"ئاشتی ڕاستەقینە لە ناو کۆمەڵگەکانەوە سەرهەڵدەدات کاتێک ژنان هەڵدەستن"
ئیلاهی سەدر، چالاکوان جەختی لەوە کردەوە کە ئەو نامانەی ژنان لە وڵاتانی جۆربەجۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئیمرالی دەنێرن، ئیلهامبەخشی ژنان لە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرجەستە دەکەن کە دیدێکی ڕزگارکەر بەرجەستە دەکات.
شەهلا محەمەدی
ناوەندی هەواڵ- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین ساڵە شەڕ و نائارامی بەخۆیەوە دەبینێت، لەم چوارچێوەیەدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستپێشخەری ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی پێشکەش کرد کە وەک پردێک بەرەو کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا سەیر دەکرێت، هەرچەندە ئەم دەستپێشخەریە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام مەودای کارکردنی فراوانتر بووە بۆ ئەوەی ئاسۆی فراوانتر لەخۆبگرێت کە دەتوانێت جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ ململانێ بەردەوامەکان پێکبهێنێت.
ئەم دەستپێشخەریە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ژنانەوە پێشوازی لێکراوە، زۆرێک لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نامەیان بۆ زیندانی ئیمراڵی ناردوە، داوای ئاشتییەک دەکەن کە لە ئیرادەی گەلەوە سەرچاوەی گرتوە، نەک ئاشتییەک کە لەلایەن دەسەڵاتە هەژمون و ئیمپریالیستەکانەوە بسەپێندرێت، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەهەندەکانی ئەم دەستپێشخەریە و کاریگەریە ئەگەریەکانی لەسەر ئایندەی ناوچەکە، ئاژانسەکەمان لەم چاوپێکەوتنەی خوارەوەدا لەگەڵ ئیلاهی سەدر، چالاکوانی مافی ژنان قسەی کرد.
لە ڕۆشنایی ئەو ململانێ چەکداریانەی کە لە ساڵانی ڕابردودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوەتەوە، چۆن کاریگەری ئەو شەڕانە لەسەر بارودۆخی ژنان لە ناوچەکەدا دەبینن؟ گرنگترین گۆڕانکاریەکانی ژیانیان چین، چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و چ لە ڕووی ئابووریەوە؟
لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەدەست جۆرەها توندوتیژی جەستەی، سێکسی، یان دەروونیەوە دەناڵێنن، بەشێکی زۆریان لە گوند و شارۆچکە و ناوچە پەراوێزخراوە دوورەکان دەژین، لەوێ لە سەرەتاییترین مافەکانیان بۆ چاودێری تەندروستی و پشتیوانی یاسای بێبەشن، هەژاری ئازارەکانیان زیاتر دەکات و زیاتر بەرەوڕووی توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە و ڕێگرییان لێدەکات لە دەستگەیشتن بە دادپەروەری، هەروەها کلتوورێکی پیاوسالاری دەرفەتی پەروەردەی و سەربەخۆیان سنووردار دەکات و لاوازییان زیاد دەکات، زۆرێک لە ژنان، بە تایبەت سەرۆکی ماڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان، ناچارن بەرگەی کارێکی قورس بگرن بازرگانی "کولباری" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نمونەیەکی توندی ئەم ڕاستیە سەختەیە، چونکە ژنان ناچارن لە هەلومەرجێکی مەترسیداردا بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان سنوورەکان ببڕن.
هەموو قەیرانێکی ئابووری یان ژینگەی، شەڕ و ململانێی لێدەکەوێتەوە کە زلهێزەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەڵیانگرن، لەم شەڕانەدا ژنان و منداڵان و گروپە لاوازەکان زۆرترین زیانیان پێدەگات، شەڕ دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان و برسێتی و توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی و هاوسەرگیری زۆرەملێ و هاوسەرگیری منداڵ، بێ هیوای بەها ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگە لەناو دەبات و سێکسیزم لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا تێکەڵ دەبێت و بەرخۆدانی ژنان دەکاتە ئامانجێکی ڕاستەوخۆ، بە ناوی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە هێرش دەکرێتە سەر ژنان و دەنگیان لەو سیستەمەدا سەرکوت دەکرێت کە باڵادەستی پیاوان بەردەوام دەکات، کاتێک شەڕ کۆتای هات، شەپۆلی کۆچی زۆرەملێ دەست پێدەکات، ژنان ناچار دەبن لە بارودۆخێکی سەختدا هەڵبێن و لە ڕێگا یان لەناو کامپەکاندا ڕوبەڕوی دوو هێندە ئازار ببنەوە، ئەمڕۆ ژمارەی پەنابەران لە سەرانسەری جیهاندا ١٠٠ ملیۆنی تێپەڕاندوە، کە بەشێکی زۆریان لە پەراوێزی سنوورەکاندا لە چادرێکدا دەژین کە توانای بەرگەگرتنی گەرمای هاوین و سەرمای زستانیان نییە، هەروەها لە بارودۆخێکدا کە سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیانی مرۆڤیان نیە.
