نەفرەتی جی پی ئێس

کەژاڵ ئەحمەد - نوسەر و شاعیر

 

دەوترێت شۆڕشی زانستی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیا لە خەسڵەت و پێكهاتەكانی هێزی نەرمن، ئەوە راستە و سیمایەكە ئەم سەردەم و زەمانەی ئێمەی پێ دەناسرێتەوە. تێزی هێزی نەرم، ساڵانێكی زۆر ئەو دڵنیاییەی دەدا بە مرۆڤایەتی، كە جیهانە نوێیەكەمان دوور لە شەڕ و توندوتیژیی دەبێت و زۆربەی كێشەكانی لە ڕێی شێوازی نەرم و بێ خوێنڕشتن و كوشت و بڕەوە چارەسەر دەكات، بەڵام هەیهات، نەك وانەبوو، بەڵكو ئەوەی بینیمان لە شەڕەكانی ئۆكرانیا و فەلەستین و ئیسرائیل و تەقینەوە ناوخۆییەكانی هەندێ لە وڵاتان، هێندەی دووریی نێوان ئەرز و ئاسمان دوورە لە نەرمییەوە.

 

بۆ میللەتانی هەردەم زوڵم لێكراو و زوڵم لە خۆ كردوویی وەك ئێمەی كوردیش، تەنانەت پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیایش بۆ خۆشگوزەرانیی و لە پێناوی دابینكردنی ژیانێكی باشتردا نییە، بەڵكو بەكاردەهێنرێت بۆ كوشتنمان بە تازەترین و پێشكەوتووترین شێوازەكان، بە پێی هەندێ لە ریكلامە بێ ماناكان بێت، GPS بۆ ئەوەیە ژنان بزانن خۆشەویستەكانیان لە كوێ و لەگەڵ كێ خیانەتیان لێ دەكات، نەك بۆ بە ئامانجگرتنی كوشتنی مرۆڤە ئەكتیڤ و جوانەكانی نیشتمان.

 

هەروەها نەهرۆ شەوقی لەڕێی بەرنامەی GPS ەوە پێمان دەڵێت سروشتی كوردستانەكەمان چ بەهەشتێكی شیرینە، ئەی بۆ سیستمی نوێی جیهان هەڵەكەمان بۆ راستدەكاتەوە و پێمان دەڵێت ئێوە سەهون، جی پی ئێس نەفرەتێكی مۆدێرنە و بەدوای قووربانییەكانیدا دەگەڕێت، لێیان نابێتەوە تا نەیانكات بە خەڵووز یان تەسلیم بە مەرگیان نەكات.

 

ئەو نەفرەتە نەبێت كێ دوو كچە میدیاكاری چالاك و كارامەی ئەم وڵاتەمان دەدۆزێتەوە و دەیانكات بە ئامانجی درۆنێكی دراوسێ و بوختانی پێشوەختەشیان بۆ ئامادە دەكات؟ شەهید كردنی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا لە نزیك عەربەت، ئەوەمان پێدەڵێت هەنجەت هێنانەوە بۆ كوشتنی كورد لەخۆی ئاسانتر نییە، رژێمی بەعسیش هەروای دەكرد، بەڵام گۆڕبەگۆڕبوو بەرلەوەی دەستی بە تەكنۆلۆجیای كوشتنەكانی ئەم سەردەمە بگات.

 

شەهیدانی ئەوسا و ئێستامان سەربەرز و نەمرن و خۆفرۆش و جاشی هەموو سەردەمەكان سەرشۆڕن، هەمووشمان ئەوە دەزانین كە مەرگی ئازا و خەباتگێڕان یەكجارە، بەڵام مردنی خائینان هەموو رۆژەكانی ساڵە.