن کە بینەران بەو رادەیە وەرگری پاسیڤی میدیای رۆژئاوایی نین. بەڵکو، ئەوان ناوەڕۆکی بیانی لێکدەدەنەوە، بەرەنگاری دەبنەوە و خۆماڵیی دەکەن. بۆ نموونە، دەرکەوتنی دراما تورکییەکان، فیلمەکانی بۆلیوودی هیندی گەواهی ئەمە دەدەن، هەروەها هەندێ کەناڵی بەهێزی هەواڵیی وەک ئەلجەزیرە، روسیا تودەی "RT" و تۆڕی تەلەڤیزیۆنی جیهانیی چین "CGTN"، خۆیان وەک میدیایەکی سەربەخۆ و دوور لە هەژموونە میدیاییەکانی رۆژئاوا ناساندووە و کێبڕکێی ئەوان دەکەن.


 رەخنەگرانی میدیا باس لە تیۆری رۆیشتنی پێچەوانەی میدیا دەکەن، چونکە بەجیهانیبوونی دیجیتاڵی و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا رێگە بە پەیوەندیی لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەدەن، کە لێرەدا تاکەکان و جووڵانەوە بنەڕەتییەکان دەتوانن میدیای تەقلیدیی رۆژئاوایی تێپەڕێنن. 


جووڵانەوەکانی چالاکیی هاشتاگ وەک # بەهاری_عەرەبی، یان # منیش_هەروەها (#MeToo) ، پیشانی دەدەن کە چۆن خەباتە ناوخۆییەکان دەتوانن سەرنجی جیهانی بەدەستبهێنن بەبێ ئەوەی تەنها پشت بە دەزگاکانی راگەیاندنی رۆژئاوایی ببەستن. هەندێک ئەم دیاردەیە بە تێکەڵاوبوونی رۆشنبیری "Cultural Hybridization" هەروەها بەجیهانیبوون ناوی دەبەن.


لە کۆتاییدا دەڵێین، ئیمپریالیزمی میدیایی وەک چوارچێوەیەکی تیۆریی بەهێز بۆ تێگەیشتن لە نایەکسانییە جیهانییەکان لە بواری میدیادا دەمێنێتەوە. ئەم تیۆرییە هەموو ئەو رێگایانە روون دەکاتەوە کە تێیدا نەتەوە و کۆمپانیا بەهێزەکان میدیا وەک ئامرازی زاڵبوونی کەلتوریی، سیاسی و ئابووریی بەکاردەهێنن، بەڵام دەبێت تیۆرییەکە لەگەڵ واقیعی هاوچەرخدا تێکەڵ ببێت و لەگەڵ رۆیشتنی پێچەوانە و کارلێکی دیجیتاڵیدا بگونجێنرێت. لە جیهانی ئەمڕۆی پێکەوە بەستراودا، زاڵبوون و بەرەنگاری پێکەوە بوونیان هەیە. 


بوونی کەناڵە نێودەوڵەتییە بەهێزەکانی وەک ئەلجەزیرە، روسیا تودەی (RT) و بڵاوبوونەوەی جیهانیی دراما کۆرییەکان، ئەنیمی تێلێنۆڤێلای ئەمریکای لاتین، نیشانی دەدەن کە دەسەڵاتی رۆشنبیریی دەتوانێت لە چەندین جەمسەر و ناوەندی جیاوازی ترەوە جگە لە رۆژئاوا سەرهەڵبدەن، توێژینەوەکان دەتوانن ئاڵۆزییەکانی ئەم دیاردەیە یەکلا بکەنەوە.