بەشداری ژنان لە داڕشتنی وتاری ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ وە ئەم بەشداریە چۆن ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕێگاکانی دانوستاندن و یەکلایکردنەوەی سیاسی لە هەرێمدایە؟
ژنان ڕاستەوخۆ بەدەست توندوتیژی دەوڵەتیەوە دەناڵێنن و لە ئەزمونەوە فێربوون کە یاسا و سیستەمی دادوەری نایانپارێزێت، بەڵکو بەشداری لە بەرهەمهێنانی ئەم توندوتیژیە دەکەن، چ ڕاستەوخۆ بێت یان لە ڕێگەی هاوبەشی و بێدەنگیەوە، کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی لەگەڵ بێ بایەخ کردنی توندوتیژی خێزانی و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان، بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دەوڵەتی نەتەوەی پیاوسالاری دادپەروەری لەگەڵ ژنان ناکات و نە دەیپارێزێت، ئەم ڕاستی بەڵگەی نمونەی وەک شەریفە محەمەدی، پەخشان عەزیزی، و وریشە مورادی، کە تەنها بەهۆی چالاکیە مەدەنیەکانیانەوە زیندانی دەکرێن و هەڕەشەی لەسێدارەدانیان لێدەکرێت، ئەم توندوتیژیە ژنان زیاتر لاواز دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان هەرگیز بێدەنگ نەبوون، ئەوان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و دەنگیان بەرزکردوەتەوە و بە قوڵی لە پەیوەندی پێکهاتەی نێوان توندوتیژی سیستماتیکی و شەڕ و دەوڵەتی نەتەوەی تێگەیشتون.
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوەوە بزووتنەوە جیهانی و ناوچەیەکانی ژنان سەریان هەڵداوە، لە کۆنگرەی پەکین تا بزووتنەوەی "منیش" لە ئەمریکا، ناڕەزایەتی ژنان لە شیلی و ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی لە ئێران، کە دوای کوشتنی جینا ئەمینی، ژنی گەنجی کورد لە لایەن هێزە ئاسایشیەکانەوە سەریهەڵدا بەهۆی ئەوەی وتبویان پابەند نەبووە بە یاساکانی باڵاپۆشی لە ساڵی ٢٠٢٢، ئەمانەش هەموویان نمونەی بەرخۆدانی ژنان.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چەمکی "میکانیزمەکانی بەرگریکردن لە خود" وەک بنەمایەکی سروشتی لە سروشت و مرۆڤایەتیدا دەخاتە ڕوو، ئەو لە ڕێگەی ناساندنی وەک گوڵ ئەمە بەرجەستە دەکات، بەو پێیەی جوانی گوڵەکە لە دڕکەکانی جیا ناکرێتەوە، کە نوێنەرایەتی توانای پاراستن و بەرگریکردنەکەی دەکەن، کۆمەڵگەیەک کە بەرگری لە خۆی بکات بەبێ پەنابردن بۆ دەستدرێژی، کۆمەڵگەیەکە توانای ژیان بە شکۆمەندی هەیە، لە جەرگەی ئەم تێڕوانینەدا ژنە کە بە یەکەم قوربانی سیستەمی پیاوسالاری دادەنرێت، کە لە مافی پاراستن و بڕیاردانی بێبەش کردوە، کەواتە بەهێزکردنی ژنان بە میکانیزمی بەرگری لەخۆکردن بژاردە نیە، بەڵکو پێویستیەکی وجودیە، لێرەدا بەرگری بە واتای توندوتیژی نیە، بەڵکو هۆشیاری، رێکخستن، و توانای بەرەنگاربوونەوەی پەراوێزخستن.
