بزووتنەوەی ژنان و نەخشەی داهاتووی ئێران بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"
سەوسەن رەخش پێیوایە کە فەلسەفەی ”ژن، ژیان، ئازادی” مانیفێستێکە بۆ گۆڕانکاری، پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی دوور لە توندوتیژی، دەتوانێت جێپەنجەی داهاتووی ئێران دیاری بکات و بەرەو گۆڕانکارییەکی مەدەنی ببات.
شەهلا محەمەدی
ناوەندی هەواڵ- لە سایەی پێکهاتە تازەکان و پەرەسەندنی گرژییەکان لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ناوچەکە دووبارە ڕووبەڕووی دۆخێکی ناسەقامگیر و نیگەرانیی ئەمنیی پەرەسەندوو دەبێتەوە.
دوای لووتکەی پەیمانی رۆژئاوا (ناتۆ)، پێشبینی دەکرا زەمینە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پەرەپێدانی ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکان خۆش بێت، هەروەها هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە، لەوانە پاکستان و چەند وڵاتێکی عەرەبی، هەوڵی نامۆییان بۆ نێوەندگیری و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە دا، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوام بوون، لەگەڵ زیاتربوونی لاوازی لە فراوانبوونی مەودای قەیرانەکە.
کاریگەریی ئەم پێکهاتانە تەنها بۆ سەر ئێران سنووردار نین، بەڵکو درێژ دەبنەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکانی وەک کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەوسەن رەخش، شیکاری سیاسی و مافەکانی مرۆڤ و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران ئەنجام داوە.
لە ڕۆشنایی ئەم پێکهاتانەدا، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن؟ و چ کاریگەرییەکی چاوەڕوانکراو بۆ ئەم گرژییانە لەسەر وڵاتانی ناوچەکە دەبینن؟
دۆخی ناوچەکە زۆر ئاڵۆزە، پێموایە دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت ئەوروپییەکان، بەرەو لووتکەی ناتۆ بەڕێکەوت بۆ زیادکردنی فشار لەسەر ئێران، بەڵام ئەنجامەکانی لوتکەکە بۆ ئەو دڵخۆشکەر نەبوون، لە بەرامبەردا، ئەوروپا ڕێڕەوێکی جیاوازی هەڵبژارد، کە لە زیادکردنی بودجەی بەرگریی و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی سەربازی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینییەوە، ئەمەش زیاتر بێزاریی ترەمپی لێ کەوتەوە و هانیدا کە سیاسەتەکەی بە شێوازێکی سەربەخۆتر پەیڕەو بکات.
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، لە ڕوانگەی ترەمپەوە، شەڕێکی درێژخایەن نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ناچارکردنی کۆماری ئیسلامی بە قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.
کۆماری ئیسلامی هەوڵیدا کات بکوژێت بە بەکارهێنانی کارتە فشارەکان وەکو پێگەی ستراتیژیی گەرووی هورمز و درێژکردنەوەی مەودای دانوستانەکان، لە کاتێکدا هەندێک لە باڵە ناوخۆییەکان سوود لە بەردەوامیی گرژییەکان وەردەگرن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری.
بەڵام ئەم "شەڕە سنووردارە" تەنها لە ڕوانگەی ترەمپەوە سنووردارە، بۆ خەڵکی ئێران کە ڕووبەڕووی هێرشەکان دەبنەوە، ئەوا کارەساتێکی مرۆیی دەگەیەنێت.
سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا هەڵنەستاوە بە داخستنی گەرووی هورمز، بەڵام هەنگاوی وەکو هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە ناوچەکەدا ئەنجام داوە، کە ئەمەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئاسایشی هاتوچۆی دەریاوانی، سەقامگیریی بازاڕەکانی ووزە و ئابووریی جیهانی زیاتر کرد.
