وەک بنەمای کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەرەو هێزی نەرم

دیمەن عەبدوڵا- ڕەخنەگری ئەدەبی

 

هەوڵدان بۆ بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر سێکتەرێکی ئاسان نییە، بەڵام لە هێز و تواناش بەدەر نییە، چونکە بنەمای زۆربەی پێشکەوتنەکان، لە سەر بنەمای دیالۆگ و یەکتر قبوڵکردن و رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام و پێکەوەژیان دروستبووە. لێرەوە پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا ئەم پێشکەوتنە بە هێزێکی نەرم یان رەق دەکرێت؟ زۆرجار لە پەندە کوردییەکان بەر گوێمان کەوتووە، کە دەڵێت: (مار بە قسەی خۆش، لە کون دێتەدەرەوە). ئەمە خۆی لە خۆیدا، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هێزی نەرم، دەسەڵات و توانای گۆڕانکارییەکانی هەیە، راستە هەرچەندە هێزی نەرم کارکردنێکی هێواشە، بەڵام ئەنجام و کاریگەرییەکی بەردەوامە، کەواتە ئێمەی کورد با چەکەکانمان بۆ یەکگرتن ببێت، با بە قەڵەمێک و دوور لە عەقڵی ڕەق و زەبر و زەنگ کار بکەین.


ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە سەر گرنگی هێزی نەرم، دەبینین کاتێک باراک ئۆباما دەسەڵاتی ئەمریکای وەرگرت/ ٢٠٠٨، جۆزێف نای Joseph Nhe دانەری "هێزی نەرم Soft Power"، پێشنیازی بۆ ئۆباما کرد، کە گۆڕینی سیاسەت لە رێگای ستراتیژیی هێزی نەرم بکات. هەروەها چۆن پاڵپشتی شۆڕشی رەنگاوڕەنگ و نەرمیش بکات. دیارە هێزی نەرم Soft Power، بە رێگای شۆڕش و زانیاریی و تەکنیک گەیاندنی/ سمبوڵ، دەبێتە ئەلتەرناتیڤی هێزی رەق Hard Power. 


هەروەها هزرمەندی سیاسی CIA گینی شارپ ــ Gene Sharp، دانەری هزری شۆڕشی رەنگاوڕەنگ و خاوەنی پەرتووکی "لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دیموکراتییەت/ ١٩٩٣"، دەڵێت: کارتێکردنی هێزی نەرم، لە سەر بزووتنەوە و سەرهەڵدانی میللەتان، زۆر بەرچاو و دیارە.


ئەمڕۆ هێرشی گلۆباڵیزم، جیهانی رادەستی سێ چەک کردووە (هێزی رەق Hard Power، هێزی نەرم Soft Power و هێزی زیرەک Smart power) دیارە زۆر جۆری هێزی نەرمیش هەیە، چونکە بە گوێرەی سیستمی سروشتی "ئاو، با و بۆشایی"، هێزێکی نەرمن، بەڵام بە بەردەوام بوونیان کارتێکردنێکی گەورەیان هەیە. دەبێت ئەوەش بڵێین، کە هەر سەردەمێک تێگەیشتن و چەکی خۆی بۆ خەبات و بەرگری هەیە. بۆ نموونە، فۆرمێ سەرهەڵدان و شۆڕشی بەهاری عەرەبی، چەکی هێزی نەرم، زیاتر بە سەر چەکی رەقدا زاڵبوو.


ڕاستە کورد بە تفەنگ بەرگری لە خۆی کردووە، بەڵام تا ئێستاش نەمانتوانیوە بە هێزی نەرم خەبات بکەین. ئێمە نەمانتوانیوە هاوتەریب لەگەڵ دەنگی تفەنگ، دەنگی عەقڵی خۆمان بەرز بکەینەوە، لەبەرئەوە ئەوەی، کە ئەمڕۆ لە کوردستان و ناوچەکەدا ڕوودەدات، دەرئەنجامی گرفتی هزریی و عەقڵێکە، کە هێشتا لە واقیعی هێزیی ڕەق و دەمارگیربوون دەرباز نەبوونە.


