کارگەی فریشتەخانم؛ ساغ کردنەوەی بەرهەمی سپیایی گوندەکان

فریشتە بارام خاوەنی کارگەی فریشتەخانمەو بەرهەمی سپیایی یاخود شیرەمەنی ئامادە دەکەن دەڵێت: بەروبوومی هاوردە وایکردوە هەموومان نەخۆش بین، بەرهەمی دەستی ژنان خواستی زیاترە لەبەر ئەوەی پاکوخاوێنن.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-ژنانی هەڵەبجە هەمیشە بەوە ناوبانگیان دەرکردووە گەر دەست بدەنە هەر کارێک بێگومان لەوکارەدا سەرکەوتوو دەبن، هەروەها هەوڵ دەدەن خاوەن کاری خۆیان بن و سەربەخۆ داهاتێکیان هەبێت، ژنانی دیکەش دەخەنە سەر کارو دەبنە هەلی کار بۆ زۆرێک لە ژنان، فریشتە بارام، یەکێکە لەو ژنانەی لەسنووری پارێزگای هەڵەبجە لە ئێستادا کارگەیەکی بۆ ساع کردنەوەی بەرهەمی سپیایی داناوەو شیرو بەرهەمەکانی سپیایی گوندەکانی دەورووبەری هەڵەبجە لەکارگەکەیدا دەفرۆشێت، وەک خۆی وتی: تەنها لە ٧ سەتل ماستەوە دەستمپێکرد،لە ئێستادا بووم بەخاوەن کارگەی خۆم بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان، هەموو شتێک بەدەستی خۆم دەکەم و کڕیاری باشم هەیەو بەرهەمەکانم دەخرێنە بازاڕەوە.

 

بەرهەمەکانم دەبەنە مارکێتەکان و دەیانفرۆشن

 فریشتە بارام دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەی شەهیدەو خاوەن کارگەی فریشتە خانم باسی لەوەکرد، لە ڕێگەی کارگەکەیەوە چەندین جۆر بەرهەم دەخاتە بازاڕو مارکێتەکان وتی: هەرچەندە کارگەکەم بچوکە بەڵام لەبەرهەمی شیرەکە ماست و کەرەو سیراژ و لۆرک و دۆ و چەندین بابەتی تر دروست دەکەم، هەروەها کاری دەستی دەکەم و بەروبومی خۆماڵی و سەرجەم مرەباکان و تەرەساس ودۆینەو ترشیات دروست دەکەم وکڕیاری باشم هەیە.

 

"بەروبوومی هاوردە وایکردوە هەموومان نەخۆش بین"

دیارە بۆ هەر کارێک ئامانجێک هەیە، فریشتە بارام ئامانجی دانانی لەم کارگەیە هاوردە نەکردنی بەروبومی بیانیە چونکە لە ئێستادا هەمووان نەخۆشی دەستی ئەو بەروبومانەن کە هاوردەی وڵات دەکرێن، وتی: بۆیە پێویستە دوربکەوینەوە لە بەرهەمی هاوردە کراوی وڵاتانی دیکەو ڕووبکەینەوە بەروبومەکانی خۆماڵی و لە ڕێگەی کارگەکەمەوە بەرهەمی شیری ژنان ساغ دەکەمەوە، هەرچەندە زۆر نەناسرابووم بەڵام لەئیستادا لە مارکیێەکان بە خاوەن لۆگۆو ناونیشانی خۆم بەرهەمەکانم بەردەستن.

 

"بەرهەمی  دەستی ژنان خواستی زیاترە لەبەر ئەوەی پاکوخاوێنن"

فریشتە ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمی دەستی ژنان خواستی زیاترە لەبەرئەوەی پاکوخاوێنن وتی: لەبەرئەوەی بەرهەمی سپیایی بەرهەمێکی هەستیارە ئەوەی لەلایەن ژنانەوە ئامادە دەکرێت قیمەتی زیاترەو خەڵک خواستی زیاتر لەسەریەتی بۆیە داوا لەخەلک دەکەم تاوەکو بەرهەمی کوردی ماوە بەرەو بەرهەمی بیانی نەڕۆن و هەوڵ بدەن بەکاری بهێنن.