ژنانی گوندنشینی یەمەن پەیوەندی نێوان شارو کشتوکاڵی ناوخۆیی دەپارێزن
سەرەڕای سەختییەکانی گەشت و دابەزینی توانای کڕین، ژنانی گوندنشین لە تەعز بەردەوامن لە فرۆشتنی بەرهەمە سروشتییەکانیان پاراستنی پەیوەندییەکانیان بە شارەکەو ڕۆڵی خۆیان لە پشتیوانیکردنی خێزانەکانیان و ئابووری ناوخۆیی، ئەمەش خۆڕاگری ژنانی یەمەن لەخۆدەگرێت.
ڕەحمە شەنزوور
یەمەن - لە کۆڵانەکانی تەعز، بە تایبەتی لە بازاڕی ”باب کبیر” ”دەرگای گەورە” کە یەکێکە لە بازاڕە کۆن و نەریتییەکانی شارەکە، ژنانی فرۆشیارانی گوندنشین وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دیمەنی ڕۆژانە دەمێننەوە، لە بەیانیدا دەیان ژن لە ناوچە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری تەعزەوە دەگەنە ئەوێ و بەرهەمی تازە گوندنشینیان پێیە کە ساڵانێکی زۆرە لە بازاڕدا دەیفرۆشن.
ئەو بەرهەمانەی ئەم ژنانە دەیانهێنن لە کەرەی خۆمالی و پەنیری گوندنشینەوە دەست پێدەکات تا سەوزە و ڕووەکی وەرزی و ڕووەکی کێوی کە گوندەکانی شاخ پێی ناسراون، ئەم بەرهەمانە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتن بۆ زۆرێک لە خێزانە گوندنشینەکان و هەروەها بەشدارن لە دابینکردنی خۆراکی ناوخۆیی و سروشتی بۆ دانیشتووانی شارەکە.
سەرەڕای سەختی هاتووچۆی ڕۆژانە و گرانیی تێچووی گواستنەوە و دابەزینی توانای کڕینی بەکاربەر، ژنانی فرۆشیاری گوندنشینەکان بە ئیرادە لە کارەکانیاندا خۆڕاگر دەبن، دیمەنێک کە ڕەنگدانەوەی توانای ژنە یەمەنییەکە بۆ گونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئابووری سەخت و گەیشتن بە پشتبەستن بە خۆی.
ڕۆڵی ئەم ژنانە تەنها لە فرۆشتنی بەرهەمی ناوخۆییدا سنووردار نییە، درێژدەبێتەوە بۆ پاراستنی پەیوەندی نێوان ناوچە گوندنشینەکان و شارەکان بە گەیاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ڕاستەوخۆ لە بەرهەمهێنەرەوە بۆ بەکاربەر، کە ئەمەش بەشدارە لە پشتگیریکردنی ئابووری ناوخۆیی و پاراستنی بەشێک لە میراسی چێشتلێنان کە پەیوەندی بە گوندەکانی یەمەنەوە هەیە.

٣٠ ساڵ ماندووبوون لە کۆنترین بازاڕەکانی تەعز
پێش ئەوەی یەکەم ڕووناکی بەیانی لە پشت شاخەکانی تەعزەوە دەربکەوێت، نور عەبدول سەلامی تەمەن ٦١ ساڵ، ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و ماڵەکەی لە یەکێک لە گوندەکانی شار بەجێهێشتووە، بەرهەمە گوندنشینەکانی لەسەر شانی هەڵگرتووە، کە ئەمەش گەشتی ڕۆژانەیەتی کە زیاتر لە سێ دەیە دووبارە دەبێتەوە بۆ بازاڕی ”باب کبیر” ”دەرگای گەورە”کە یەکێکە لە کۆنترین و قەرەباڵغترین بازاڕە نەریتییەکانی شارەکە.
لە گۆشەی ئاسایی بازاڕەکەیدا، نور عەبدول سەلام بە وریاییەوە دەفرە پلاستیکییە بچووکەکانی ڕێکدەخات، بەخشندەیی گوندەکەی پیشان دەدات: کەرەی خۆماڵی، پەنیری گوندنشین و هەندێک سەوزەی وەرزی، سڵاو لە کڕیارەکانی دەکات کە خشتەی کار و شوێنی خۆی دەزانن، وەک ئەوەی بەشێکی دانەبڕاو بێت لە ڕۆتینی ڕۆژانەی بازاڕدا، وتی: زیاتر لە ٣٠ ساڵە هەموو ڕۆژێک دێمە بازاڕ، ئەم کارە تاکە سەرچاوەی داهاتمە، هەروەها ئاوا پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکەم دابین دەکەم.
فرۆشتنی بەرهەمە گوندنشینەکان بۆ نور عەبدول سەلام هەڵبژاردەیەکی ئاسان نەبوو، بەڵام بوو بە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ زیادبوونی داواکارییەکانی ژیان، سەرەڕای تەمەنی، بەڵام بەردەوامە لە هاتووچۆی ڕۆژانەی، بەهۆی ئەو باوەڕەی کە کارکردن کەرامەت و پشتبەستنی مرۆڤ بە مرۆڤ دەبەخشێت.
