چارەسەرکردنی شوێنەوارە دوورمەوداکانی جینۆساید

ڤینۆس فایەق - نووسەر

هەموو ئەو نەتەوانەی لە مێژوودا رووبەڕووی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، پێویستیان بە ماوەیەکی درێژ هەبووە بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتییان، بە تایبەت ژیانی ئەو کەسانەی لە دوای قوربانییەکان لە ژیاندا ماونەتەوە. ئەم پرۆسەیە بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیی هەروا لە خۆڕا ناگاتە ئامانج، پێویستی بە کۆمەڵێک فاکتەری یاریدەدەر و بەهێزکەر هەیە بۆ گۆڕینی ئەو ژیانەی دەربازبووەکان لە حاڵەتێکی دراماتیک و کارەساتاوی بۆ گێڕانەوەی شکۆ و هەستی باوەڕبەخۆبوون بۆ بەردەوامبوون لە ژیاندا لەدوای لە دەستدانە مرۆیی و ماددی و مەعنەوییەکانیان. هەر بۆ خۆی بەو ئاسانییە نییە کە لێرەدا باسی دەکەین، کەسێک تەنیا یەک کەس لە خێزانەکەی لە دەستدەدات، دووچاری بارێکی دەروونیی سەخت و جۆرێک لە تێکشکان دەبێتەوە، چجای ئەوەی کەسێک خۆی دەربازبووی یەکێک لەو تاوانانەیە و هەموو قۆناغەکانی تاوانەکە و کارەساتەکەی لەسەر ئەرزی واقیع ئەزموون کردووە و تێیدا ژیاوە بە هەموو کەشوهەوا مەترسیدار و تۆقێنەرەکانی و دەربەدەربوون و لە رەگەوە هەڵکەندنی ژیانی و لە دەستدانی کەسانی نزیک و دووری و خاپووربوونی تەواوی زێدەکەی، ئەمەیان پێویستیی بە کاری تری جددی دەوروبەر هەیە بۆ یارمەتیدانی قوربانییە رزگاربووەکان، لە هەموو روویەکی ماددی و مەعنەوییەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە و هەنگاونان بەرەو قۆناغێکی نوێی ژیانیان و ئاساییکردنەوەی هەموو وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەیان کە ئەمە هەمووی گرێدراوی زۆر فاکتەری مرۆیی و یاسایی و رێکخراوەیی و دەوڵەتین.


چۆن بتوانین شوێنەوارە کارەساتبارەکانی تاوانەکانی کۆمەڵکوژیی کورد چارەسەر بکەین؟
بە تایبەت ژنە دەربازبووەکان، ئەوانەی چەندین ئەندامانی خێزانەکەیان بەهۆی ئەو تاوانانەوە لە دەستدا. ئەمە جیاکاری نییە، بەڵام لەم وتارەدا تەنیا جەختمان لەسەر ژنەکانە، بەو پێیەی ژن لە زۆر رووەوە جیاوازیی لەگەڵ پیاودا هەیە، بە تایبەت هەندێکیان ژنانێکی نەخوێندەوار و کەمدەسەڵات و دەستەپاچەن، ئەوانەی ئاستی هۆشیاریی و مەعریفییان نزمە و هیچ ئامرازێکی مەعنەوی شک نابەن بۆئەوەی گوزارشت لە ژانە دەروونییەکانیان بکەن و یارمەتی خۆیان بدەن، جگە لە گریان و لاوانەوە، ئەو ژنانەی بە تەنیا و بێکەس ماونەتەوە، ئەوانەی هەمیشە پیاوەکانی ماڵەکانیان، باوک، برا و مێرد و کوڕەکانیان چرای ماڵەکانیان و پشت و پەنایان بوون،  بێگومان لەبەر هەندێ هۆ پیاو رەنگە ئاسانتر بتوانێت ئەو ئەزموونە تاڵانە تێپەڕێنێت، بەڵام ژنەکان، بە تایبەت ئەو چینەی باسیان دەکەین، بەهۆی جۆری پەروەردەیان و تایبەتمەندیی ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا پەروەردە بوون، چارەیەکی وا شکنابەن جگە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکان و گریان و لاوانەوە بۆئەوەی کەمێک سوکنایی بە دڵیان بێت و هێشتا لەو ئازارەش چاکنابنەوە. ئەو ژنانە تەنیا تووشی شۆک نەبوون لە رووداوێک، بەڵکو ئەوان بە کۆمەڵ کەسانی دەوروبەریان لە دەستداوە، بەو هۆیەشەوە ئارامییان تێکچووە و هەست بە ئاسوودەیی ناکەن، برینێکی قووڵ وا لەناو قووڵایی دڵیاندا، یادگەیانی پڕکردووە لە شکست و دەستەپاچەیی. لەبەر ئەمانە و زۆر شتی دیکە بۆ چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی ئەو تاوانانە لەسەر ئەو ژنانە پێویستمان بە چارەسەرێکی گشتلایەن و دوور و درێژ و هەستەوەرە لە رووی کەلتورییەوە.  


