هەنگاوەکانی بە کولتوور کردنی خوێندنەوە

ڕەهێڵ دزەیی - نووسەر

 

خوێندنەوە یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وهۆشیار وزانستی مرۆڤ. زانست سەلماندویەتی خوێندنەوە گەشە بە هز و توانای بیرکردنەوە بەهێزتر دەکات، هەروەها خوێندنەوە دەرگایەک بۆ مرۆڤ دەکاتەوە کە لە ڕێگایەوە تێڕوانیی بۆ ژیان فراوانتربێت و فەنتازیای گەشەبکات. خوێندنەوە وا لە مرۆڤ دەکات ئاشنای خۆی بێت و حەز و ئارەزوەکانی گەشەپێبدات وبەرەو سەرکەوتویان ببات، هەر لەم ڕێگایەوە دەتوانرێت مرۆڤ کەسایەتی خۆی دروست بکات و بە‌هێزی بکات وئاستی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و زانستی بەرەوپێشببات. پێچەوانەکەشی ڕاستە، نەخوێندنەوە مرۆڤ بیرتەسک و نادووربین و هۆشیاری گشتی کەم دەبێت و کۆمەڵگە بەرەو دواکەوتووی و ناهۆشیاری دەبات.

 

ئەو کۆمەڵگەیانەی گرنگی بە خوێندنەوە دەدەن و هەوڵ دەدەن خوێندنەوە بکەن بە بەشێک لە کولتووریان، توانیویانە کۆمەڵگەیەکی پیشکەوتوو دروست بکەن لە رێگای دروست کردنی تاكێکی هۆشیار و بە مەعرفەت و ئازاد، توانیویانە حکوڕانێکی دیموکرات ودادپەروەر فەراهەم بکەن، توانیویانە خۆشگوزەرانی بۆ گەلەکەیان بەدەستبێنن.

 

 

گرنگی خوێندنەوە شتێکە بەهاکەی زۆر گەورەیە، بۆیە وەک (خۆراکی رۆح و بێماری هزر) ناوی دەبەن، پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کۆمەڵگەی کوردی تا چەند گرنگی بەم لایەنەداوا، یان دەدات؟ ئایا کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی خوێندەوارە و دەخوێنێتەوە؟

 

بێگومان وەڵامەکە ئاشکرایە لای هەمووان! نەخێر ئێمە کۆمەڵگەیەکین نەمانتوانیوە خوێندنەوە بکەین بە بەشیک لە کار و ئەرکی ڕۆژانەمان و بیکەین بە بەشێک لە کولتووری خۆمان. ئێمە کۆمەڵگەیەکین زیاتر گوێبیستین، هەواڵەکان و ڕووداوەکانی خۆشی و ناخۆشی و تەنانەت زانیاری و زانستەکانیش لە ڕێگای وتی وتی و گوێبیستەوە وەردەگرین، کەمترهەوڵدەدەین لە رێگای باوەڕپێکراو و نوسراوەکان زانیاری بەدەستبێنین.

 

حزبەکانی کوردستان ڕۆڵی نەرێنیان هەبوو لە شکاندنەوەی نوسەر و رۆشەنبیری کورد، بە پێشکەشکردنی دەسکەوتی مادی و مەعنەوی بۆ بەشێک لە نوسەران، بۆ کڕینی وڵائیان و نوسینی ئەو بابەتانەی لە بەرژەوەندی حزبەکەیان یان کەسێکی دەست ڕۆیشتووی ناو حزب. ئەمەش وایکرد خوێنەوار و نوسەر ئەم بەهایەی هەیبوو وەک پێشەنگ و باوەڕپێکراو لەناو کۆمەڵگە کەمبێتەوە.

 

بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو بەکولتوور کردنی خوێندنەوە بنێین لە کۆمەڵگەکەمان گرنگە هەموو دەزگاکانی حکومەت و کۆمەڵگە هاوکاربن و کار بۆ ئەوە بکەن چۆن بتوانن خوێندنەوە بکەین بە کارێک هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بەگرنگی بزانێت و ببێت بە خوو لەلای و دواتر ببێت بە کولتوور.

 

بۆ هەر چاکسازی وگۆڕان کاری لە کۆمەڵگە و دابونەریت و کولتوور، یان بەرەوپێشچوون و باشکردنی حکومڕانی لە هەر کۆمەڵگەیەک دەبێ لە سستمی پەروەردە وفێرکردن دەستپێبکەین، هۆیەکەی ئەوەیە لەوێوە دەکرێت کار لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە بکرێت و بەو ئاڕاستەیە پەروەردە بکرێن لەگەڵ ئامانج و مەبەستی دیاری کراو بێنەوە.

 

قوتابخانە و مامۆستا ڕۆڵی کرنگیان هەیە بۆ ئەوەی کتێب و خوێندنەوە لەلای فێرخوازەکان خۆشەویستبکەن. سەرەتای دەستپێکردنی دەوامی خوێندن پازدە خولەکی یەکەم وانەی هەموو ڕۆژێک بۆ خوێندنەوەی کتێبێک تەرخان بکرێت، فێرخواز بۆ خۆی کتێبک هەڵبژێت، بێگومان دەبێ هەموو قوتابخانەیەک کتێبخانەی هەبێ و کتێبی جۆراوجۆر و بە نرخی تێدابێ، بۆ ئەوەی فێرخوازەکان بتوانن لەناو کتێبەکان ئەو کتێبە هەڵبژێرن کە حەزی لێدەکەن بیخوێننەوە. حەفتانە فێرخوازەکان کتێبەک بخوێننەوە و بۆ حەفتەی داهاتوو باس لە ناوەرۆکی کتێبەکە بۆ فێرخوازەکانی پۆلەکەیان بکەن. قوتابخانە کێبڕکی دروست بکات، ئەو فێرخوازەی زۆرترین کتێب بخوێنێتەوە خەڵات بکرێت.