نور عەبدول سەلام باسی گەشتی ڕۆژانەی خۆی دەکات و وتی: پێش بەیانی لە خەو هەڵدەستم بۆ ئامادەکردنی کاڵاکان، بەرگەی سەختی گەشتەکە و تێچووی زۆری گواستنەوە دەگرم بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا بگەم، سەرەڕای سەختی ڕێگاوبانەکان و تێچووی گواستنەوە، ئێمە خۆڕاگر دەبین، هەوڵدەدەین بۆ دابینکردنی بەرهەمی سروشتی و گوندنشین کە زۆر کەس پێیان باشە.
لە ساڵانی ڕابردوودا بارگرانییەکانی ژنانی فرۆشیارانی گوندنشین خراپتر بوون لە نێوان دابەزینی بەرچاوی توانای کڕینی هاوڵاتیان و بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی گواستنەوە، ئەمەش دەرئەنجامی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری وڵاتەکەیە. سەرەڕای ئەمەش، ئەو بەردەوامە لە بوونی ڕۆژانەی خۆی، ئاگاداری ئەوە دەبێت کە کڕیارەکانی بەرهەمەکانی ئەویان پێ باشترە، چونکە "سروشتی و تازەن، زۆرێک ساڵانێکە ئێمە دەناسن و بە تایبەتی دێن بۆ کڕینی ئەو زەیتوون و پەنیرەی کە دەیفرۆشین، خەڵک بەرهەمی ناوخۆیییان پێ باشترە، چونکە سروشتی و تازەن، زۆرێک لە کڕیاران ساڵانێکە ئێمە دەناسن و بە تایبەتی دێن بۆ کڕینی ئەو شتانەی دەیفرۆشین.
ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی کە تەنها فرۆشتن تێدەپەڕێت، سەختییەک کە بەهۆی شەڕەوە ئاڵۆزتر دەبێت
کاریگەری نور عەبدول سەلام و هاوڕێ فرۆشیارەکانی گوندنشینەکان لەوە زیاترە کە تەنها داهاتێکی ڕۆژانە بۆ خێزانەکانیان دابین بکەن، ڕۆڵێکی گەشەپێدان و تەواوکەر لەخۆدەگرێت، چونکە کەناڵێکی ڕاستەوخۆ پێکدەهێنن کە بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان بە بەکاربەرانەوە دەبەستنەوە، زنجیرە ئاڵۆزەکانی بازاڕکردن بەدەر دەکەن کە نرخەکان و بەرهەمهێنەرانی بچووک لە قازانجی دادپەروەرانە بێبەش دەکەن، بەم کارە پەیوەندی نێوان ناوچە گوندنشینەکان و شارەکان بەهێز دەکەن و بەشداری دەکەن لە بەردەوامیی بازرگانی بچووک لە نێوان داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا.
نیوەی بەرهەمەکە پێش ئەوەی بفرۆشرێت خراپ دەبێت، بەڵام ئەم ڕۆڵە گرنگە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو دەبێتەوە، وەک لەلایەن ئەمریا تابێتەوە پشتڕاستکراوەتەوە، کە فرۆشیارێکی تەمەن ٦٧ ساڵە و چەند مەترێک لە نورەوە دوورە و چیرۆکێکی هاوشێوەی خەباتی هەیە، وتی: هەموو ئێوارەیەک لەنێو جوتیارانی گوندەکاندا بەسەر دەبەم بۆ کۆکردنەوەی بەرهەم، دواتر پێش بەیانی لە خەو هەڵدەستم و بەرەو بازاڕ دەڕۆم، بەڵام دۆخی ئێستا هیچی وەک پێش جەنگ نییە، گواستنەوە نزیکە لە مەحاڵەوە، کرێی هاتوچۆش لەڕادەبەدەرە، زۆرجار بەهۆی خراپی بارودۆخی ڕێگاوبانەکانەوە درەنگ دەگەم.
توانای کڕینی خەڵک داڕماوە، زیاتر لە نیوەی ئەو سەوزە و پەنیرانەی دەیهێنم پێش ئەوەی بیانفرۆشم تێکدەچن، چونکە کڕیاران چیتر ناتوانن وەک جاران بیکڕن، لە سەرەتای ڕۆژدا هەرچییەکم دەهێنابوو دەمفرۆشت، بەڵام ئێستا هەندێک جار ناچارم لەسەر حیسابی خۆم کاڵا خراپەکان فڕێ بدەم.
سەرەڕای ئەم ڕۆڵە گرنگە، ژنانی فرۆشیارانی گوندنشین لە بارودۆخێکی سەختدا بەردەوامن لە کارکردن، بەبێ پاراستنی کۆمەڵایەتی یان پشتیوانی بۆ کەمکردنەوەی بارگرانییەکانیان، ئەوان کاتژمێری زۆر لە بازاڕە کراوەکان بەسەر دەبەن و بەرگەی سەختی هاتووچۆی ڕۆژانە دەگرن، لە کاتێکدا کە ئاستەنگە ئابوورییەکانی وڵاتەکە خراپتر دەبن.