هاوارێک لە پشت دیوارەکانی زیندان

پەریسا پۆیەندە، چالاکوانی مافی مرۆڤ دەڵێت: لە کاتێکدا سەرنجی جیهانی لەسەر ململانێی سەربازی ئێران و ئیسرائیل چڕ بووەتەوە، دەنگی زیندانیانی سیاسی بە سەرکوت و سزای لەسێدارەدان بێدەنگ دەکرێت.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ-دوابەدوای گرژییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێکی نوێی سەرکوتکردن زیندانیانی سیاسی لە ئێران کردە ئامانج،  ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەک لەو زیندانیانە سزای توندتریان بەسەردا سەپێندراوە، هەندێکیان زیاتر لە جاران ڕووبەڕووی لەسێدارەدانی نزیک دەبنەوە.

 

لەم هەلومەرجەدا تۆمەتەکانی وەک "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" بوونەتە ئامرازێک بۆ چڕکردنەوەی فشارەکان و ژینگەی ئاسایشی باوی ئاڵۆزتر کردووە، بەتایبەتی دوای هێرشەکانی ئەم دواییە کە ڕێگەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرفراوانتر خۆشکرد.

 

سەبارەت بەو بابەتە ئاژانسەکەمان لەگەڵ پەریسا پۆیەندە، چالاکوانی مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی قسەی کرد، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستا و لێکەوتە ئەگەرییەکانی ئەم سەرکوتکردنە بۆ سەر ژیان و مافی زیندانیانی سیاسی.

 

لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستا، زیندانیانی سیاسی لە ئێران ڕووبەڕووی چ هەڕەشەیەک دەبنەوە؟

شەڕی ئێستا شەڕی نێوان گەلان نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی دوو دەسەڵاتی پاوانخواز و ستەمکارە، کۆماری ئیسلامی ئەم دۆخە مەترسیدارە وەک هەلێک دەقۆزێتەوە بۆ چڕکردنەوەی سەرکوت لە هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنی هاوڵاتیان لە شەقام و ناوخۆ و سەرکوتکردنی هەر ناڕەزایەتی و مانگرتنێک کە لە چەند مانگی ڕابردوودا تەشەنەی کردبێت.

 

هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، چەندین ناڕەزایەتی لە زیندانەکاندا تۆمارکرا، لەوانە زیندانی شیبان لە ئەهواز، قەزڵ حسار، بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین و بەندی ٤، زیندانیان دروشمیان دژی شەپۆلی نوێی لەسێدارەدان و سەرکوتکردن کە لەژێر بارودۆخی ئێستادا پەرەی سەندووە، بەرز کردەوە.ا

 

لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە هەر زانیارییەکی پێوەندیدار بە بارودۆخی ئێستاوە بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی دەنگۆ" مامەڵەی لەگەڵ دەکات و هەڕەشەی دەستگیرکردن دەکات، لە دوێنێوە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە پەیوەندییەکان لە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین پچڕاون، هەروەها چالاکییەکانی دەرەوە لە چەند بەندیخانەیەکدا هەڵوەشاوەتەوە، لەوانە بەندی ٤، هەروەها چەند هاوڵاتییەک لە شارەکانی وەک یەزد و دزفول دەستگیرکراون بەهۆی پێدانی زانیاری لەسەر هێرشەکان و پێشهاتەکانی ئەم دواییە.

 

ئەم ڕووداوانە تیشک دەخەنەسەر کەلێنێکی بێ وێنەی نێوان هاوڵاتیان و حکومەت، کە توڕەیی گشتی لە هەڵکشاندایە، زانیارییەکان لە ناوخۆی ئێرانەوە ئاماژەن بۆ هەستکردن بە بێزاری گشتی لە سیاسەتە شەڕانگێزەکانی کۆماری ئیسلامی کە بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی دەیان ساڵەی سەرکوت و توندوتیژی و شەڕەکان لە ناوخۆ و دەرەوە لە ئەستۆ دەگرن.

 

ئیسڕائیل بە پشتیوانی ئەمریکا بە دڵنیاییەوە ڕەنگە ئەم شەڕە وەک ئامرازێک بۆ زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بقۆزێتەوە، بەڵام کۆمەڵگەی ئێران بە تەواوی ئاگادارە کە بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەم دۆخە لە ئەستۆی دەسەڵاتێکدایە کە ساڵانێکە گەلەکەی بە بارمتە گرتووە و کەرامەتی ئاسایشی و مرۆڤایەتی بەخت کردووە.

 

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هاوڵاتیان تووشی هەڕەشەی بەرفراوان بوون، بەتایبەتی بەهۆی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی ئەم دواییە، هاوکات بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕاپۆرتیان بڵاو کردووەتەوە کە کۆڵبەرەکان و تانکەرەکانی سووتەمەنی وەک قاچاخچی ناساندووە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کاڵایەکی زۆر لە ڕێگەی ئەوانەوە چووەتە ناو ئێرانەوە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سەردەمی جەنگ و گرنگیدانی ڕاگەیاندنی جیهانی لەسەر پێشهاتە سەربازییەکان نەک پرسی مافەکانی مرۆڤ، پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەم هەڕەشە و فشارانە و سەرکوتی ئامانجدارانە ڕابکێشین؟

ئەمڕۆ یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی بەردەم کۆمەڵگەی چالاکوانان و زیندانیانی سیاسی لەبیرچوونە، هەموو سەرنجەکان لەسەر شەڕە، لە کاتێکدا دەنگی ستەملێکراوان بێدەنگ دەکرێن.

 

نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتێک دەکەین کە بە دوو مووشەک فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگریان خستە خوارەوە، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا هەزار و ٥٠٠ کەسی گوللـەباران کرد و لە کاتی ڕاپەڕینی ئەم دواییەدا گەنجانی کوێر کرد، بە تۆمەتی "گەندەڵی لەسەر زەوی" لە دەربەندیش موجاهید کورکوری هەڵواسی.

 

نابێت ڕێگە بدەین جنۆکەی شەڕ سێبەرێک بەسەر خەباتمان بۆ دادپەروەری دابنێت، مەترسی دووبارەبوونەوەی ساڵانی شەستەکان لە زیندانەکاندا ڕاستەقینەیە، ئێمە دەبێ دەنگی زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان بین، یەکبگرین و ئەم دۆخە ناسکە بکەینە هەلێک بۆ بەرخۆدان و دادپەروەری.

 

هەر لەو پێوەندییەدا لە ١٠ تا ٢٨ی حوزەیران زنجیرەیەک ڕێپێوان و کۆنگرە بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی بەڕێوەدەچێت، کۆنگرەی سەرەکیش لە ٢٨ی حوزەیران لە زانکۆی فرانکفورت بەڕێوەدەچێت، بانگهێشتی هەموو لایەک دەکەم کە لەگەڵمان بن لەم هەڵمەتە جیهانییەدا بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی خۆیان بۆ دادپەروەری.