شەیما جاف: لای من پرسی نیشتمانی وەک منداڵێکە و بوونی ژن لە هەر پیشەیەکدا واتە بوونی ژیان

ڕۆژنامەنووس شەیما جاف دەڵێت: لە سەردەمی هێرشی داعشدا بە بڕیاری خۆم چوومە بەرەی پێشەوەی جەنگ لە خازر، هەروەها پەیامێک ئاراستەی ژنانی گەنج دەکات کە بڕوایان بە تواناکانی خۆیان هەبێت و وشەی نەخێر زۆر زیاتر بەکاربهێنن لە پێناو سەرکەوتنیاندا

هێڤی سەڵاح

سلێمانی_ لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا ناوچەکە ڕووبەڕووی یەکێک لە تاریکترین خولەکەکانی مێژووی خۆی بووەوە کاتێک گرووپی تیرۆریستی داعش بە خێراییەکی بێوێنە شاری موسڵی داگیرکرد و دواتریش پەلاماری شەنگالی دا و کارەساتێکی مرۆیی گەورەی خولقاند ئەم داگیرکارییە تەنها ڕووخانی شارەکان نەبوو بەڵکو مەترسییەکی مەزن و ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەر تەواوی ئەزموون و ئاسایشی باشووری کوردستان لەو کەشوهەوا پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێیەدا کە کەمتر کەس دەیوێرا نزیكی هێڵەکانی شەڕ ببێتەوە شەیما جاف سنوورەکانی ترسی بەزاند

 

وەک یەکەم ژنە ڕۆژنامەنووسی باشوور شەیما خۆی گەیاندە ناو جەرگەی دۆزەخی جەنگ و لە هێڵی پێشەوەی سەنگەرەکاندا مایکەکەی کردە قەڵغانێک بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان ئازاری ئاوارەکان و ئازایەتییەکانی بەرگری بوونی ئەو لە ناو کورەی ئاگردا تەنها ڕوومالکردن نەبوو بەڵکو تۆمارکردنی مێژوو بوو لە ساتی مەترسیدارترین هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی و خاکی کوردستان

 

لەگەڵ هاتنی داعش کاری پەیامنێری چۆن بوو بەتایبەت بۆ ژنان ؟

شەیما جاف ڕۆژنامەنووس وتی : ئەو سەردەمە بۆ منی ڕۆژنامەنوسی ژن زۆر جیاواز بوو هاتینی داعش و مەترسییەکانی بۆ سەر باشوور و بەدەر لەوە کۆمەلێک هۆکاری دیکەش هەبوو کە کاریگەری دەکردە سەر کارەکانمان ١٢ ساڵ پیش ئێستا کە داعش لە سوریاوە ئاراستەی گۆڕی و موسڵی داگیرکرد هەست بە مەترسییەکان دەکرا ئەوکاتە باشوور وا مەزاندەی دەکرد کە مەترسییەکە عێراق و باشووری کوردستان ناگرێتەوە و چەندین بەیاننامە بڵاوکرایەوە بەلام بەداخەوە رووداوەکان وا نەبوو چەندین لێکەوتەی دژواری لیکەوتەوە و کە شارۆچکەی شنگال دوای موسڵ داگیرکرا و چەندین ئاوارە بوون و کۆمەڵکوژی لیکەوتەوە من ئەو کاتە پەیامنێری NRT بووم بە داخەوە کە داعش نزیک بۆوە لە گوندەکانی کە مەسیحییەکان و کاکەیەکانی لێبوو زۆر لەپردا داعش تەشەنەیکرد و هێرشەکانی دەستپێکرد هیچ میدیا و میدیاکارێکی کوردی ئەو کاتە ئامادەی جەنگ نەبوو ناتوانم بڵێم باشترین روماڵمان کردووە چونکە هیچ کاممان دەورە و خولی تایبەت بە جەنگمان نەدیووە ئەو کاتە کە من پەیامنێر بووم و بریارم دا بڕۆمە ریزی پیشەوەی بەرەکانی جەنگ هەندێک لە بەرپرسانم لە کەناڵ رازی بوون و هەندێکی دیکەیان رازی نەبوون بە چەندین هۆکاری جیاواز هەندێکیان دەترسان و هەندێکی دیکەیان بروایان بە توانا و ورەی ژنان نەبوو بەڵام من کۆڵم نەدا و لە نزیکەوە روماڵی میحوەری پێشەوەی جەنگم دەکرد و لەو سەردەمەدا تاکە پەیامنێری ژن بووم کە لە بواری سیاسەت و هەواڵدا کارم دەکرد و چەندین پەیامنێری دیکەی ژن هەبوون بەلام لە بواری کۆمەڵایەتی و هونەریدا کاریان دەکرد پرسی نیشتیمانی وەک منداڵێک وایە و لە ناخمدا بەردەوام گەشە دەکات ئەمەش هۆکارێکی دیکە بوو کە سوور بم لەسەر بریارەکەم و برۆم لە خانەوادەکەمدا سەرەتا دایکم زۆر دەترسا بەو پێەی کەسی دیکە هەیە لە خانەوادەکەم کە لە رێگای نیشتیمان شەهید بووە بەلام کە دەڕۆشتم و دەهاتمەوە زۆر شانازی پیوە دەکردم و لە هەموو شوێنێک دەیوت ئەوە کچی منە