بە گشتی، زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە، هەروەها زۆرینەی ئەندامانی پەیمانی ناتۆ جیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئارەزووی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی مەودای شەڕەکە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ بەردەوام دەبێت لە فشاری سەربازی تا ئەو کاتەی دیار دەبێت ئایا کۆماری ئیسلامی ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ مێزی دانوستان و قبووڵکردنی مەرجەکانی واشنتۆن.
هەروەها ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا ئاڵۆزیی دۆخەکە زیاتر دەکەن، پێشبینیکردنی ڕێڕەوی پێکهاتەکان سەختترە دەکەن.
هەندێک لە شیکارییەکان ئاماژە بە بوونی جیاوازی لە ناو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا دەکەن، هاوکات لەگەڵ تۆمەتبارکردنی باڵە توندڕەوەکان بەوەی کە ڕێگری لە ڕێڕەوی دانوستانەکان دەکەن، تا چ ڕادەیەک پێتان وایە ئەم دابەشبووانە ڕاستەقینە و کاریگەرن لە پرۆسەی بڕیارداندا؟ چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ڕۆڵی سوپای پاسداران لە داڕشتنی ئاراستەکانی سیاسەتی ئێران لەم قۆناغەدا دەکەن؟
پێویستە پرسی "تۆڵەسەندنەوە" لە دوو ئاستدا سەیر بکرێت؛ یەکەمیان پەیوەندی بە بنەمای ئایدیۆلۆژی و هێزە لایەنگرەکانی ڕژێمەوە هەیە، کە بەشێکیان هێشتا دەستیان بەوەوە بەستراوە کە دڵسۆزی ڕاستەقینە بۆ سەرکردەی مەزن عەلی خامنەیی نیشان بدەن و پاڵنەرێکی تۆڵەسەندنەوەیان هەبێت.
بەڵام لە ئاستی سەرکردایەتییە باڵاکانی سوپای پاسداران، هەروەها باڵەکان وەکو بەرەی پۆڵایین (جەبهەی پایداری) و نزیکەکانی سەعید جەلیلی، پێموایە پاڵنەری سەرەکی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانەوە هەیە، سوپای پاسداران چەندین ساڵە پشتی بە پشکەکانی لە داهاتی نەوت بەستووە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ دابینکردنی دارایی خۆی، هەروەها ئەویش یەکەیەک نییە کە یەکگرتوو بێت، چونکە بەشێکی نزیکە لە محەمەد باقر قالیباف، لە کاتێکدا بەشێکی تر لایەنگری باڵی سەعید جەلیلی دەکات.
لە سەرەتای دانوستانەکاندا، ئەو باڵە نزیکەی محەمەد باقر قالیباف و حکومەتەکەی مەسعود پزیشکیان کاریگەرترین بوون، بەڵام پێموایە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، باڵی رکابەر توانی بەشێک لە سوپای پاسداران بجووڵێنێت، هەنگاوی وەکو هێرشکردنە سەر تانکەرەکانی نەوتی ئەنجام دا، کە ئەمەش بەشداری کرد لە دووبارە پەرەسەندنی گرژییەکان.
پێموایە باڵی لایەنگری بەردەوامیی شەڕ گەورەترین سوودمەندی سزا و قەیرانە ئابوورییەکانە، بۆیە پاڵ بە بەردەوامیی گرژییەکانەوە دەنێت.
لە چوارچێوەیەدا، ناوی مجتەبا خامنەیی بووەتە ئامرازێک لە ململانێی نێوان باڵەکاندا، چونکە هەموو لایەنێک هەوڵ دەدات هەڵوێستەکانی خۆی بۆ ئەو بگەڕێنێتەوە، کە ئەمەش پرسیار لەسەر ڕۆڵی ڕاستەقینەی ئەو لە بڕیارداندا دروست دەکات.