چاکبوونەوە؟
 ئێمە کە باسی چارەسەر دەکەین، مەبەستمان چاکبوونەوەی ئەو ژنانە و بەخشینی هێز و توانایە پێیان بۆئەوەی بتوانن هەنگاوبنێن بەرەو تێپەڕاندنی ئەو شۆکەی تووشی بوون و چاکببنەوە. ئاخر بیری لێبکەرەوە، کاتێک بە ژنێكیان وتووە: هەر چوار کوڕەکەت و مێردەکەت و باوکت و براکانت هەر هەموو لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا گیانیان لەدەستدا، ئەمە دڵێکی بەرد ئاسای دەوێت بۆئەوەی بەرگەی ئەم هەواڵە بگرێ، زۆربەی زۆری ئەو ژنانە تووشی حاڵەتێک لە غەمگینییەکی درێژخایەن بوون. هەر بۆ خۆم لە یەکێک لە سەردانەکانمدا بۆ ئەو ناوچانەی بەر شاڵاوەکانی ئەنفال کەوتن لە گەرمیان، قسەی ژنێک زۆر کاری تێکردم کاتێک گوتی: «من هەست دەکەم زۆر خراپم وا خوا بە تەنیا هێشتمییەوە، خیانەتم کردووە لە ژیاندا ماومەتەوە، دەبوو منیش لەگەڵ ئەواندا بمردمایە». ئەمە هەستکردن بە تاوانە کە لەگەڵیدا ژیان هیچ چێژ و مانایەکی نامێنێت، وا دەکات بەردەوام هەست بە ترس و نائارامی بکات، چونکە هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لە ریشەوە گۆڕدرا بۆ دانیشتن بەرامبەر دەرگای دەرەوە لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەیاندا، باشیش دەزانێت چیدی ناگەڕێنەوە. لە زۆربەی سەردانەکانمدا بۆ گەرمیان بێدەنگییەکی بە ئازارم لە دەموچاوی زۆر لە ژنەکاندا دەبینی، لێکدانەوەی من بۆ ئەو بێدەنگییە ئەوە بوو کە ژانی لە دەستدانی بە کۆمەڵ گەلێک لە وشە و دەربڕینەکان گەورەترە. هیچ وشە و دەستەواژەیەک نییە کە پڕ بە پێستی خۆی تەعبیر لەو ژانە بکات. ئەو ژنانە کەسایەتییان لاواز نییە، بەڵكو ئەوە کاردانەوەیانە لە ئاست ئەو کارەساتە گەورەیەدا، دەتوانم بڵێم کە چەندین ساڵە نەمتوانیوە ئەمەی ئێستا دەینووسم، بینووسم، ئەوەیە من لەژێر کاریگەریی ئەوەی لەو ناوچانە بینیم و بیستم، پێویستم بە چەندین ساڵ هەبوو بۆئەوەی لێی چاکببمەوە و لەبارەیەوە بنووسم، چجای ئەو ژنانەی کە هەر بەڕاستی لە نەهامەتی و کارەساتەکەدا ژیاون، بۆیە دەڵێم پێویستیان بە چارەسەری جددی و راستەقینە و دڵسۆزانەیە، لە هەموو روویەکەوە،  پێش هەموو شتێك ئارامیی من بۆئەوەی چاکببمەوە، دەبوو قسە بکەم، دەبوو کەسێك هەبێت گوێـم لێبگرێت و باوەڕیشم پێبکات، چونکە هەموو ئەو چیرۆکانەی دەمبیستن، ئەقڵێکی پۆڵایینی دەویست بتوانێ وەریبگرێت و باوەڕی پێبکات، جا بۆئەوەی بیر لەوە بکەینەوە چۆن چارەسەری ئەو ژنانە بکەین، دەبێت پێش هەموو شتێک، ئارامییان پێببەخشین، چونکە ئەگەر کەسێک هەست بە ئارامی نەکات، ئامادەیی نابێت بۆ چارەسەر لە شۆک، ئارامی وا لە جێگەیەکی شایستە بەخۆی تێیدا بژی، داهاتێکی ماددی شایستە بۆئەوەی ژیانی پێ دابین بکات، هەروەها بە کەسانێک دەور بدرێت بۆئەوەی هەست بە دڵنیایی بکات، جگە لەمەش کەسانێکی لە چواردەور بێت کە لە توانایاندا بێت پارێزگاریی لێبکەن دژ بە توندوتیژی و بەکارهێنانیان، ئەو ژنانە بە پلەیەکی زۆر پێویستیان بە ئارامیی دەروونییە، ئەو ئارامییەش لەناو کۆمەڵێکدا دەدۆزێتەوە کە لەگەڵیاندا بتوانێت بەبێ ترس قسە بکات و چیرۆکەکانی بگێڕێتەوە و هەڵسوکەوت بکات بێ ئەوەی دووچاری تیر و توانج و حوکمی پێشوەختە بێت، تەنیا لەبەرئەوەی بە تەنیایە و کەسی پلە یەکی خۆی لە دەوری نەماون.هەر لەو سەردانانەمدا لە زۆر ژنم دەبیست کە گوایە بە تایبەت رۆژنامەنووسەکان گوشارییان لێدەکەن بۆئەوەی قسە بکەن، ئەمە گەورەترین هەڵە بووە کە لە گەڵییاندا کراوە، بە تایبەت لە دوای راپەڕین کە هێشتا برینە دەروونییەکانیان خوێنی پێوە بووە و هێشتا سەرەتای ژان بووە. هەڵبەت ئێمەی کورد ئەوکاتە کەم ئەزموون، یان هەر ئەزموونمان نەبووە لە بواری مامەڵەکردن لەگەڵ دەربازبووەکانی ئەو تاوانانە، ئەگەر ئێستا بوایە دەبووایە بڵێین، هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنیان دەبوایە لە رێگەی کەسانی پسپۆڕ لە بواری دەروونیدا بە تایبەت لە بواری «شۆکی لە دەستدانی بە کۆمەڵ» کە لە کاتی جەنگ و ئەو تاوانانەدا روودەدات بوایە، چونکە ئەو ژنانە تەنیا توشی خەمۆکییەکی ئاسایی نەبوون، بەڵکو توشی خەمۆکییەک بوون کە لە ئەنجامی شۆکێکی گەورەدا دروست دەبێت، بەوپێیەی ئەو دەربازبووانە ژنن، دووچاری حاڵەتێکی سەختی ترس و تۆقین دەبنەوە، ئەوان بیردانێکی رەش و ناشیرینیان هەیە کە دووچاری کابووس و خەونی ترسناکیان دەکات. هێندەی بە دواداچوونم بۆ کردبێت، بە تایبەت بەهۆی پزیشکێکی دەروونیی هاوڕێم، هەندێ چارەسەر هەن کە دەبێت بە شێوەیەکی پسپۆڕانە پەیڕەو بکرێن بە ئامانجی یارمەتیدانی قوربانییە دەربازبووەکانی تاوانەکانی کۆمەڵكوژی، هەڵبەت لە سەرەتادا بەشێوەیەکی چڕ، بەڵام ئێستاش کە دەیان ساڵ بەسەر تاوانەکاندا تێپەڕیوە، گەیشتوومەتە ئەم خاڵانەی خوارەوە کە دەربازبووەکان بە گشتی و ژنان بە تایبەت پێویستیان پێیانە بەپێی هەندێ لە ئامۆژگارییەکانی پزیشکە دەروونییەکەی هاوڕێم.


