فشارە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییان لەسەر ژنان

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی - نووسەر

تەندروستی دەروونی یەکێکە لەو بابەتانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا گرنگییەکی تایبەتی پێدەدرێت و پێشتر نەک تەنیا لە وڵاتانی دواکەتوودا بگرە لە وڵاتانی خۆرئاواشدا گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدرابوو بەتایبەتی لەلای ژنان، بۆیە ئەم بابەتە تائێستا نوێیە و پێشتر نەزانراوە ژنان بە حوکمی جەستە و ئەو دۆخانەی پێیدا تێپەڕدەبن هەر لە قۆناغی هەرزەکارییەوە ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر جەستەیاندا روودەدات پاشان دووگیانبوون و منداڵبوون و..هتد وایانلێدەکات لە رووی دەروونییەوە لە رەگەزی بەرامبەر هەستیارتر بن و زۆر هۆکاری جەستەیی و دەرەکیی کاریان لێدەکات و دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر تەندروستیی دەروونییان.

 

بابەتێکی گرنگە
تەندروستیی دەروونی بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ هەموو مرۆڤەکان، چونکە دەروونێکی تەندروست یەکسانە بە جەستە و عەقڵێکی تەندروست، مرۆڤ ژن بێت یان پیاو ناتوانێت ژیانێکی هێمن و ئاسایی بەسەر بەرێت ئەگەر لە رووی دەروونییەوە شڵەژاو بێت و هەست بە ئارامیی نەکات، هاوکات جگە لە هۆکارە جەستەییەکانی بەهۆیەوە ژن تووشی ناتەواویی دۆخی دەروونیی دەبێت چەندین هۆکاری دەرەکی هەیە وا لە ژن دەکەن لە رووی تەندروستیی دەروونییەوە ناجێگیر بێت و یەکێک لەو هۆکارە گرنگانە فشارە کۆمەڵایەتییەکانن وەک جۆرەکانی توندوتیژیی خێزانی جا جەستەیی بن یان هەر جۆرێکی دیکەی بن، هەروەها ئەو چاوەڕوانیی و پێشبینییانەی سەبارەت بە ژنان هەیە لەلایەن کۆمەڵگە و خێزانەوە و لێی چاوەڕوان دەکرێت و فشاری لەسەر زیاد دەکرێت، بۆ نموونە لە پەروەردەی منداڵدا ئەوەندەی دایک چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت پەروەردەیەکی باشی منداڵەکانی بکات کەمتر باوک دەکرێتە ئەو رۆڵ و قاڵبەوە، هەمیشە ئەو رۆڵی دابینکردنی بژێوی بۆ دادەنرێت و ئەوە دایکە یان بڵێین ژنە دەبێت لە ژێر ئەو فشارەدا بێت و لەکاتی بوونی هەر ناڕێکییەک لە منداڵەکەدا یەکەمجار ژنەکە تاوانبار دەکرێت، هەروەها تائێستا ئەو فشارە کۆمەڵایەتییانەی لەسەر کچە وەک خۆیانن و لەلایەن کۆمەڵگەوە چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت شووبکات پاشان داوای لێدەکرێت منداڵ بخاتەوە و ببێت بە دایک، ئینجا دوای منداڵێک چاوەڕێی دووان و سیانی لێدەکرێت، لەکاتێکدا ئەوە راست نییە و وەک چۆن هەموو پیاوێک بە کەڵکی ئەوە نایەت هاوسەر و باوک بێت، هەموو کچێکیش مەرج نییە بتوانێت ژن و دایک بێت و ناکرێت ئەو رۆڵانە گشتگیر بکرێن و ببنە هۆی فشار دروستکردن لەسەر دەروونی کچان و ژنان.

 

کێشەی دەروونیی
فشارە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی چەندین کێشەی دەروونیی بۆ ژنان وەک ناتەواویی دوای شۆک و خەمۆکیی و دڵەڕاوکێ و گۆشەگیریی و چەندانی دیکە، بێگومان ئەم بابەتە لە چەند گۆشەیەکەوە دەبێت چارەسەر بکرێت کە لە هەموویان گرنگتر بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی زیاترە دەربارەی تەندروستیی دەروونی بەتایبەتی لەلای ژنان و چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکان بە رێگەی زانستیی نەک شەرمکردن و شاردنەوەیان تا گەورەبوونی کێشەکە و کۆتاییهاتنی بە رووداوی نەخوازراو، هەروەها هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە و کچان دەربارەی ئەو رۆڵە تەقلیدییانەی بەسەریاندا دەسەپێنرێت و تێگەیشتن لەوەی ئەو بابەتانە ژیانی تایبەتییە و ئەوە ژن یان کچەکە دەبێت بڕیار بدات کەی شوو دەکات و ژن ئامادەیە ببێت بە دایک یان نا و فێری ئەو کەلتورە بین و هۆشیار بینەوە لەوەی چیتر لە کچێک نەپرسین کەی شوو دەکەیت و لە ژنێک نەپرسین کەی منداڵ دەخەیتەوە و بۆ نایکەیت بە دووان و سیان؟