 

لەسەر ئاستی خێزان

خێزان ڕۆڵی گرنگی هەیە بۆ ئەوەی نەوەیەک بەرهەمبێنیت حەز بە خوێندنەوە و بەدوای زانیاریەکاندا بگەڕێت. لەبری ئەوەی خێزان زیاتر گرنگی بە گۆڕینی ناو ماڵ بدات و ببێت بە چاولێکەری و هەر ماویەی مۆبیلیاتی ناوماڵ بگۆرێت، کتێبخانە بکرێت بە بەشێکی بنەڕەتی ناو ماڵ و گرنگی پێبدرێت، لە نەبوونی ببێت بە شتێکی نامۆ. هەر لە تەمەنی یەکەم ساڵییەوە شەوانە پێش خەوتنی منداڵەکانیان دایک و باوک کتێب یان حەکایەتێک بۆ منداڵەکەیان بخوێننەوە، کە گەورەتر بوون و فێری خوێندن و نوسین بوون، کاتێک دیاری بکرێت ئێواران هەموو ئەندامانی خێزان تێدا کتێب بخوێننەوە. لە کاتی پشوو منداڵکان ببەین بۆ شانۆگەری یان کۆنسێرتی میوزیک.

 

با دیاریەکانمان بۆ منداڵەکانمان و دۆست و هاوڕێکانمان کتێب بێت.

مزگەوت و مامۆستاکانی ئایینی بێبەش نین لە بەرپرسیاریەتی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە. یەکەم ووشە کە بۆ پێغەمەبەرمان دروودی خوای لەسەربێت هاتۆتە خوارەوە وشەی(اقراء) بوو، واتا بخوێنەوە، بە ئەمرە پێوتراوە بخوێنەوە. مزگەوتەکان دەبوو کتێبی زیاتر و بابەتی هەمەرەنگی تیابێت، گرنگی زیاتر بە خوێندنەوە و تێگەیشت لە ناوەڕۆکی کتێبەکان تەنانەت لە ناوەڕۆکی قورئانی پیرۆزبدەن، نەک گرنگی بە لەئەزبەر کردنی حەدیس و ئایەتەکان بدەن بێ ئەوەی بیخوێنەوە و لە ناوەڕۆکەکەی تێبگەن.

 

لەسەر ئاستی حکومەت

حکومەت لە ڕێگای گشت دەزگاکانیەوە رۆڵی گرنگی هەیە بۆهەنگاونان بەرەو بە کولتوورکردنی خوێندنەوە لە کۆمەڵگەکەمان، لە سەردەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاپکراوە کوردیەکان گەشەیەکی زۆری بەخۆوە بینیوە، لەو ماوەیەدا کتێبێکی یەکجار زۆر چاپکراوە و زۆرێک لە کتێبی بیانی وەگێڕدراوە بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی، بەلام وەک پێویست کۆنتڕۆڵ نەکراو، بەشێک لەم کتێبانە وەک پێویست نین و خزمەت بە کۆمەڵگە و زمان و ئەدەبی کوردی ناکات. بەشێک لەو کتێبانەی وەرگێڕدراون بەزمانێکی کوردی زۆر ناخۆش وەگێڕدراون، خوێنەر ناتوانێت چەند لاپەڕەیەکی لێبخوێنتەوە، ئەمەش وادەکات حەزی خوێندنەوە لاواز بێت لەلای.

 

دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نییە لەم بوارە، بەڵکو دەتوانین بڵێن کاریگەری خراپیان هەیە لە دواخستنی کۆمەڵگە و مەشغولکردنی گەنجان بە بابەتی لاوەکی. دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە وڵاتە پێشکەوتووەکان یەکەم دەرگایە بۆ هۆشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی مەعرفی وکۆمەڵایەتی تاکەکانی کۆمەڵگە، کەچی لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی پێچەوانە دەگێڕن و بێ ئەوەی چاودێری بکرێن لەلایەن حكومەت و دەزگاکانی.

 

ئەو کۆمەڵگەیانەی خوێندنەوە بۆتە کولتوور لەلایان، کۆمەڵگەیەکی ووشیارن و چاوکراوەن. ئاگاداری گۆڕانکاریەکانی وڵاتەکەیان و جیهانن و ڕای خۆیان هەیە لە گۆڕانکاریەکاندا. ئەو کۆمەڵگەیانەی دەخوێنەوە هەردەم نەوەیەکی باوەڕبەخۆ و سەربەخۆ وپرسیاکەر و گۆمانکەر پێشکەش بەکۆمەڵگە دەکەن، نەوەیەک بەخۆیان نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن وبەشداردەبن لە شیواز و جۆری حکومڕانی وڵات.

 

بۆ ئەوەی بتوانین نەوەیەکی هۆشیار و پڕ لە زانیاری و زانست، نەوەیەکی باوەڕبەخۆ و ئازاد و سەربەست، نەوەیەک ڕێگەنەدات کەسانێک یان گروپێک کۆمەڵگە و خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربێنن، بەرهەمبێنین و پێشکەش بە کۆمەڵگەکەمان بکەین، دەبێ خوێندنەوە بکەین بە کولتوور.