*جۆرێک چارەسەر هەیە پێی دەگوترێ چارەسەری هەڵسوکەتی مەعریفی بە ئاڕاستەی شۆک "TF-CBT": ئەمە یارمەتییدەدات لە کاردانەوەکانی خۆی تێبگات، ترس و کابووسەکانی کەمدەکاتەوە، هەروەها یارمەتی دەدات مامەڵە لەگەڵ یادەوەرییەکاندا بکات بێ ئەوەی کاتێک بیری دەکەوێتەوە نوقم ببێت لە ناویاندا.


* نەهێشتنی هەستەوەریی جووڵەی چاو "EMDR": زۆر سوودی هەیە بۆ یادەوەرییەکانی ئەو جۆرە تاوانانە و لە دەستدانە بە کۆمەڵەکان و دیمەنە تۆقێنەرەکان کە بینیونی.


*چارەسەری جەستەیی: لەبەرئەوەی شۆک لەناو جەستەدا نیشتەجێ دەبێت و بێ ئەوەی لێیان تێبگات کۆمەڵێک ئاماژەی نەخۆشی لە جەستەیدا دروست دەبن، لەم حاڵەتەدا پێویستیی بەوەیە فێر بکرێ چۆن بەردەوام هەناسەی قووڵ هەڵکێشێت، چۆن بە هێمنی و لەسەرخۆ بجوڵێتەوە و ماسولکەکانی خاوببنەوە، وای لێبێت بە ئاسایی هەست بە هەموو جەستەی بکات، نەک هەست بکات هەست لە لەشیدا نەماوە.


