ژنانی گوندنشین لە یەمەن: گەشەسەندنی ئامادەبوون و ڕۆڵێکی سەرەکی لە کشتوکاڵدا
ژنانی یەمەن ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکانیان، لە ئەرکە قورس و جیاوازەکاندا کاردەکەن، لەوانە هێنانی ئاو لە ناوچە دوورەکان، چاندنی بەرهەم و بەخێوکردنی ئاژەڵ، ئەمە جگە لەوەی بەشداری لە داهاتدا دەکەن
ڕەحمە شەنزور
یەمەن – لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن بانکی جیهانییەوە دەرکراون ئاماژە بەوە دەکەن، کە نزیکەی ٩٥٪ی ژنان لە گوندەکانی یەمەن بە بەردەوامی لە چالاکییە کشتوکاڵییەکان کاردەکەن، کە تیشک دەخاتە سەر پێویستی فراوانکردنی بەرنامەکانی هۆشیاری و ڕێنمایی و بەرزکردنەوەی دەرفەتەکانی بەهێزکردنی ئابوورییان.
لە ناوچەی زەباب لە تەعز، فاتمە قائید سەعید (٥٨ ساڵ) بەشێک لەو سەختییە دەگێڕێتەوە، ساڵانێکە سەوزە دەچێنێت، کە لە بازاڕە ناوخۆییەکان دەیفرۆشێت بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی خێزانەکەی دابین بکات، وتی: ساڵانێکی زۆرە لە بواری کشتوکاڵدا کار دەکەم، ئەوە تاکە سەرچاوەی داهاتمە، دابینکردنی بژێوی خێزانەکەم و یارمەتی پەروەردەکردنی منداڵەکانم، لە کاتی خۆرهەڵاتنەوە دەست بە کار دەکەین و ڕۆژەکەمان تا خۆرئاوابوون کۆتایی نایەت، ئاودان و چاودێریکردنی بەرهەمەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵانی ڕابردوو بەهۆی کەمی ئاوەوە قورستر بووە، ئاوی بەردەست چیتر بەس نییە بۆ ئاودێریکردنی کێڵگەکەی، کە ئەمەش ناچاری دەکات کاتژمێری زۆر، لە بەیانییەوە تا شەو، بەدوای ئەو ئاوەدا بگەڕێت کە پێویستە بۆ ڕزگارکردنی بەرهەمەکانی.
ڕوونیکردەوە: گەورەترین کێشە کە ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، کەمیی ئاوە، زۆرجار، چەندین کاتژمێر بەسەر دەبەم بۆ گەڕان بەدوای ئاودا بۆ ئەوەی بەرهەمەکان نەمرن، کەمی ئاو کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانمان هەبووە، بەهۆی وشکەساڵییەوە بەشێک لە دروێنەکردنمان لەدەست دەدەین.
ئاڵەنگاریەکا بە قەیرانی ئاو کۆتایی نایەت، تێکچوونی دۆخی ئابووری وڵات بووەتە هۆی دابەزینی توانای کڕینی هاوڵاتیان، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر فرۆشتنی بەرهەمەکانی ئەو ژنە هەبووە، ئیتر ناتوانێت وەک جاران تەواوی بەرهەمی کێڵگەکەی بفرۆشێت.
وتی: تەنانەت کاتێک بەرهەمهێنان باش بێت، ئێمە وەک پێشوو کڕیار نادۆزینەوە، چونکە بارودۆخی ئابووری وایکردووە خەڵک نەتوانن هەموو ئەو شتانە بکڕن کە لە بازاڕەکاندا پێشکەشی دەکەین.
فاتمە قائید سەعید دووپاتیکردەوە، کە ژنانی گوندنشین ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پشتیوانیکردنی خێزانەکانیان لە ڕێگەی کارکردنی بەردەوام لە کشتوکاڵ و هێنانی ئاو و بەخێوکردنی ئاژەڵدا، هەروەها بەهۆی کارە کشتوکاڵییەکانییەوە توانیویەتی منداڵەکانی پەروەردە بکات و بژێوی خێزانەکەی دابین بکات، سەرەڕای بارودۆخی سەخت و زیادبوونی ئاستەنگەکان.
