ژنانی گوندنشینی تونس ڕووەک و گیا سروشتییەکان بۆ پڕۆژەیەکی ئابووری دەگۆڕن

ژنانی گوندنشین زانیاریی نەریتیی خۆیان دەربارەی گیا دەرمانییەکان کردە پڕۆژەی ئابووریی گەشەسەندوو، بە پشتبەستن بە حەز و خولیا، ڕاهێنان و سووربوون، لە ڕێڕەوێکدا کە گرنگیی پشتگیریکردنی پێشخستنی دەستپێشخەرییە خۆجێیییەکانی ژنان.

ئیخڵاس حەمرونی

 

تونس ـ لە گوندی مەعتەمیەی ڕەقاب لە پارێزگای سیدی بوزید لە تونس، گیا دەرمانییەکان و ڕووەکە بۆنخۆشەکان ئیتر تەنها پێکهاتەیەک نەبوون لە ژینگەی خۆجێییدا، بەڵکو بوونە بنەمای پڕۆژەی بەڵێنپێدراو، کە لەلایەن ژنانەوە سەرکردایەتی دەکرێن کە حەزی خۆیان بۆ سروشت گۆڕی بۆ چالاکیی ئابووری کە پشت بە پەستاندنی گیاکان، دروستکردنی کەرەستەی جوانکاریی سروشتی، لەقوتوونان و بەرزکردنەوەی بەها دەبەستن، لە ئەزموونێکدا کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئارەزوو دەسەڵاتی ئەوەی هەیە سنوورداربوونی تواناکان تێپەڕێنێت.

 

لە نێو ئەو ژنانەدا، مفیدە جەلالی هەیە، کە پیشەوەرێکە لە ناوچەی ڕەقاب، ئەو بڕیاریدا پەستاندنی ڕووەکە دەرمانی و بۆنخۆشەکان بکاتە پڕۆژەی ژیانی خۆی. وتی: ٠سەرەتای زۆر سادە بووە، ئەویش بەوەی گیا و دارە دەرمانییەکانی پەستاندووە و بەرهەمەکانی پێشکەشی دەوروبەری کردووە بۆ ئەوەی تام بکەن و تاقی بکەنەوە، لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەریان و سەرسوڕمانی کڕیاران بە کوالیتی بەرهەمەکانی، وردە وردە بابەتەکە گۆڕا بۆ چالاکییەکی بازرگانی،  هەروەها ئەم سەرکەوتنە هاندەربوو بۆ من کە خولیایەکە بکەمە پڕۆژەیەکی سەربەخۆ، و ماوەی سێ ساڵە لە کارکردن بەردەوامم، بەرهەمەکانم ئێستا ناوبانگێگ پەیدا دەکەن کە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت، بەڵام مفیدە جەلالی وتی: ڕێگای سەرکەوتن بە گوڵ ڕاخراو نەبووە، چونکە رووبەڕووی سەختی زۆر دەبێتەوە، دیارترینیان سەختی دەستکەوتنی کەرەستەی سەرەتاییە بەهۆی کەمییان لە ناوچەکەدا.

 

ڕوونیکردەوە، ئەم بابەتە زۆرجار ناچارم دەکات ئۆتۆمبیل بە کرێ بگرم و بۆ پارێزگاکانی تر بڕۆم بۆ گەڕان بەدوایان نا، هەروەها دەناڵێنم بەدەست سنوورداری سەرمایە، کە ئەوەش ڕێگرە لە بەدەستهێنانی کەرەستەی هاوچێژ لە پۆڵای دژە ژەنگ، بۆیە ساڵانە بەپێی توانای خۆم تەنها بە کڕینی ئامێرێکی نوێی پەستاندن ڕازی دەبم، هەروەها بەرزیی نرخی کەرەستەی سەرەتایی لە سەرووی هەموانەوە گوڵ، جگە لە بەرزیی تێچووی گواستنەوە، نوێنەرایەتی دیارترین ئەو سەختیانە دەکەن کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، سەرەڕای ئەوەش، جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی دەکاتەوە بە خەونەکەی لە دامەزراندنی براندێکی بازرگانیی ناسراو، بەو پێیەی ژنانی ڕەقاب "تایبەتمەندن بە ئارەزوو و سووربوون کە توانای بەدیهێنانی سەرکەوتنیان هەیە.

 

خولیاکەی مفیدە جەلالی تەنها لە بەرهەمهێناندا ناوەستێت، بەڵکو هەوڵ دەدات بۆ بەرزکردنەوەی بەهای بەرهەمەکانی لە ڕێگەی لەقوتوونانیان لە شوشەی جواندا لەبری قاپە پلاستیکییەکان، لەگەڵ ڕاگەیاندنی براندە بازرگانیی تایبەت بە خۆی کە بەهایەکی زیادە بە بەرهەمەکانی دەبەخشێت، وتی: خولیام ئەوەیە بەرهەمەکانم لە دەرەوەی تونس ساغ بکەمەوە، بەتایبەت کە کڕیارم هەیە لە دەرەوە دەژین، بۆیە زۆر گرنگە کار لەسەر کوالیتی پاکەتکردن وەک توخمێکی سەرەکی بکرێت بۆ بەهێزکردنی ئامادەبوونی بەرهەم لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا.