*چارەسەری غەمگینی بە کۆمەڵ "نەک تاکەکەسی": ئەو ژنانە تەنیا یەک کەسیان لە دەستنەداوە، بەڵکو تەواوی خێزانێک، دێیەک، بگرە مێژوویەکیان لە دەستداوە، لەبەرئەوە پێویستیان بە خولەکانی دانیشتن هەیە، وەک پشتگیرییەک لێیان، ئەو چیرۆکانەی هەیانە بیگێڕنەوە، بە تایبەت کاتێک کە ئامادەن چیرۆکەکەیان بگێڕێتەوە.


*ئەنجامدانی هەندێک نەریتی یادکردنەوە وەک: دوعاکردن، سەردانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە کاتی یادی ساڵانەیاندا، ئەمەش یارمەتیی دەدات بۆئەوەی ژان و ئازارەکانی لە بارێکی دەروونیی تاکەکەسییەوە بکاتە یادەوەرییەکی بە کۆمەڵی دانپێدانراو، ئەم ژنانە پێویستیان بە سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ناسنامەیانە لە دوای کۆمەڵکوژییەکە، چونکە مەبەستی سەرەکی لە تاوانەکانی کۆمەڵکوژی "جینۆساید" لەناوبردنی رەگەز و ناسنامەیە. هەر بۆیە دەبێت هان بدرێن کەلتوری خۆیان بۆ نەوەکانیان کە لە ژیاندا ماون بگوێزنەوە وەک: زمان، گۆرانی و چیرۆکەکان و بەشداریکردن لە چالاکییەکانی کۆمەڵگە بۆئەوەی سەرلەنوێ لەناو کۆمەڵگەدا بگونجێنەوە. ئەم ژنانە تەنیا قوربانی نین، بەڵکو هەڵگری بیردانێکی مێژوویی قۆناغێکی بە ئازاری میللەتەکەیانن. هەڵبەت چاکبوونەوە بە مانای بیرچوونەوەی رابردوو نایەت، بەڵکو بە مانای ئەوەی ئیتر بتوانیت بژیت لەگەڵ ئەوەی ئەو رابردووە تاڵەش بوونی هەیە. ئەو ژنانە لە گەشتی چارەسەرکردنیاندا پێویستیان بە زۆرشتە کە یاریدەدەر دەبێت بۆئەوەی سەرلەنوێ ژیانێکی ئاسایی بژین، لەوانە فێربوونی پیشە و ئەنجامدانی پرۆژە ئەگەر بچووکیش بێت، چونکە ئەوە هەستێکیان دەداتێ کەوا سوودێکیان بۆ دەوروبەریان و خۆشیان هەیە، بەو جۆرە وردە وردە هاوسەنگییان بۆ دەگەڕێتەوە، زۆر گرنگە فێربکرێن ئەو شوێنەوارە دەروونییانەی دووچاری بوون لە ئەنجامی شۆکی لە دەستدانی بە کۆمەڵ بۆ منداڵ و نەوەکانی دوای خۆیان نەگوێزنەوە بۆئەوەی لە دوای خۆیان نەوەیەکی تەندروست و بێ گرێی دەروونی بێنە کایەوە. لە کۆتاییدا  کێ لە ئێمە، ئەوانەی لەناو کارەساتەکەشدا نەژیاون شاگەشکە نەبوون، کاتێک لە پەرلەمانی عیراق تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە بە تاوانی کۆمەڵکوژی "جینۆساید" ناسێنران؟ چجای دەربازبووەکانی خودی تاوانەکان. لەوەش دڵخۆشکەرتر ئەوەیە ئەنجامدەرانی کە دەدرێنە دەست دادگاکان  سزای خۆیان وەردەگرن، ئەمە لە رووی دەروونییەوە کاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر باری دەروونیی دەربازبووەکان هەیە ، چونکە ئەوەی کە روویداوە قەدەر نەبووە، بەڵکو تاوانێک بووە و کراوە،  هەڵبەت چاوەڕوانکراو نییە، ئەو ژنانە بتوانن هەموو ئەوەی روویدا تێیپەڕێنن و بیریان بچێتەوە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە ئەو ژنانە بتوانن بگەنە خاڵێک، بڵێن ئازارەکە ماوە، چونکە ئازارەکە هەر دەمێنێت، بەڵام وایلێبێت ئەو ئازارە کاریگەریی لەسەر تەواوی ژیانیان دانەنێت و بتوانن لە ژیانێکی تاڕادەیەک ئاساییدا بەردەوام بن.