 

لە سەر بەرپرسیارێتی خۆم و بێ ئاگاداری کەناڵ ڕۆشتم بۆ میحوەری خازر

دوای سێ رۆژ لە پرۆسەی شنگال ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لە نیو خەڵکدا بڵاو بوویەوە و دەنگۆ بڵاو دەکرایەوە کە شاری هەولێر چۆڵ بووە من شەوەکەی چوومە بەردەم قەڵا و لەگەڵ پارێزگاری ئەو کاتەی هەولێر راستەوخۆ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان قسەیان بۆ کردین و ورەی خەڵکی دیکە و پێشمەرگەشیان بەرز دەکردەوە بۆ بەیانیەکەی بە هەمان شێوە پێویستمان بە راستەوخۆی ناوبازار هەبوو کە ژیانی ئاسایی هاولاتیان بگوازینەوە دوای تەواو بوونی راستەوخۆکە بە هاوکارانم وت کە لەسەر بەرپرسیارێتی من با برۆین بۆ میحوەری خازر بە بێ ئاگاداری کەناڵ بەلام ئەوانیش ڕازی بوون و لەسەر بەرپرسیارێتی خۆمان ڕۆشتین کاتێک کەناڵم ئاگادار کرد کە گەشتینە ئەوێ و فەرماندەکان و پیشمەرگەکانم دواند و توانیم ببمە دەنگ و ڕەنگیان دوای ئەوەی کە هاتینەوە پێشوازییەکی زۆر گەرم و باشیان لێکردن لە ناو خەڵکدا بەڵام بە داخەوە ئەوەی من لە خازر بینیم هەتا مردن بیرم ناچێت کە پیشمەرگە لە ناو چ باردۆخێکدا بوون و دوای ئەوە لە کەناڵ پرۆمۆیەکیان تایبەت بۆ دروستکردم ئێمە تەنها دوو کاتژمێر لەوێ بووین و لە رێگەی فەرماندەکەوە ئاگادارکراینەوە کە ئەوێ چۆڵ بکەین چونکە هێرش دەکرێت و کە ئێمە لە رێگەی گەرانەوەدا بووین هێرش کرایە سەریان و چەندین شەهید و برینداری لێکەوتەوە

 

پەیامنێرانی پاریزگای هەولێر تەنها لە دوورەوە دەمانتوانی چاودێری باردۆخەکە بکەین و پەیامنێرانی نووسینگەی دهۆکمان ئەو کارانەیان دەکرد و پەیامنێرانی دیکەی هەولێر لە رێگەی پەیوەندی تایبەتەوە دەگەشتنە شنگال ئێمە تەنها دەچووینە پێشوازی ئەو ئاوارانەی کە دەهاتنە هەولێر کە سەیری وێنەکان دەکەمەوە هەموو مندالەکان پێدەکەنن گەشن جلی ئاڵ و والایان لە بەردایە و دەموت کورد چەن حەزی لە ژیانە و هەمیشە دەیانەوێت لە ناوی بەرن و داگیری بکەن کە هیچ کاتێک ئەو خەونە نایەتە دی بابەتێکی دیکە هەیە کە ئەو کاتە لە نێو شنگالدا ژنێکی دیکەی پەیامنێر هەیە کە پەیامنێری روناهی تیڤیە و نامەوێت من مافی هیچ کەسێک بخۆم لە ناو شنگالدا ئەو یەکەم پەیامنێر بووە من لە باشووری کوردستان یەکەم پەیامنێری ژن بووم کە چوومە ریزی پێشەوەی شەر