ئەم ناکۆکییانە دەبێتە هۆی ململانێی مەترسیدار لە ناو ڕژێمدا، کە لە کێبڕکێی دەسەڵات دەست پێدەکات و ڕەنگە بگاتە پێکدادانی ناوخۆیی، هاوکات، ئێران بە دەست فشاری ئابووریی کوشندەوە دەناڵێنن، و لەگەڵ دابەزینی توانای هەناردەکردنی نەوت، نارەزایەتییە سەندیکاییەکان دەستیان بە فراوانبوون کردووەوە.
بزووتنەوە سەندیکایی و مەدەنییەکان پێویستیان بە هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان خۆیاندا هەیە، هەروەها پێویستە ئەو هێزانەی لە دەرەوەی وڵاتن ڕێگە بەم بزووتنەوانە بدەن بە سەربەخۆیی کارەکانیان بەڕێوە ببرەن، چونکە هەر دەوەشاندنەوەیەکی پەلەکراو دەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵات بیانووی پێ بدرێت بۆ توندکردنەوەی سەرکوتکردن لە ناوخۆدا.
لە سایەی ئەم دابەشبووانەدا، کام لە باڵەکان دەسەڵاتی باڵاتریان هەیە؟ هەروەها راپۆرت بڵاو کراونەتەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی قوتابخانەکان، خەوگاکان و شوێنە مەدەنییەکان بۆ مەبەستی سەربازی، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەمە چییە؟ ئایا دەتوانێت دابەشبوونە ئێستاکان ببنە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنەوەی بزووتنەوە مەدەنییەکان یان مەترسیی گەورەتر بۆ سەر کۆمەڵگە هەڵدەگرن؟
بەکارهێنانی شوێنە مەدەنییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ مەبەستی سەربازی دیاردەیەکی تازە نییە، پێشتر شایەتی ڕەفتاری هاوشێوەمان لە ململانێکانی تری ناوچەکەدا بووین.
سەرەڕای ئەوەی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغەی دەکات قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان بەئامانج بگیرێن، بەڵام ئەم شوێنانە چەندین جار لە شەڕەکاندا کەوتوونەتە بەر بۆمباران، و کاتێک بنکە سەربازییەکان دەبەنە ئامانج، هێزەکان زۆرجار پەنا بۆ بەکارهێنانی شوێنی جێگرەوە دەبەن، پاراستنی گیانی هاوڵاتییان هەرگیز لە هیچ کاتێکدا لە لەپێشینەی کۆماری ئیسلامیدا نەبووە، بەڵکو زیانبەرکەوتووی مرۆیی هەندێک جار دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی پڕوپاگەندە کە خزتمەتی دەسەڵات دەکات، بۆیە بەکارهێنانی دامەزراوە مەدەنییەکان بۆ مەبەستی سەربازی دوور نییە.
بەڵام لە ناو ڕژێمدا، دوو باڵی سەرەکی هەن کە بۆ دەسەڵات رکابەری دەکەن، هەریەکەیان هەوڵ دەدەن ناوی مجتبا خامنەیی بەکاربهێنێت بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەیان، دەردەکەوێت کە محەممەد باقر قاليباف نیشانەکان بۆ ئارەزووی چاکسازی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا پیشان دەدات، بەڵام باڵی بەرامبەر بە ئاسانی ئەم گۆڕانکارییە قبووڵ ناکات، ئەوەی زۆرتر نیگەرانی دەکەم ئەوەیە کە ئەم رکابەرییە ببێتە ململانێی ناوخۆیی.
ناتوانرێت بە دڵنیاییەوە بوترێت کام باڵ باڵادەست دەبێت، هەرچەندە دیارە کە باڵی نزیک لە سەعید جەلیلی و بەرەی پایداری پەیوەندیی نزیکتری لەگەڵ هەندێک لە باڵەکانی سوپای پاسداران هەیە، لە کاتێکدا محەمەد باقر قالیباف هێشتا پێگەی خۆی لە بەشێکی تری سوپای پاسداران دەپارێزێت.
