لە ئێران دوکانەکان ئیتر بە کۆبۆنی دەوڵەتیش شت نافرۆشن
بەزیادبوونی پەستانە ئابوورییەکان و کەمبوونەوەی هێزی کڕینی خێزانەکان، جێبەجێکردنی سیستمی فاکتەری ئەلیکترۆنی لە ئێران سەخت بووە، زۆرێک لە فرۆشگاکان ڕەتیان کردەوە کۆبۆنەکان قبوڵ بکەن و فرۆشیارەکان دواکەوتنی پێدانی پارەیان وەک هۆکار زانی.
جوان شەریفزادە
بۆکان – لە ساڵانی دواییدا، هەڵاوسانی ئابووری پەستانێکی گەورەی خستووەتە سەر گوزەرانی خێزانەکان، لەگەڵ ئەم مەرجانەدا حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی ڕاگەیاندنەکەی، بۆ دابینکردنی هەندێک لە پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک، سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بە ناوی "کالا بارگ" (کۆپۆنی خۆراک)ی جێبەجێ کردووە، سەرەڕای ئەم سیستەمەش، لە گوزەرانی خەڵکدا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی دروست نەبووە و ئێستا جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە سەرتاسەری وڵاتدا رووبەڕووی کێشە بووەتەوە.
"کالا بارگ" (کۆبۆنی خۆراک) لە بازاڕدا لەبیر دەکرێت
لە ناو شەپۆلی هەڵاوساندا، کە "کالا بارگ" (کۆپۆنی خۆراک) نەک تەنها لە مێشکی مرۆڤەکاندا، بەڵکو لەسەر تابلۆی دوکانەکانیش لەبیر دەکرێن، ژمارەی ئەو دوکانانەی کە ئەم کۆپۆنانە قبووڵ ناکەن، نزیکەی مانگێکە کە ڕووی لە زیادبوونە، هەرچەند خەڵک وتیان کە زۆرێک لە دوکانەکان ئەم کۆپۆنانە قبووڵ ناکەن، بەڵام خاوەن دوکانەکان ئەم بابەتە دەبەستنەوە بەوەی کە ناوەندە پەیوەندیدارەکان ناتوانن هەژمارەکانیان بدەنەوە و پارەکەیان یەکلایی بکەنەوە.
”بەرپرسانی تاران خۆیان بە بەرپرس نازانن”
هەندێک لە دەزگا ڕاگەیاندنە خۆجێییەکانی ئێرانەش ناتوانایی یەکلاکردنەوەی هەژمارەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە و ئەو کاتە بە ماوەیەکی کەمتر لە مانگێک دەبەستنەوە، بەڵام بۆ هەندێک لە خاوەن دوکانەکان، ئەم ماوە چاوەڕوانییە دەتوانێت لە سێ مانگیش تێپەڕ بکات، کەژاڵ رەحیمی (ناوی خوازراوە) کە لەگەڵ هاوژینەکەی ماکێتێک بەڕێوە دەبەن، ڕایگەیاند، کە ئەوە نزیکەی دوو مانگە حکومەت ٥٠٠ ملیۆن تمەنیان قەرزدارە و وتی: کاتی خۆی کە دەچووینە پایتەختی پارێزگا، ئەوان دەڵێن تاران بەرپرسە، بەڵام بەرپرسانیش لە تاران خۆیان بە بەرپرس نازانن، وەڵامی ئەوان تەنها ”زیرەکە، پشوو درێژ بن”ـە، لە ژێر ئەم مەرجانەدا، بۆ ئێمە سەختە کە فرۆشگاکەمان پڕ بهێڵینەوە.
هەڵوێستی فرۆشیاران بەرامبەر بە سیستەمەکە
هەندێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باسی هەەڵوێستی هۆشیارانەی خاوەن کارەکان بەرامبەر بە "کالا بارگ" (کۆپۆنی خۆراک) دەکەن، شەیدا. ئۆ، کە لەم دواییانەدا بۆ خێزانی دوو کەسی خۆی بەم سیستەمە مریشکی کڕیبوو، ئاماژەی بەوەدا، کە فرۆشیارەکان لە فرۆشتنی کەلوپەلدا هەڵبژاردەن، دوو فرۆشگای پرۆتینی گۆشت، بە "کالا بارگ" (کۆپۆنی خۆراک) نەیانفرۆشتبووە و وتی: دوکانی سێیەم کە دەی ناسم، کۆپۆنەکەمی قبووڵ کرد، کاتێک کە پرسیارم کرد بۆچی، ئەوان وتیان ”ئێمە ئیتر ناوێرین بە کاغەز یان کۆپۆن بڕی گەورەی کەلوپەل بدەینە کڕیاران. دیار نییە کە ئێمە پارەکانمان لە دەوڵەت وەردەگرین یان نا”.
