نەخشینی ئاژەڵدار ڕۆژانە ماست ئامادە دەکات و دەیفرۆشێت

نەخشین جەمال، ژنێکی گەنجی ئاژەڵدار لە گوندی ئەستریلان لە دەڤەری ڕاپەرین داوا لە ژنان دەکات ئاژەڵداری ببوژێننەوەو مالەکانیان بەرهەمی خۆماڵی و دەستی خۆیان بێت نەک بەرهەمی دەرەکی.

دیڤان سیهاد

 

گوندی ئەستریلان/ دەڤەری راپەرین-ژن و کارکردن دووانەیەکی لەیەک دانەبڕاون و ژنان دەیانەوێت خاوەن داهات و کاری خۆیان بن، لە گوندی ئەستریلان کە سەر بە شارەدێی چوارقوڕنەیە لە دەڤەری ڕاپەڕین، ژنان کاری ئاژەڵداری دەکەن و لە بەرووبومەکەی داهاتیان دەست دەکەوێت و ژیانی خۆیانی پێ بەڕێدەکەن و دەبنە خاوەن داهاتی خۆیان.

 

ئاژەڵداری بۆ ژنان کارێکی مێژووییەو هاوشانی کشتوکاڵ کردن ژنان ئاژەڵدارییان کردووە، لەگەڵ چاندن و دروچاندن و دروێنەی بەرهەمە کشتوكاڵییەکان بەدەستی ژنان، بەرووبوومە ئاژەڵییەکانیش هەبوون کە ژنان بەدەستەکانی خۆیان لە ڕابردووەوە تا ئێستا شیرەمەنی هەر لە پەنیرو ماست و هتد بەرهەم دەهێنن، ژنان هەمیشە لەڕێی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە دابینکەری خۆراکی ماڵەکانیان و هەروەها وەک کاریش بووەتە سەرچاوی بژێوی ژیانیان و بەرهەمەکانیان دەفرۆشن، بەڵام ڕەنجی ژنان زۆربەی کات نابیندرێت و پیداویستییەکانیان دابین ناکرێت، ئەمەش وایکردووە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ژنانی ئاژەڵدار کەم ببنەوەو ڕوو لە کاری تر بکەن.

 

"ڕۆژانە دەیانبەین بۆ لەوەڕاندن و ماست ئامادە دەکەین و دەفرۆشین"

 نەخشین جەمال، ژنێکی گەنجی ئاژەڵدارو خاوەن ئاژەڵە لە گوندی ئەستریلان بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: لێرە ئێمە خەریکی ئاژەڵدارین لە بەرووبومی ئاژەڵ شیر و ماست و پەنیر و ئەوشتانە بەرهەم دەهێنین، ڕۆژانە شیرەکە دەکەین بە ماست لە دوای ماست دەیبەینە حاجیاوا دەیفرۆشین، هەروەها پەنیری لێ دروست دەکەین لە بەرو بومی ئاژەڵ، مەڕو بزنمان هەیە و هیچی تر بەخێو ناکەین ئێمە بەس مەڕ و بزنمان هەیە کا و ئالیکیان دەدەینێ،  ڕۆژانە دەیانبەین بۆ لەوەڕاندن بۆ شاخ، شوانمان هەیەو شوانەکە ئێواران دەیانهێنێتەوە و بەیانیانیش کاتژمێر هەشت دەیانبات بۆ لەوەڕاندن.

 

ئاماژەی بەوەکرد، ئاژەڵداری کەمبۆتەوەو وتی:هۆکارەکەی ئەوەیە ئێستا حکومەت هیچ چاودێری ئەو کەسانە ناکات کە ئاژەڵداری دەکەن، بۆیە کەس بەخێوی ناکات، تیچووەکەی زۆر زۆر گرانە لەبەرئەوە زۆر کەس ناتوانێت بەخێوی بکات بۆیە ئەو ئاژەڵانە ئاوا کەم بۆتەوەو کەس خۆی پێوە ماندوو ناکات، تێچووەکەی گرانە و دەرناهێنێت، بۆیە ئەو خەڵکە ئەوها ئاژەڵداری کەم بۆتەوە.

 

نەخشین جەمال لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامی بۆ ژنان نارد کە پەرە بە ئاژەلداری بدەن و وتی: ئەو خوشکە بەڕێزانەش بۆیە خۆیانی پێوە ماندوو ناکەن، ئێستا پێویستە هەموو خوشکە بەڕێزێک پەرەیپێبداو کاری ئاژەڵداری ببوژێننەوەو کەرتی کشتوکاڵی حکومەتیش یارمەتیان بدات بۆ ئەوەی هەموو ژنێک ئاژەڵ بەخێو بکەن، ماڵی خۆیان بە بەرهەمی خۆیان بەڕێوە بچێت نەک چاویان لەدەستی دەرەوە بێت.