 

فەرماندەکە وتی پێدەچێت مردنت هەڵبژاردبێت

شەیما جاف لە درێژەی قسەکانیدا وتی هیچ کەس ناتوانێ مێژووی کەسێک بۆ کەسێکی دیکە بەرێت یاخود بیشێوێنێت و دوای ١٢ ساڵ تەنها بۆ بەدەستهێنانی لایک و ڤیو کەسێکی دیکە بکەنە خاوەنی ئەو نازناوە ئەوە بێگومان رێگەیان پێنادرێت و ئەو دامەزراوەیە خۆی شەرمی کردووە کە ئەو پۆستە کراوە و دەبوایە ئەو ژنە بە هیچ جۆرێک قبوڵی نەکات کە ئەو جۆرە پۆستانە بکرێت و چونکە بەڕای من ئەوە جۆرێکە لە شکاندنی کەرامەت و سوکایەتی دەزانین کە ئەم بابەتە بابەتێکی نیشتیمانییە و لە ناو میدیانە هێندە کەسانێک هەن هەوڵی شکاندن دەدەن کەسانی دڵسۆز کەمە بۆیە زۆر کەس هەن کە نایانەوێت و حەز ناکەن ئەو مێژووە بۆ من بێت من ئەو کاتە پەیوەندی بەردەوامم هەبوو لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و جارێک یەکێک لە فەرماندەکان پێیان وتم پێدەچێت تۆ مردن هەڵبژاردبێت ئەو ڕۆژەی وەزیری بەرگری دەرەوەی بەریتانیا هات و گفتوگۆی ئەوە کرا کە ئایا پیشمەرگە بەشداری شەر دەکات یاخود نا من توانیم وەک یەکەم پەیامنێر ئەنجامی گفتوگۆکە رابگەیەنم کە پێشمەرگە بەشداری شەر دەکات و لە حەوتی بەیانی تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام ڕوماڵم کرد

 

هەر پیشەیەک ژنی تێدا بوو لەو شوێنە ژیان هەیە

ئێستا ژنان خۆشبەختانە لە هەموو بوارەکاندا شوێندەستیان دیارە و من هەمیشە دروشمێکم هەیە و دەڵێم کە هەر پیشەیەک ژنی تێدا بوو لەو شوێنە ژیان هەیە پێم وایە دروشمی ژن ژیان ئازادی لەگەڵ بوونی هەموو کەموکوڕییەک پێشەنگی ژنان دەکات لە هەموو جیهاندا بابەتێکی لابەلا زۆر هەیە و لە هەندێک دەزگا بە داخەوە ژنان وەک کاڵا بەکاردەهێنن بۆ لایک و ڤیو و چەواشەکاری زۆر هەیە بەلام بە دیوە گشتیەکەی باسی دەکەین کە چەندین ژنمان هەیە بە ماف و توانای خۆیان پەیامنێرن هەواڵسازن و سەرنووسەرن بیرمان نەچێت پیاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبوڵی ناکات ژنان لە جێی ئەوان کاربکەن و بیر بکەنەوە بەداخەوە کاتێک من بەرپرسیارێتیم هەبووە هێندە پەیامنێرە کوڕەکان هاوکار بوون ژنەکان هاوکارم نەبوون لە کاتێکدا من لە هەموو هەنگاوێکیاندا هاوکار بووم و بەردەوام هاوکاری ژنان دەبم لە هەرکوێیەک بن من وەک شەیما بە ژنە گەنجەکان دەڵێم کە دێنە ناو میدیا و دەیانەوێت بوێر بن پێیان دەڵێم کە بوێر بن چاو نەترس بن وشەی نا و نەخێر زۆر زیاتر بێت لە بەڵێ بەسەرچاو لە پێناو پێشکەوتن و سەرکەوتنی خۆیاندا.