مەعسومە. جە، دانیشتوویەکی تری بۆکانە، پشتڕاستی کردەوە، کە ئەم کۆپۆنانە تەنها لە فرۆشگە زنجیرەیییەکانی دەوڵەتدا قبووڵ دەکرێن و وتی: زنجیرەی سۆپەرمارکێتەکان کۆپۆنەکان قبووڵ دەکەن، بەڵام لەسەر هەندێک لەم بەرهەمانە لە کاتی کڕینی ڕێکوپێکدا داشکاندن جێبەجێ ناکرێت و لەبەر ئەوە دەکرێت زۆر گرانتر بن.
لە سفرە چۆڵەکانەوە بۆ خەونی کۆنترۆڵکردن
لە ئێران، نرخی کەلوپەلەکان بە پێی جۆرەکەیان ڕۆژانە یان سەعات بە سەعات دەگۆڕێت، ئێستا نیگەرانی سەرەکی ئێرانییەکان، قەیرانی سەرچاوەی تەنهای گوزەرانیان و ئەو خوانانەیە کە هەموو ڕۆژێک زیاتر چۆڵ دەبنەوە، کاتێک کە ئێمە سەیری خۆراکی خێزانە ئێرانییەکان دەکەین، دەبینین کە گۆشتی سوور ماوەیەکی زۆرە نەماوە یاخود بە کەمی دەکەوێتە دەستمان، لە ناو خێزانە کەمداهاتەکاندا، مریشکیش بووەتە خۆراکێکی هەفتانە یان هەندێک جار مانگانە.
شەرمین. ئا، کە لە دەزگایەکی دەوڵەتدا کار دەکات، لەسەر نرخی کۆپۆنەکانی خۆراک وتی: نرخی کۆپۆنەکانی خۆراک بە پێی دوو مانگ لەمەوبەریش زۆر کەم بووەتەوە، هەموو جارێک کە ئێمە شتێک بە کۆپۆنێک دەکرین، دەبێت لە گیرفانی خۆمانەوە بەشێک بدەین تاوەکو بتوانین بڕی پێویستی بەرهەمەکان وەربگرین. پێشتر، خێزانێک دەیتوانی سێ مریشکی مامناوەند بە کۆپۆنێک بکڕێت، بەڵام ئێستا ئێمە تەنها دەتوانین دوو مریشک بکڕین.
نرخە گرانەکان و کۆپۆنە بێبەهایەکان
ئێستا، لە بازاڕی شارۆچکە بچووکەکاندا، نرخی هەندێک لە کەلوپەلە بنەڕەتییەکان بەم جۆرەیە،هەر کیلۆگرامێک گۆشتی سوور ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار تمەن، هەر کیلۆگرامێک مریشک ٣٣٠ هەزار تمەن، کیسەیەک برنج سێ ملیۆن تمەن، سێ لیتر ڕوونی لێننان ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار تمەن، هەر هێلکەیەک ١٩ هەزار تمەن. پێنج کیلۆ ڕوونی بەستو سێ ملیۆن تمەن.
بازاڕی میوەو سەوزە لە هەموو کاتێک زیاتر چۆڵەو هیچ میوەیەکی بەکوالێتت لە ٨٠ تا ١٠٠ هەزار تمەن کەمتر نابێت، سەرەڕای ئەوەش، کۆپۆنی خۆراکی تاکەکەسی کە حکومەت دەیدات، تەنها ملیۆنێک تمەنە.
لە ئێران، پەستانی سەر گوزەرانی ژیان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە هەندێک کەس کارتەکانی یارمەتی و کۆپۆنەکانی خۆراکیان بۆ دانەوەی قەرزەکانیان یان بۆ کڕینی خۆراکێکی تر بە نرخێکی هەرزانتر دەفرۆشن، هەرچەند ئەم بڕە دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا یارمەتی بدات، بەڵام ئەوە تەنها بەشێکی زۆر بچووک لە پێداویستییەکانیان پڕ دەکاتەوە، ئەم یارمەتییەی کە لەبەر هەڵاوسانی ئێستا لە ناو دەچێت و ئێستا لە لێواری لەناوچوونه، ناتوانێت بانگەشە بێبنەماکانی بەرپرسانی حکومەت کە دۆخی قەیراناویی خەڵک ڕەت دەکەنەوە بشارێتەوە.