قەیرانی ئابووری ئێران زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان هەیە

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوڵاتیان چیتر ناتوانن پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان دابین بکەن و هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم دۆخە دەربڕی.

شەیدا شێرزاد

 

سنە- لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەژاری و نرخی کاڵاکان لە بەرزبوونەوەدایە، خەڵک ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە و ناتوانن پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان دابین بکەن، نرخی خۆراک و کاڵا و گەڵاکان لە ئێران گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی خۆی و سەرسوڕهێنەرترین شت ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران دەڵێت ئابووری وڵاتەکە لە باشترین ئاستیدایە، خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیگەرانن لە هەژاری و بەرزبوونەوەی بەهاکان و هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.

 

ژنێکی گەنج بە ناوی سارا، دایکی دوو منداڵە کە سەرکردایەتی خێزانەکەی دەکات و هاوژینەکەی لە ڕووداوێکدا گیانی لەدەستداوە، بە یارمەتی خزمەکانی توانی فرۆشگایەکی بچووک لە گەڕەکێکی سنە بکاتەوەو وتی: بەهۆی خراپی باری ئابوورییەوە، نازانم چۆن منداڵەکانم بەخێو بکەم، بۆ ئەوەی کیلۆیەک تەماتە بکرم، پێویستە بچم بۆ چەند شوێنێک، هەر فرۆشگایەک بە دڵی زۆی بەهاکان دادەنێت و لەو شوێنەی کە هەرزانترە دەیکرم.

 

"حکومەت دەیەوێت ئاژاوە دروست بکات"

یەکێک لە فرۆشیارەکانی بازاڕی میوە وتی: وڵاتەکە بێخاوەنەو هەموو کەسێک بەگوێرەی خواستی خۆی بەهای کاڵاکان دیاری دەکات، کەس ناتوانێت پێیان بڵێت بۆچی وادەکەن؟ بۆ نموونە، هەر کیلۆیەک میوە بە ١٠ هەزار تمەن لە کەسێک دەکڕم و دەیدەمە ١٥ هەزار تمەن، بەڵام لە لایەکی ترەوە میوە بە  ١٥ هەزار تمەن دەکڕم و بە ٢٠ هەزار تمەن دەیفرۆشـم ئەمەش بووە هۆی ناسەقامگیری لە نێوان خەڵک و فرۆشیارەکاندا، حکومەت دەیەوێت ئاژاوە دروست بکات.

 

"خەڵک تەنها بیر لە ئامادەکردنی خۆراک دەکەنەوە"

مەرزیە فرۆشگایەکی بچووکی لە ناوەندی شارەکە بەکرێ گرتووە و کەلوپەلی پاککردنەوە و جلوبەرگی ژنان دەفرۆشێت و وتی: بەها زیادی کردووە و کاڵاکان زۆر گران بوون، هەروەها کرێی فرۆشگاکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و پێویستە نرخەکان ڕاست بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین لە کۆتایی مانگدا بیر لە کرێی خۆمان بکەینەوە، هەموو بەهایەک بەرز دەبێتەوە، ئەم زیادبوونە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کڕین یان ئەو جلوبەرگە تەندروستییەی کە پێویستە بۆ ژنان ئێستا لەلایەن ژنانەوە ناکڕدرێن و بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. تەنها بیر لە خواردن دەکەنەوە.

 

"ئ،ن"ی تەمەن ٥٠ ساڵ دەربارەی ڕەوشی ژیانی خۆی وتی: ئێمە کرێچین و خانوویەکی بچوکمان بەکرێ گرتووە، هاوژینەکەم مانگانە سێ ملیۆن تمەن پارە وەردەگرێت و دەبێت یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن بۆ کرێی خانووەکە تەرخان بکەین، پێنج مانگە گۆشتمان نەخواردووە، نازانم حکومەت داوای چی لە خەڵک دەکات، چیتر کەس ناتوانێت لەم دۆخەدا بژی.

 

"خەڵک هەموو ڕۆژێک شتی سەرەتایی لە ژیانی دەردەکەن"

ڕۆژینا، کە ژیانی خۆی لەگەڵ فرۆشگاکەی بە ئۆنلاین بەسەر دەبات، وتی: "لە ڕابردوودا، کاتێک بەها لە زیادبووندا بوو، دەمانوت کە داهاتمان زیاد دەکات بەمە خۆمان قایل دەکرد، ئێستا تەنها بەهاکان زیاد دەکەن. هەروەها داهاتی ژمارەیەکی زۆر لە کار کەمی کردووە، ئەگەر کیلۆیەک میوە یان شتێک بە نرخێکی دیاریکراو بکڕدرایە ئێستا قورسترە، بۆ فرۆشیاران ئەمە زیانێکی گەورەیە، هەموو ڕۆژێک زیاتر لە ڕۆژی پێشوو، ئێمە چەندین پێداویستی سەرەتایی لە ژیانمان دەردەکەین، ئەم جیاوازییە لە بەهاکاندا لە زۆربەی بەرهەمەکان و ئامرازەکاندا هەیە کە بوونەتە هۆی سەرلێشێواوی و تەنانەت توڕەیی لەنێو خەڵکدا، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە بەرپرسان هیچ ڕێوشوێنێک ناگرنەبەر بۆ ئامادەکردنی بەهای بازاڕ و تاکەکان، نەک تەنها پێداویستییەکانی ماڵ و جلوبەرگ، بەڵکو بەهاکانی کەلوپەلی خۆراکیش بەگوێرەی دوکانەکان دەگۆڕدرێن.

 

"دەوڵەت بووەتە هۆی هەژاریی خەڵک"

ئ.ب، کۆمەلناس وتی: گومانێک لەوەدا نییە کە کێشەیەک هەیە لە کۆنترۆڵکردنی بەهاکان و هەژاری لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەواندایە، دەوڵەت هەمیشە ستراتیژی بێ بنەمای هەبووە بۆ ئاساییکردنەوەی قەیرانەکان، بەڵام گرنگترین شت نیگەرانی مرۆڤە دەربارەی ئەم ستراتیژییانەی کە هەژارییەکی گەورەی خەڵکی دروستکردووە.