گرنگیی چەکی نەرم لەوەدایە، کە ئەم چەکە لە سەدەی بیست و یەکدا، رۆڵی گیڤارا دەبینێت، ئەمەش بە "تەکنۆلۆژیای سیاسی" ناودەبرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەمڕۆ هێزی نەرم، وەک "ئیکۆنێکی ــ Ikone ستراتیژی" دەناسرێت. بە کورتی، جیهانی ئەمڕۆ یان ئەوەی ئێمە دەیبینین، خۆی لە سێ خاڵدا کۆدەکرێتەوە:
١- حکومەتی کراوە
٢- بازاڕی کراوە
٣- کۆمەڵگەی کراوە (١)


لێرەدا دەپرسین، ئایا لە کۆمەڵگەی کوردییدا، تا چەند توانیومانە سوود لەم عەقڵە نەرمە وەربگرین و بیکەینە هێزێکی دیالۆگی یەکتر قبووڵکردن؟ بەراستی، یەک لە کێشەکانی ئێستای ئێمەی کورد، نەبوونی پلان و نەخشەی ئاشتی کۆمەڵایەتییە. دیارە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە هێزی نەرمە، چونکە دەتوانێت بە رێگای دیالۆگ و یەکتر قبووڵکردن رێگا خۆشبکات. 


راستە مێژووی کۆمەڵگەی کوردی، سەرەتایەکی باش نەبووە، کە چۆن داگیر و ئەنفال کراوین، بەڵام خۆدەکرێت بە هێزی نەرم و دیالۆگ هەندێک لە داهاتوومان بگۆڕین. دیارە ئەمەش دەکرێت هەموو هێزە رەقەکان بگۆڕینەوە بۆ هێزی نەرم، بۆئەوەی بۆ داهاتوویەکی ئارامتر بچین. وەک چۆن لە ئەمڕۆدا «خەباتی خەڵک/ هێزی نەرم»، جێگەی «خەباتی چەکداریی/ هێزی رەق»ی جارانی گرتووە. کەواتە وەرن با ئێمەش دەنگی خۆمان بخەینە پاڵ دەنگی هزرمەندی ناوداری ئەمریکی فۆکۆیاما، کە لە ساڵی ٢٠١٠ پێشنیازی "رێفۆرم و دیموکراتی"، لە جیاتی "پڕۆسەی چەکی رەق" کردبوو. بەم تێگەیشتنە و لە ئەنجامدا، دەتوانین کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دروست بکەین.


دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین، پەیدابوونی هەر دیاردەیەک و رێباز و چەمکێک لە ناو کۆمەڵگەدا، ئەگەر بە پاشخانێکی هزریی و مەعریفی نەبێت، ئەوە نەک بە باشی سوودی لێوەرناگرین، بەڵکو زۆرجار دەبێتە هۆی گەیاندنی زیان بە خەڵک. بۆ نموونە ئەگەر ئەمڕۆ سەیری کەناڵەکانی تەکنۆلۆژیا بکەین، کە راستە وەک هێزی نەرم ناودەبرێت. بەڵام زۆرجار بەشێوەیەکی زیانبەخش، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، وەک ناوزڕاندن و ناشیرینکردنی یەکتریی و دروستکردنی فەیسبووکی ساختە و تیکتۆک. راستە ئەمانە ئەمڕۆ زۆر باویانە، بەڵام زۆرترین قسە و دیالۆگ لەم کەناڵانە دەکرێت، کە زیانبەخشە بۆ کەلتور و داب و نەریتی ئێمەی کورد.


دیارە پەیدابوونی هەر دیاردە و مۆدێلێک، وەک چەکێکی دوو سەرە وایە، ئەگەر بە هۆشیاری مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، لایەنی نەرێنی لە لایەنی ئەرێنی زیاتر دەبێت. راستە ئێمە باسی هێزی نەرم دەکەین، کە چۆن بەکاریبهێنین، دەبێت بە شێوازێک بەکاریبهێنین، هەموو هێز و هۆشی خۆمان بخەینەگەر لەگەڵی، هەروەک چۆن وڵاتانی ناحەز یان داگیرکەران، کە بە رێگای فیلم و دراما کار لە تێکدانی کەسان و مێژووی ئێمە دەکەن.


لە کۆتایی و لێرەدا پێشنیاز دەکەم، کە ناوەندێکی چاودێریی و بەرگرییکردن، لەم بوارەدا دابمەزرێت، بە مەبەستی بەرگرییکردن لە هەموو جۆرە داگیرکردنێک، کە بە ڕێگای هێزی نەرم، بەسەر کۆمەڵگەی ئێمەدا دەکرێت.

 

سەرچاوە:
١-حسن محمد الزین ـــ الربیع العربی/ ا‌خر عملیات الشرق الاوسط الکبیر ـــ دار القلم الجدید ص ١، بیروت ــ لبنان، ٢٠١٣ ص١٥٢.