گونجاوە ژن بە کاک بانگ بکرێت؟
بێری غەریب - نووسەر

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەشێک لە پیاوان ژن بە قژێکی درێژ و ئەقڵێکی کورت و هەڵەیەکی سروشت و ئامێرێکی منداڵ دروستکردن و خەیاڵ هەژمار دەکەن.
وەلێ شیکردنەوەیان بە شێوەیەکی راست و زانستیی بۆ نەکردووە، ئەگەرچی لای ئێمەی ژنان، پیاو واتا "هێز"و ژن واتا "سۆز و میهرەبانیی".
ئەگەر من قژم درێژە بۆ حەزت لە قژی منە و رێگە نادەیت کورتی بکەمەوە؟ ئەگەر من هەڵەیەکی سروشتم بۆ هەموو پزیشکەکان رێنماییمان دەکەن بچینە ناو سروشتەوە، بۆئەوەی باری دەروونیمان باش ببێت؟ ئەگەر من ئەقڵێکی کورتم هەیە، ئەی بۆ داوای دوو ژن دەکەیت؟ تەنانەت لە پێداویستی رۆژانەی ماڵەوەشدا تەلەفۆنم بۆ دەکەیت و دەپرسیت: چی بکڕم؟ کام رەنگە جوانترە؟ کام میوەیە بێنم؟ چۆن ئامێرەکانی ماڵەوە ئیش پێ بکەم؟ وا من دەخەوم بەیانی خەبەرم بکەیتەوە بۆ سەر کارەکەم؟
ئێمەی ژنان دووجار دەبینە قوربانیی دەستی کۆمەڵگە و خێزان، ئەگەر من ئامێری منداڵ دروستکردنم، بیربکەوە تۆش هەمان ئامێریت. ئەگەر من خەیاڵ بم، ئەی بۆ خەیاڵ دەکەیت بۆئەوەی خۆشگوزەران بیت؟ هەژمارکردنەکەت هەڵەیە. ئەوە خەیاڵ و هەڵەی سروشت و قژی درێژ و ئامێری منداڵ دروستکردن و ئەقڵی کورتی منە وا دەکات تۆ بژیت. جارێک قوربانیی جەستەیی و جارێکی دیکە قوربانیی لێکچوونە نەشیاوەکانین، ئەگەرچی لەناو کۆمەڵگەدا زۆرجار رەگەزی بەرامبەر لەکاتی ناوهێنانماندا بە کاک بانگمان دەکەن، بۆ؟ من خانمم کاک نیم، واتا رەگەزی بەرامبەر بە رەوای نازانێت وەک ژن ناوم بێنێت، ئەوە ناچێتە قاڵبی رێزگرتنەوە، تۆ مەبەستت رێزگرتنە دەتوانیت بڵێیت خوشکێ نەک کاک، ئەگەرچی ئێمە وا تێگەیشتووین توندوتیژی واتا جەستەیی، نەخێر زۆرجار توندوتیژی بە دەربڕینی وشەیەکی نەشیاو ئازاری لە توندوتیژیی جەستەیی زیاترە، دەبێت فێر ببین پیاو بە کاک بانگ بکەین و ژن بە خوشکێ، گونجاو نییە ژنیش بە کاک بانگ بکرێت، ئێمە تەواوکەری یەکدین واتە من وەک ژن تۆ وەک پیاو، کەواتە نا بۆ توندوتیژیی بە دەربڕینی وشەی نەشیاو.