لەبەرامبەردا هاوڵاتیان لە هەردوولا بێزارن و لە سەرووی هەمووشیانەوە داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکەن، ناڕەزایەتی سەندیکاکان لەلایەن خانەنشینان و مامۆستایان و کرێکاران و بازرگانانیش سەریهەڵداوەتەوە و پێموایە پێویستە یەکەمایەتی بدرێت بە پاڵپشتیکردنی ئەو بزووتنەوە مەدەنی و سەندیکایانە.
ئەزموون سەلماندوویەتی کە بزووتنەوە مەدەنییەکان نابێت لە دەرەوە بەڕێوە ببرێن، بڕیاردەرە ڕاستەقینەکان ئەوانەن کە تێچووی خەبات لە ناوخۆی وڵاتدا هەڵدەگرن.
هێشتا پێموایە بزووتنەوەی مەدەنی لە ئێران یەکێکە لە رێکخراوترین بزووتنەوەکانی ناوچەکە، ئەگەر سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، دەتوانێت فشارێکی مەدەنی لەسەر دەسەڵات دروست بکات و دەسەڵاتی ئەو باڵانەی داوای شەڕ دەکەن کەم بکاتەوە.
ئاماژەتان بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی و ڕۆڵی بزووتنەوە مەدەنییەکان لە ئێران دا، کەواتە ڕۆڵی ژنان لەمڕۆدا چی دەبێت؟ ئایا بزووتنەوەی ژنان دەتوانێت سەرکردایەتی بکات و بزووتنەوە مەدەنییەکان بەهێز بکات و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی شەڕ کەم بکاتەوە؟
فەلسەفەی ”ژن، ژیان، ئازادی” تەنها دروشم نەبوو، بەڵکو نموونە و نەخشەڕێگا بوو، هەروەک چۆن ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی بۆ وازهێنان لە خەباتی چەکداری لەگەڵ دۆخی ناوچەکەدا کرد، لە ئێرانیشدا دەبێت ئەم نمونەیە بکرێتە بنەما بۆ پەرەپێدانی ستراتیژییەکانی خەباتی مەدەنی.
بزووتنەوەی ژنان رێکخراوترین و پێشەنگترین بزووتنەوە مەدەنییەکانە لە ئێراندا، چەندین جار سەرکەوتوو بووە لە ناچارکردنی دەسەڵات بۆ پاشەکشە، باسكردن لە سەرکردایەتیی ژنان بە واتای پشتگوئخستنی پیاوان نایەت، بەڵکو بزووتنەوەی ژنان دەتوانێت ببێتە بازنەی پەیوەندی لە نێوان بزووتنەوە کرێکاری، قوتابی و سەندیکاییەکاندا.
ئەمڕۆ نیشانەکان بۆ ئەم نزیکبوونەوەیە دەردەکەون، کاتێک قوتابیان، پەرستاران و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەشدار دەبن لە نارەزایەتییە سەندیکاییەکاندا.
لە ڕوانگەی منەوە، بەکارهێنانی ئەزموونی بزووتنەوەی ژنان و ڕێبازەکانی لە خۆڕاگری و ڕێکخستندا دەتوانێت ڕێڕەوی داواکارییە مەدەنییەکان بەهێز بکات، و فشار لەسەر حکومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە شەڕخوازانەکانیدا زیاد بکات.
لە ڕووبەڕووبوونەوەی بانگەشەکان کە وتیان: خەڵکی ئێران دەیانەوێت تۆڵە بکەنەوە، پێویستە بزووتنەوەی مەدەنی پرسیارێکی ڕوون بکات، کام خەڵک مەبەستتانە؟
پێموایە بزووتنەوەی ژنان لەمڕۆدا داوای لێ دەکرێت ڕۆڵی سەرکردایەتیی خۆی بگێڕێت، چونکە بەدیهێنانی داواکارییەکانی بزووتنەوە مەدەنییەکان بێ ئامادەبوونی کارای زەحمەتتر دەبێت.