پرسخوازیی تەوژمە فێمێنیستەکان لە مێژوودا
ژیا عەباس – مامۆستای زانکۆ
تەوژمی فیمینیزم وشەیەکی وەرگیراوە لە نووسەری بەناوبانگ (مارسا وینمان لیر) کە لە راپۆرتێکی بەناونیشانی (تەوژمی دووەمی فیمینیزم) ناویهێنا، ئەو کاتەی لە گۆڤاری نیۆرک تایمز لە ۱۹٦۸ بڵاویکردەوەو، تێیدا باس لەوە دەکات کە (یەک تەوژمی فیمینیزمی نییە لە جیهاندا کە یەکانگیر بێت، بەڵکو بە دەیان تەوژمی جیاواز و هەمەچەشنە هەن کە هەموویان بۆ یەک ئامانج تێدەکۆشن، ئەویش داکۆکیکردنە لە مافەکانی ژن و ڕووبەڕووبونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان و بەدەستهێنانی یەکسانی و دادپەروەریی نێوان رەگەزەکان).
ئەوەی لە هەموو روویەکەوە لەسەر ئاستی جیهان روودەدات، ئێمەی کۆمەڵگەی کوردیش بەشێکین لێی.
فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی تەوژمەکانی فێمێنیزم
دەرکەوتنی چەندین نووسەری ژن لە سەدەی شازدەوە تا سەدەی هەژدە، کە بە توندیی ڕەخنەیان لە میسۆلۆژیای ئایین گرت و هەوڵیاندا شوێن و پێگەی دایکە حەوا بەرز رابگرن و، بە توندیی وەڵامی هەموو ئەو هەوڵانەیان دایەوە کە دایکە حەوا بە هۆکاری دەرکردنی باوکە ئادەم و مرۆڤایەتی لە بەهەشت دادەنرا و بووە سەرەتاکانی چەوساندنەوەی ژن بە درێژایی مێژوو، جگە لەوەی خوێندنەوەیان بۆ واقیعی کۆمەڵایەتی ژیانی ژنان کرد، بە تایبەت جیاوازی لە شێوازی پەروەردە و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی کوڕ و کچ، کە دەبێتە هۆکاری سەرەکیی دەرکەوتنی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوانیاندا، بۆ نموونە (ماری ئیستیل) لە کتێبە بەناوبانگەکەی بەناوی (پێشنیاری جدی بۆ ژنان) کە لە ساڵی (۱٦۹٤) دەرچوو دەڵێت: (ژن کەمتر نییە لە پیاو، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە پەروەردە نەکرێت).
لەلایەکی دیکەوە شۆڕشی پیشەسازیی، کە بە فاکتەرێکی گرنگی دەرکەوتنی تەوژمە فیمینیزمەکان دادەنرێت، لایەنێکی نەرێنی هەبوو، ئەویش کاتێک ڕوویدا کە ژنانێکی زۆری گەنجی لادێنشین هاتنە کارگەکان و کاریان دەکرد و رووبەڕووی چەندین شێوازی توندوتیژیی بوونەوە، لەلایەک ئەو داهاتەی دەستییان دەکەوت لە بەرانبەر کارەکەیان لە لایەن پیاوانی خێزان لە باوک و هاوسەر دەستی بەسەردا دەگیرا و ڕێگە نەدەدرا سەربەخۆ و ئازاد بەکاری بهێنن، جگە لەوەی لە شوێنی کار کاتێکی زۆر لەبەرانبەر داهاتێکی کەم کاریان پێدەکرا و لەلایەن خاوەن کار رووبەڕووی دەستدرێژی و گێچەڵپێکردنی سێکسی دەبوونەوە، هاوکات لە فەزای گشتی و لەسەر شەقام ڕووبەڕووی سوکایەتی پێکردن دەبوون چونکە دژە باو بوون.
لایەنی ئەرێنی ئەم شۆڕشە
لایەنی ئەرێنی ئەم شۆڕشە ئەوە بوو، کە دەبوو ئەم ژنانە بخوێنن تا بتوانن کار بکەن، لێرەوە خوێندنی ناچاری لە روسیا و پاشان ئینگلتەرا و دواتر فەرەنسا و وڵاتانی دیکە بڵاوبوویەوە و بەمەش ژنان بە هۆی خوێندن و چوونە دەرەوە لە ماڵ و تێکەڵ بوون بە فەزای گشتی، ئاستی هۆشیارییان بەرز بوویەوە و وردە وردە دەستیان کرد بە کۆبوونەوە و قسەکردن و رەخنەگرتن لەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە تێیدا بوون، لێرەوە تەوژمە فیمینیزمەکان بە چەند قۆناغێک دەرکەوتن، هەر یەک لەم تەوژمانە خاوەن ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی خۆیان بوون، هەر یەکە و ئامانجی تایبەت بە خۆی هەبوو، ڕێگە و شێواز و میکانیزمی کارکردنی خۆی هەبوو، هەر یەکە و لە کات و ساتی خۆی توانیان کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و یاسایی و مەدەنی لە دۆخی ژنان بکەن.
لەگەڵ دەرکەوتنی شۆڕشی تەکنەلۆژی و زیرەکیی دەستکرد، تەوژمی چوارەمی فیمینیزمەکان دەرکەوت کە بە پێی بۆچوونی راگەیاندن کار (بیسیا بای) سەرەتای دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (۲۰۰٥)، گەرچی (جینیفر بومجاردنر) پێیوایە لە (۲۰۰۸) بە دواوە دەرکەوت، هاوکات راگەیاندنکار (کیرا کوشیرین) دەڵێت: (زۆرترین سەرکردەکانی گەنجن، بە گشتی دەرکەوتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەرکەوتنی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا و هەر ئەم رێگەیەش بەکار دێنن بۆ هێنانەدی ئامانجەکانیان کە گرنگترینیان بریتییە لە: رووبەرووبوونەوەی گێچەڵپێکردنی سێکسی و لاقە کردن، جیاکاریی رەگەزی، بەکارهێنانی ژن وەک کاڵا لە میدیا، جیاکاریی لەسەر بنەمای قەڵەوی، و کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی و دادپەروەری، بابەتی ئینتەرسێکشن).
بەوپێیەی کە ئێستا سەردەمی بە جیهانیبوونە و تەواوی وڵاتانی دونیا بونەتە یەک لادێی بچووک و ئەوەی لە هەموو ڕوویەکەوە لەسەر ئاستی جیهان ڕوودەدات، ئێمەی کۆمەڵگەی کوردیش بەشێکین لێی، ئەمە وادەکات سوود لە پەیامە فیمینیزمە جیهانییەکە وەربگرین و ببینە بەشێک لە تەوژمی چوارەم و کار بەو ئامانجانە بکەین کە کاری لەسەر دەکەن لە پێناو باشترکردنی دۆزی ژنان لە کۆمەڵگەی خۆمان.