 

لە بەرهەمهێنانی ماڵەوە بۆ پڕۆژەیەکی ڕێکخراوتر

چیڕۆکی مفیدە یەکتر دەبڕێت لەگەڵ ئەزموونی عائیشە عەکروتی، کە دایکی سێ منداڵە، خولیای ئەوەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان پڕۆژەیەکی گەورەی هەبێت، ئەو خولیای خۆی بۆ گیا دەرمانییەکان لە دایکیەوە بۆ ماوەتەوە، کە پشتی بە ڕێگا نەریتییەکانی پەستاندن دەبەست ئەوەش بە بەکارهێنانی مەنجەڵی پەستان، کە لە منداڵییەوە خۆشەویستی ئەم بوارەی لە ناخیدا چاند، وتی: دوای تەواوکردنی خوێندنەکەم، بڕیارمدا ئەم میراسە پەرە پێبدەم، بۆیە بە پەستاندن بە ئامڕازی سادە دەستم پێکرد، پاشان گواستەمەوە بۆ بەکارهێنانی ئامێری پەستاندنی نەریتی، پێش ئەوەی تێکەڵ بە کاری ڕێکخراوەیی ببم، لەوێشەوە سوودمەند بووم لە بەرنامە پشتگیریکەرەکانی ژنانی گوندنشین کە هاندەری پڕۆژە بچووکەکانن، هەروەها کەرەستەی سەردەمی و شوێنی فرۆشتنم دەستکەوت بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانم، ئەوەش توانای پێدام بگوازمەوە لە بەرهەمهێنانی ماڵەوە بۆ پڕۆژەیەکی ڕێکخراوتر.

 

عائیشە عەکروتی تەنها بە پراکتیزە کردن ڕازی نەبوو، بەڵکو سووربوو لەسەر پەرەپێدانی زانیارییەکانی لە ڕێگەی توێژینەوە و خوێندن و ڕاهێنانی بەردەوام، خولی ڕاهێنانی حازربوون و لە سەر ئەنجامدا دەربارەی گیا دەرمانییەکان، کە لە ڕێگەیەوە ئاگاداری تایبەتمەندییەکانی هەر ڕوەکێک و سوودەکانی و ڕێگاکانی پەستاندنی بوو، پاشان بەردەوام بوو لە ڕاهێنان لە بوار دروستکردنی کەرەستەی جوانکاریی سروشتی، پێش ئەوەی چالاکییەکەی فراوان بکات بۆ ئەوەی دروستکردنی سابوون، مۆمی بۆنخۆش و عەتری سروشتی بگرێتەوە، وتی: هەموو خولێکی ڕاهێنان زانیاری نوێم بۆ زیاد دەکرد و کوالیتی بەرهەمەکانمی بەهێزتر دەکرد، بۆیە سووربووم لەسەر بەدەستهێنانی بڕوانامەی ڕاهێنان و سەلماندنی توانای پیشەیی بۆ ئەوەی بەرهەمەکانم متمانەپێکراوتر و شیاوی ساغکردنەوە بن.

 

بۆ دڵنیابوون لە دەستکەوتنی کڕیاری زیاتر، عائیشە عەکروتی بەرهەمەکانی لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبوک" ساغ دەکاتەوە، جگە لە خاڵێکی فرۆشتنی تایبەت بە خۆی، هەروەها بەشداری دەکات لە چەند پێشانگایەکی نیشتمانیدا، لەوانە پێشانگای نێودەوڵەتی لە نابڵ و پێشانگای کشتوکاڵ لە سیدی بوزید، لەگەڵ پێشانگاکانی تریش کە بەشدارییان کرد لە ناساندنی بەرهەمەکانی و فراوانکردنەی بازنەی کڕیارەکانی.

 

پێیوایە ژیان لە گونددا، سەرەڕای ئەو سەختییانەی کە دەیسەپێنێت، لە بەرامبەردا دەرفەتی گرنگ دابین دەکات، کە دیارترینیان توانای چاندنی گیا دەرمانی و بۆنخۆشەکانە لە ناوخۆدا، بە سوودوەرگرتن لە بوونی زەوی و ئەو پشتگیرییەی کە لە خێزانەکەیەوە پێی دەگات،هەروەها هاوژینە جووتیارەکەی یارمەتی دەدات لە بەرهەمهێنانی جیاوازەکانی ڕووەک کە لە پڕۆژەکەیدا پشتی پێدەبەستێت.

 

عائیشە عەکروتی لە کۆتای قسەکانیدا وتی: پڕۆژەکەم تەنها ڕێگایەک نەبوو بۆ باشترکردنی داهات، بەڵکو بەرهەمی عەشقمی بۆ سروشت و ئارەزوویەکی بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی ئابووری و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ منداڵەکانم، جگە لە خەونەکەی بە دەستپێکردنی براندێکی بازرگانی کە ناوی خۆی هەڵبگرێت، بە گشتی هەردوو چیڕۆکی مفیدە جەلالی و عائیشە عەکروتی نموونەی ژنانی گوندنشین بەرجەستە دەکەن کە توانیویانە زانیاری نەریتی بگۆڕن بۆ پڕۆژەی ئابووری هیوابەخش، کە پشت بە خولییا، ڕاهێنان و سووربوون دەبەستن، لە ڕێڕەوێکدا کە گرنگیی پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییە خۆجێیییەکانی ژنان و بەرزکردنەوەی بەهای بەرهەمە سروشتییەکان وەک لقێکی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەردەخات.