تێکۆشانی شنۆ عەبدوڵا لەگەڵ ئامێری دروومانی و قوماشدا ٢٥ ساڵە بەردەوامیی هەیە
لەناو دەنگی ئامێری دروومانی و بۆنی قوماشی نوێدا، ژنێک وەستاوە کە تەمەنی خۆی لە نێوان دەرزی و داودا بەسەر بردووە، تەنها بەرگدروویەک نییە کە جلی کڕیارەکانی بدوورێت، بەڵکو وێنەی کۆڵنەدان و سەلماندنی بوونی ژنە لەناو جەنجاڵی بازاڕ و سەختییەکانی ژیاندا.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_چیرۆکی بەرگدروو شنۆ عەبدوڵا دەگەڕینەوە کە بۆ زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر، کاتێک بە عەشقێکی زۆرەوە دەستی دایە داو و دەرزن و بڕیاریدا چاوەڕێی دەستی کەس نەکات بۆ بژێوی ژیانی. ئەو لە سەردەمێکدا دەستی پێکرد کە ڕەنگە بینینی ژنێک وەک خاوەن دووکان لەناو بازاڕدا کارێکی ئاسان نەبووبێت، بەڵام ئەو بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە دیوارەکانی کلتوری بەزاند و دووکانەکەی کردە پەناگەیەک بۆ داهێنان. لە ماوەی ئەم ٢٥ ساڵەدا، ئەو نەک هەر جلی بۆ هەزاران کەس دووریوە، بەڵکو مێژوویەکی لە قوربانیدان تۆمار کردووە؛ ئەو جۆرە قوربانیدانەی کە تەنها ژنان لێی تێدەگەن، کاتێک دەبێت لە نێوان ئەرکی دایكایەتی، بەڕێوەبردنی ماڵ و ماندوێتی کارەکەیدا هاوسەنگی ڕابگرێت، ئەو چرکەساتانەی کە پشتی لە ئازارو چاوەکانی لە ماندوێتی سوور بوونەتەوە، تەنها بۆ ئەوەی خەونی منداڵەکانی و سەربەخۆیی دارایی خۆی بپارێزێت، گەورەترین گەواهین لەسەر هێزی ژن.
ڕۆڵی ژن لە کارە جیاوازەکاندا، بەتایبەت لە پیشەیەکی وەک دروومانیدا کە وردەکاری و ئارامییەکی زۆری دەوێت، نیشانەی ئەوەیە کە ژنان تەنها بەشێک نین لە هێزی کار، بەڵکو بڕبڕەی پشتی ئابووری خێزان و کۆمەڵگەن. ئەم خانمە خەیاتە نموونەی زیندووی ئەو ڕاستییەیە کە ژن کاتێک دەچێتە هەر بوارێکەوە، نەک هەر تێیدا سەرکەوتوو دەبێت، بەڵکو گیانێکی مرۆیی و جوانییەکی تایبەت دەبەخشێتە پیشەکە. قوربانیدانی ئەو لە چەندین شەونخونی و ڕەنجی دەستەکانیدا کورت دەبێتەوە، کە هەمووی لەپێناو ئەوە بووە وەک مرۆڤێکی کارا و بەرهەمهێن لە کۆمەڵگەدا بمێنێتەوە و ڕێگە خۆش بکات بۆ نەوەکانی دوای خۆی تا بزانن هیچ بەربەستێک لەبەردەم خەونەکانی ژندا نییە ئەگەر بڕوای بە تواناکانی خۆی هەبێت. ئەمڕۆ دووکانەکەی ئەو تەنها شوێنی بڕین و دوورینی قوماش نییە، بەڵکو قوتابخانەیەکە بۆ فێربوونی سەبر و وانەیەکە لەسەر ئەوەی چۆن ژن دەتوانێت لەناو هەموو ناخۆشییەکاندا، بەردەوام بێت لە درەوشانەوە.
بەرگدروو شنۆ عەبدوڵا کە سەرۆکی سەندیکای نەوت و کارەباشە، تایبەت بە کارەکانی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی ماوەی ٢٥ سالە خەریکی کاری درومانم وەک کاری سەربەخۆی خۆم، لە ماوەی کاردکردنم لە کاری درومانی و دیزاین کردندا،چەندین خوێندکارم فێری درومان کردووە، خاوەنی پەیمانگایەک بووم و کۆتا جار لە کارگەی کولتووری جگەرەکە خولێکی دروومانم کردوەوە بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و نابیستەکان و خولەکان هەموو کەس دەتوانن بەشداری تێدا بکەن، چەندین ژن لەسەر دەستی ئێمەو پەیمانگاکە فێری دروومان بوون و سوپاس بۆ خوا ئیستا خاوەنی پیشەو کاری سەربەخۆی خۆیانن، من لە منداڵییەوە حەز بە بابەتی دروومان دەکەم، هەر وەک و هەر کچێکی دیکە کە لە مناڵیدا حەز دەکات جل بۆ بوکەکانی بدوورێت منیش بە هەمان شێوە بوو، دایکم زۆر دەستڕەنگین بوو کاریگەری زۆری هەبوو لەسەرم و من لەوەوە فێر بووم، ئەو کاتە لە ئامێرێکی پەپولەوە دەستمپێکردو یەکەم کارم پەردەیەکم دووری، جار جار دەچوومە سەر ئامێرەکەی دایکم و پێداویستییەکانی خۆمم دەدووری و جار جار ئامێرەکەشم خراپ دەکردو دایکم توڕە دەبوو، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠ خولێکی دروومانی کرایەوە لە فلکەی کاوە، مامۆستا سۆزان سەرپەرشتی دەکردو لەو خولەدا زۆر شت فێر بووم و لە دوای ئەوەوە دەستم کرد بە ئیشی دروومان تەنها بۆ خێزانی خۆم و کەسە نزیکەکانی خۆم، دواتر بە هۆی پێویستی و گۆڕانکاری لە بارودۆخی ئابووریدا لەم ساڵانەی دوایدا توانیم وەک هاوکارییەکی باش پیشەکەم بەکاربهێنم وەک سەرچاوەی ئابووری و هیچ کارێک بێ ئەستەم نییە بەتایبەت سەرەتا کە دەست پێدەکەیت چونکە ئەزموون نییە ئەگەر هەیە کە هەڵە بکەیت لە کارەکەدا، یاخود رووبەرووی بارودۆخێک ببیتەوە کە کڕیارەکانت دووریینەکەیان بەدڵ نەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە مرۆڤ لە هەوڵدان بەردەوام بێت و پەرەبدات بە کارەکەی خۆی و زانیارییەکان زیاتر بکات ، وەک پێشنیارێک دەڵێم بۆ ئەو ژنانەی کە سەرەتا دەست دەکەن بە کار ئەوەی گرنگە کە تواناکانی خۆیان بدزۆنەوەو لە چ بوارێکدا توانای خۆیان دۆزیوەتەوە، چونکە هەڵبژاردنی کارەکە زۆر گرنگە و پشتیوانی خێزان و ماڵەوە لایەنێکی دیکەی کارەکەیەو کە خێزان پشتیوانی ژنان بکات ئەوا سەرکەوتنی زیاتر دەبێت.
" دەبێت مرۆڤ زۆر بڕوای بە خۆی هەبێت و دەبێت ئاستەنگەکان تێپەرێنێت"
شنۆ عەبدوڵا لە بارەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە وتی" تەنکەلۆژیاو پێشکەوتنی ئامێرەکان بێگوومان زۆر کاریگەری هەیە لەسەر درومان و ئێستا ئامێرەکان زۆر پێشکەوتوون و پێشتر ئێمە لسەر ئامێرێکی بچوک کارمان دەکرد و ئێستا ئەم ئامیرانە ئیشکردن لەسەریان ئاسانترە ، کەمتر خراپ دەبن و کەمتر دەپچرێن، هەروەها ئێستا مەقەستی کارەبای هەیە و مەکینەی نەخشی جیاواز هەیە، پێشتتر نەخشەکان هەر بە دەست دەکرا کە تەنها چەند نەخشێکی سادە بوو بەڵام ئیستا مەکینەی زۆر پێشکەوتوو هاتووە بۆ نەخش و دیزاینەکان، بەڵام دواجار هەر مەکینەیەکت لەبەردەستا بێت کە کەسێک خۆی بەهرەمەند نەبێت مەکینەکە تەنها ئامێرێکە و ئەو کەسەی ئیش دەکات باکگراوەندی ئیشە جوانەکانە، من لێرە خۆم بەتەنها ئیش ناکەم و ژنێکی دیکەم لەگەڵدایە کە ژنێکی ئازا و دەسترەنگینە و دەمێکە لە ناو بازاردا کار دەکەین، وابوو سەرەتا لە ماڵەوە کارم دەکرد و تەنها بۆ کەسوکاری خۆمم دەکرد بەلام دواتر پێویستی کرد کە بێمە بازار و وەک هەر کەسێکی دیکە کار بکەم و سەرەتا زۆر قورس بوو کە دەستمان کرد بە کار و بەتایبەت کە شوێنەکەی ئێمە لە ناو بازاردایە و شوێنێکی گشتییە و تایبەت نییە تەنها بە ژنان یاخود بەرگدرووری ئێمە لێرە شان بە شانی برایانمان کار دەکەین، بێگوومان سەرەتا ئاستەنگی زۆر دێتتە بەردەمت بەڵام دەبێت مرۆڤ زۆر بڕوای بە خۆی هەبێت و دەبێت ئاستەنگەکان تێپەرێنێت، ئیشکردن لە ناو بازاردا بەو شێوە گشتییە بۆ ژنێک بێگومان زەحمەتی زۆری هەیە بەڵام بێگومان ژنان تواناکانیان زۆر لەوە زیاترە.
" جلی کوردی نابێت شێوازەکەی بگۆردرێت چونکە جلوبەرگێکی کولتوورییە"
لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئێمە لێرە بە گشتی هەموو پارچەکان دەدوورین و هەر پارچەیەک تەقەڵی بوێت دەیکەین بەڵام بە هۆی ئەوەی شوێنەکەمان زیاتر جلی کوردی لێیە و بە پێی بارودۆخ و وەرزەکان زیاتر جلی کوردی دەدورین و ئێستا ژنان زیاتر بۆ بۆنەکان جلی کوردی بەکار دەهێنن، جلی کوردی لە ساڵەکانی پیشوودا هەندێک شێوازی بە ناوی دیزاین و پیشکەوتنەوە کەوتە جلی کوردی بەڵام جلی کوردی نابێت شێوازەکەی بگۆردرێت چونکە جلوبەرگێکی کولتوورییە ئێمە لە هەر چوار بەشی کوردستان خاوەنی جلی کوردین و بە پێی ناوچەکان هەندێک گۆرانکاری تیایە، بەڵام لە کۆتایدا هەر جلی کوردییە و بە شێوەیەکی گشتی پێکهاتووە لە کراس و هێلەک و سەڵتە و کەوای سادە و حەوت پارچە و هەتا نۆ پارچەشمان هەیە، رەنگەکانیش دەکەوێتە سەر سەلیقە و حەزی کەسەکان خۆیان، سەبارەت بە دورینی جلی کوردی هەندێک قوماش هەیە سادەیە کاتی زۆری ناوێت بەڵام هەندێکی کەمان هەیە کە نەخش و یاخود نقێم و زەنگیانەی پێوەیە ئەوە کاتی زۆری دەوێت، ئەوانە ئامێرەکە زاڵ نابێت بەسەر قوماشەکەدا و دەرزیەکە دەشکێنێت و ناتوانێت بیدورێت، بۆیە دەبێت پێشتر لێبکرێتەوە بە یەک دوو رێگا لێدەکرێتەوە یەکەمیان لە رێگەی گەرم کردنەوەیە دووەمیان هەندێک کریستاڵ و و نقێم زۆر توند نین و لە رێگەی کەوچک لێدەکرێتەوە و مورو زەنگیانەش بە چەکوش دەشکێندرێت.
"ئابووری سەربەخۆ بۆ ژنان گرنگە"
شنۆ عەبدوڵا لە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئابووری سەربەخۆ خۆی لە خۆیدا گرنگە بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگەو بەتایبەت بۆ ژنان، لای هەندێک وایە ئەگەر ژن ئابووریەکەی سەربەخۆی هەبێت ئەوا دەیەوێت لە ماڵ و لە هەموو شوێنێکدا سوڵتەی هەبێت، بەڵام ئەگەر ژن ئابووری سەربەخۆی هەبێت ئەوا هاوکاری براو هاوژین و خوشک و براو بدایک و باوکە هەروەها ژنان خۆیان سودمەند دەبن لە ئابووری سەربەخۆی خۆیان، من وەک ژنێک کە خاوەن کاری خۆمم داوا لە هەموو ژنێک دەکەم ئەوەی کە ئیستا کار دەکات و ئەوەی دەیەوێت لە داهاتوودا کار بکات، بروا بە خۆبوون زۆر گرنگە و یەکێکە لە پایە و هۆکارەکانی سەرکەوتن، هەروەها شەرم نەکردن و چاو نەترسان لە ئیشکردندا بە نموونە لە دوکانێکدا لێرە دادەنیشیت کە لە چواردەوردا پیاو ژنی دیکەی لێیە و رێزلێگیراوین لە لایەن هەموو کەسێکەوە چونکە ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە لەسەر پێی خۆمان بوەستین و ئەوانیش پێیان خۆشە و ئیشکردنی شەریفانە هیچ کاتێک شەرم نییە و هەموو ئیشێک سەرەتا کێشە یەتە ڕێگەی و بەڵام دەبێت ژنان بزانن کە ئەو ناخۆشی و رێگرییانە کۆتایان دێت، دواجار هەموو ئەوانە دەبێتە ئەزموون و ئیشەکان دەچێتە سەر رێچکەی خۆی و دەبێت ئامانج ئەوە بێت کە لەسەر پێی خۆت بوەستیت.