کێ خاوەنی خاڵکوتانە؟
نوخشە عەبدول - نووسەرو مامۆستا
لەم چەند ڕۆژەی بەرخۆدانی کوردان سەرەنجی شتێکمدا ئەوانەی کەوتنە هەڵەوە ئەوانەی درانە بەر نەشتەری ڕەخنە کەسانێک بوون کە بێ ئاگابوون لە مێژوو و کەلتوری نەتەوەی خۆیان. نزیک بە ٧ مانگە سەرقاڵی توێژینەوەیەکم لەسەر بابەتی خاڵکوتان بەردەوام کاری تێدا دەکەم بەو هەموو سەرچاوە و توێژینەوەیەی بینیومە هێشتا یەکلایی نەبوەتەوە کێ خاوەنی خاڵکوتانە؟ کێ یەکەمجار خاڵ کوتانی بەکارهێناوە. لەبەر ئەوەی مێژووێکی هێند قوڵ و درێژی هەیە خاوەنی خەسڵەت و تایبەتمەندی گەلێکە پێویستی بە توێژینەوەی ورد و قوڵ و فرە لایەنە.
هەرچەند هیچ پێم خۆشنییە باسی ئەو بابەتە بکەم کە کاری تیا ئەکەم بەڵام بینینی پۆستی خاتونێک وایکرد بەباشی بزانم ئەم بابەتە بنوسم. خاڵکوتان دیاردە یان نەریتێکی کەلتوری جیهانییە، ڕەگوڕیشەی بڵاوبونەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم نەریتە یەکێکە لەو نەریتانەی کات و سەردەمی جیاوازی بڕیوە، لەبەر ئەوەی ڕەگێکی قوڵی بە تاک و ناسنامەوە هەیە هەموو بەربەست و ڕێگری و سنورەکانی تێپەڕاندووە، یەکێک لەو نەریتانەی هەزاران ساڵ پارێزگاری لەخۆی کردوە و ماوەتەو.
کورد وەک هەر نەتەوەیەکی تر ئەم نەریتەی بەکارهێناوە. لەسەردەم و قۆناغە جیاوازەکان و بەپێی کات و بارو دۆخەکان مانا و واتای جیاوازی وەرگرتووە و لە هەندێ باردا بۆتە ڕەمزی بەرگری و مانەوە. ئێستاشی لەگەڵبێت کاتێک دەچیتە پرسەیەک یا کۆبونەوەیەکی کۆمەڵایەتی، دەیان خاتونی کورد دەبینی هەڵگری ئەم نەریتەن ئایا ئەمانە قەرەجن؟ یان دایک خوشک و پور و کەسی ئێمەن؟ بیرمان بێت پیاوانیش بەکارهێنەری ئەم نەریتەبوون.
چەند تێبینیەک
ـ تورکیا هەموو هێما و ڕەمزەکانی خاڵکوتانی کردووە بە هی خۆی لە یونسکۆ وەک بەشێک لە نەریتە تورکییەکان پیشانی دەدات. ـ ئەو هێماو ڕەمزانەی لە خاڵکوتان بەکاردێن لەزۆر بابەتی تری نەخشداری کوردستان بەکارهاتوون، وەک پارچەنەخشێنراوە کوردیەکان(فەرش و گلیمەکان).
ـ خاڵکوتان یەکێکە لەو نەریتانەی لە ئێستادا زانکۆ گەورەکانی جیهان توێژینەوەی لەبارەوە دەکەن بەدوای کەشفکردنی نهێنی و ڕەمزەکانیەوەن.