ململانێیەکی دووانەی نێوان کشتوکاڵ و مەڕداری
ئازاری ژنانی گوندنشین تەنها لە کشتوکاڵدا سنووردار نییە، زۆرێک لەوانە کشتوکاڵ لەگەڵ چاودێریکردنی ئاژەڵدا تێکەڵ دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکانیان.
هەر لەو ناوچەیە، مریەم محەمەد، تەمەن ٦٢ ساڵ، لایەنێکی دیکەی ژیانی ژنانی گوندنشین دەگێڕێتەوە، ڕۆژانە کاری مەڕ و بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکات، جگە لەوەی بەشداری لە ئەرکە کشتوکاڵییە جیاوازەکاندا دەکات، وتی: بەیانی دەچمە دەرەوە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا بۆ ئەوەی خۆراک بە مەڕەکان بدەم، دواتر بە درێژایی ڕۆژ بەردەوام دەبم لە کارکردن، گرنگیدان بە ئاژەڵەکان و چاودێریکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، هیچ کاتێک بۆ پشوودان نییە.
وتیشی: هەموو ڕۆژێک خەباتێکی نوێ بۆ خێزانەکانمان دەست پێدەکەین، ئێمە زەوی دەکێڵین، دار دەبڕین، بەرهەمەکان دەچنین، کێڵگەکان ئاو دەدەین و ئاژەڵداری دەکەین، ژنان سەرەڕای سەختییەکەی هەموو ئەم کارانە ئەنجام دەدەن.
دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامی کارکردنی، سەرەڕای تەمەنی بەساڵاچوو، لە بەرپرسیارێتی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ پشتگیریکردنی خێزانەکەی، ئاماژە بەوە دەکات کە ژنانی گوندنشینەکان لە ژێر بارودۆخی ئابووری سەختدا بارگرانی زیاتریان لەسەرە و هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان.
نەوەیەکی نوێی ئازار
ئەم ڕاستیە تەنها لە ژنانی بەتەمەندا سنووردار نییە، هەروەها منداڵانی کچ و ژنانی گەنج لە ناوچە گوندنشینەکاندا ئەزموونی دەکەن، خولوود فەیسەڵ، ژنی ماڵەوە، تەمەنی ٢١ ساڵە و وتی: ژنانی گوندنشین زۆربەی بەرپرسیارێتی ژیانی ڕۆژانەیان لە ئەستۆ دەگرن، چ لە ناو ماڵ و چ لە دەرەوەی ماڵەوە.
وتی: دەبێت ئەوەش زیاد بکەین کە ژیانی ژنی گوندنشین زۆر ماندووکەر و پڕە لە سەختی، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە زۆر ئازار دەچێژین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاری کشتوکاڵی لەم وەرزەدا چڕترە، ئەمەش وایکردووە کاتەکانی کارکردن درێژتر و قورستر بێت.
سەبارەت بە وەستاندنی خوێندنی وتی: زۆربەی منداڵانی کچ تا قۆناغی ناوەندی دەخوێنن، دواتر هاوسەرگیری دەکەن و دەرفەتی تەواوکردنی خوێندنیان بۆ ناڕەخسێت، چونکە هەندێک لە کۆمەڵگە گوندنشینەکان هێشتا پێیان وایە شوێنی ژن لە ماڵەوەیە و لە بواری کشتوکاڵدا کاربکات.
شایەتحاڵی فاتمە و مریەم و خولود ڕەنگدانەوەی ڕاستی هەزاران ژنی گوندنشینە لە یەمەن کە بەرپرسیارێتی کشتوکاڵ و چاودێری ئاژەڵ و بەڕێوەبردنی کاروباری خێزانیان لە ئەستۆ دەگرن لە نێوان زیادبوونی ئاستەنگەکاندا، ئەم ئاڵەنگاریانە بریتین لە کەمی ئاو، لاوازی پشتیوانی کشتوکاڵی، تێکچوونی بارودۆخی ئابووری، سنوورداربوونی دەرفەتی خوێندن و بەردەوامبوونی هەندێک داب و نەریتی کۆمەڵایەتی کە داهاتووی منداڵانی کچان سنووردار دەکەن، کە ئەمەش وا دەکات بەهێزکردن و پشتگیریکردنی ژنانی گوندنشینەکان پێویست بێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی خۆراک و باشترکردنی بژێوی ژیان لە کۆمەڵگە گوندنشینەکاندا.