ژنێک لە شەقامێکی گشتی بەخواردنە کوردەواریەکان سەرنجی کڕیارانی ڕاکێشاوە
لە سەهۆڵەکەی سلێمانی یەکێک لە شەقامە دیارو پڕسەردانیکەرەکان، چیمەن رەئوف بە دروستکردنی خواردنە کوردەوارییەکان، کڕیارێکی باشی هەیەو بژێوی ژیانی دابین دەکات.
دێرین ڕەحیم
سلێمانی-ئێستا ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دێنە بازاڕی کارەوە و بە دەستڕەنگینی خۆیان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، چیمەنیش یەکێک لەو ژنانەیە و لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) لە شاری سلێمانی گالیسکەیەکی بچووکی داناوە ڕۆژانە پێشوازی لە هاوڵاتییان دەکات بۆ پێشکەشکردنی خواردنی کوردەواری، بەم ڕێگەیە خاوەن کارو داهاتی سەربەخۆی خۆیەتی و بژێوی ژیانی لەسەری بەندە.
بەدەر لەکاری خۆی بووەتە دەستی هاوکاری بۆ کەسانی دیکەش
چیمەن ڕەئوف. خەڵکی سلێمانییە دایکی سێ منداڵە، دوای ئەوەی لەناو خێزان و کەسەنزیکەکانیدا بە خواردنی خۆش و وەستای خواردنە کوردەواریەکان ناوبانگ دەردەکات، چیتر بەهرەکەی لەناو ماڵێکدا قەتیس ناکات و لەماڵەکەی خۆیدا و لەشەقامی سالم خواردن دروست دەکات، لەبارەی بیرۆکەی کارەکەیەوەو تی: لە شاری سلێمانی و بە دیارییکراویش لە شەقامی سەهۆڵەکە، جیا لەوەی سەرچاوی بژێوییە بۆ زۆرێک لە کاسبکاران، هاوکات بووەتە جێیەک ئەگەر گەشتیارێک بێتە سلێمانی ئەستەمە بەبێ سەردانیکردنی سەهۆڵەکە و تامکردنی خواردن و خواردنەوەکانی بگەڕێتەوە، ماوەی جەندین سالە لەو شەقامەدا بە دانانی گالیسکەیەکی بچووک بژێوی ژیانم دابین دەکەم و بووەتە دەستی هاوکاریی بۆ چەندین کەسی دیکەش.
لە خواردنگە بچووکەکەیدا زۆربەی خواردنەکان خۆی ئامادەی دەکات و وتی: ماوەی چەندین ساڵە ئەم عەرەبانەیە بچووکەم داناوە خۆم و هاوژین و منداڵەکانم، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ـی ئێوارەوە تا کاتژمێر١٢:٠٠ـی شەو پێکەوە لێرەدا کاردەکەین، سەبارەت بە جۆری خواردنەکانیش زیاتر خواردنە کوردەوارییەکان دروست دەکەین، وەکو کفتەی سابونکەران، یاپراخ، ساوەر و قەرەخەرمان، برنجی خڕ و برنجی درێژ، شفتە، کفتە، کوبە، پەڵپینە، شۆربا و چەند جۆر شلە کە جگە لە ئامادەکردنی خواردن بۆ ئەو کەسانەی سەردانی چێشتخانەکە دەکەن، خواردنی ئامادەکراویش بۆ ماڵان چەند شوێنێک دروست دەکەین.
"هیوادارم کە ژنان وەک ئێمە لەسەر پێی خۆیان بوەستن"
ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژانە لەگەڵ خیزانەکەیدا بە گیانی هاوڕێیەتی و خۆشەویستیەوە پێکەوە کاردەکەن و تی: زۆر دڵخۆشم کە توانیومە هەلی کار بۆ ژمارەیەک گەنجی بڕەخسێنم و ئەوانیش هاتوونەتە دەرەوە و سەربەرزانە کاری خۆیان دەکەن، هیوادارم کە ژنان وەک ئێمە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و بە پێی تواناکانی خۆیان ئیش بکەن.
"دەمەوێت لە ڕێگای کارەکەمەوە جوانی بۆ کاری ژنان بگەڕێنمەوە"
لەبارەی کڕیارەکانیەوە چیمەن ڕەئوف وتی: زۆر کەس لە شوێنی دوورەوە بەتایبەت دێن بۆ خواردنگەکەم و نانم لەلا دەخۆن ئەمەش هەنگاوێکی باشە و زیاتر متمانە بەخۆبوونم لا دروست دەکات، پشتیوانی خەڵک و خێزانەکەم و بەتایبەت خێزانەکەم هۆکارێکی تایبەتی سەرکەوتنەکانمە، کە لەڕابردوودا شێوەیەکی ناشرین ماف بەکاری ژنان دراوە، بۆیە دەمەوێت لە ڕێگای کارەکەمەوە جوانی بۆ کاری ژنان بگەڕێنمەوە بۆ کۆمەڵگە و پیشانی بدەم کە ژنانیش دەتوانن ببنە خاوەن کار و بە سەرکەوتووی بەڕێوەی بە و بە سەرکەوتووی بەڕێوەی بەرن.
لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی پشتگیری ژنان و هاندانیان بۆ کارکردن چیمەن ڕەئوف وتی: ئەگەرچی هێشتا ڕۆژانە ڕەخنەی ڕوخێنەرم لە لایەن هەندێ کەسەوە لێدەگیرێت، بەڵام بەردەوامم لە کارەکەم و داوادەکەم ژنان پشت بە خۆیان ببەستن و کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بکەن، چونکە هیج شتێک ئەستەم نییە.