بەڵام ئاشتی ڕاستەقینە نە لە سەرەوە دەبەخشرێت و نە لە ژوورە داخراوەکانی زلهێزە جیهانییەکان داڕێژراوە، بەڵکو لە ناو کۆمەڵگەکانەوە سەرهەڵدەدات، کاتێک ژنان بە هۆشیاری و ئیرادەی خۆیانەوە هەڵدەستن، پەیوەندی نێوان دەسەڵات و دادپەروەری لە قاڵب دەدەنەوە، هەروەها گۆڕینی فەرهەنگ و دروستکردنی خێگرەوەی کۆمەڵایەتی، ژنان دەبێ خۆیان بەم میکانیزمە بەرگریە پڕچەک بکەن، نمونە هاوچەرخەکانی وەک شۆڕشی ڕۆژئاوا و بەرخۆدانی کۆبانێ و ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی نیشان دەدەن کە ئەم توانایە لە تاک تێپەڕیوە و بووەتە تێکۆشانێکی دەستەکۆمەڵی.
ئەو پەیامانەی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئیمرالی دەنێرن، کە باس لە پرسەکانی وەک دەربەدەری، چەوساندنەوەی ژنان و هەڵاواردنی ڕەگەزی دەکەن، چۆن هەڵیدەسەنگێنن؟ ئەگەر ئەمڕۆ ژنێکی ئێرانی پەیامێک بنووسێت، چ پرسێک له پێشەنگی دادەنێت؟
ئێستا هاوڵاتیان شاهیدی ئەوەن کە مۆدێلی گۆڕانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چۆن ئیلهامبەخشە و دەبێتە ڕاستی لەبەردەم چاویاندا، لە ڕاستیدا ئەو نامانەی ئەمڕۆ نووسراون، ستایشی ئەم مۆدێلە لە تێکۆشان دەکەن، مۆدێلێک کە لە دەوری ژنان ناوەند کراوە و لەسەر بنەمای دیدگای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزراوە، هەر ئەم دیدگایە وتی: تا ژن ئازاد نەکرێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت، بێگومان پێشتر لە ئەدەبیاتی ڕێکخراوە چەپەکاندا ئەم دەستەواژەیەمان بیستووە، بەڵام جیاوازی ناوەڕۆکی لێرەدا ئەوەیە کە ئەم ڕێکخراوانە سەرەڕای دروشمی یەکسانییان، پێداگرییان لەسەر مۆدێلی "دەوڵەت-نەتەوە" کردوە، تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە بە "دەوڵەتی کرێکاری نیشتمانی" ناویان بردوە، پێیان وابوو بە دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری، هەموو جۆرەکانی نایەکسانی و هەڵاواردن نامێنن، بەڵام ئەزمونی مێژوی سەلماندویەتی کە ئەم بەڵێنە هەرگیز جێبەجێ نەبووە.
ئەمڕۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم گۆڕانکارییانە لە بەشێکی جیهاندا دەبینن کە لە دەوروبەری ژندا ناوەندکراوە، کە نەک تەنها یەکسانی ڕەگەزی بەدیهاتوە، بەڵکو پێکەوەژیانی ئاشتیانەش ڕووی داوە، کە هاوڵاتیانی کلتوور و زمان و نەریتی جیاواز بە ئاشتی و ڕێزەوە پێکەوە دەژین، ئەم ڕاستیە ئیلهامبەخش بووە بۆ ژنان لە زۆر شوێنی دیکەی جیهان و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ژنانی وڵاتانی وەک میسر و غەززە و یەمەن نامەیان بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نووسیوە و ستایشی هەموو تیۆرییەکانییان کردوە.
ئەم ڕێبازە نەک هەر لە ڕووی تیۆریەوە خۆی سەلماند، بەڵکو لە ڕووی پراکتیکیشەوە لە کۆمەڵگەشدا خۆی سەلماند، سەرنجی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر گۆڕینی هەڵوێستی پیاوان بوو، چەندین جار باسی لەوە دەکرد، کە پیاوان پێویستیان بە گۆڕینی عەقڵیەتی خۆیانە، چونکە بە بۆچوونە پیاوسالارییەکان هەرگیز ناتوانن ببێتە هۆی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئارام.
ئەمڕۆ دەبینین ئەم هەڵوێستە لە ڕێگەی تێکۆشانی ژنانی کوردەوە دەبێتە مۆدێلێکی جیهانی، ژنانی کورد نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا بوونەتە مایەی ئیلهام و ژنانیش لە هەموو کاتێک زیاتر پەیڕەوی لەم نمونەیە دەکەن، مۆدێلێکە کە مژدەی هیوایەکی گەورە بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات.