کەمبوونەوەی بودجەی مرۆیی ئازاری ژنان لە یەمەن قورستر دەکات
کارمەندان و چالاکوانان جەخت دەکەنەوە کە کەمبوونەوەی بودجە لە یەمەن، جیا لە داخستنی پڕۆژەکان، مەینەتیی ژنان و کچانی قورستر کردووە؛ بەهۆی کەمبوونەوەی دەرفەتی پاراستن، خوێندن و چاودێریی تەندروستی، ڕووبەڕووی بارگرانیی دەروونی و بژێوی بێبەش بوونەتەوە
ڕەحمە شەنزور
یەمەن ـ کەمبوونەوەی بودجەی مرۆیی لە یەمەن ئیتر تەنها لە ژمارەی بودجەکان و پلانی وەڵامدانەوەدا ڕەنگ ناداتەوە، بەڵکو بووەتە قەیرانێک کە دەست بۆ وردەکاری ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان یەمەنی دەبات، لە سەرووی هەمووشیانەوە ژنان و منداڵانی کچان، کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی هەلی خوێندن، پاشەکشەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کەمبوونەوەی بەرنامەکانی پاراستن و بووژاندنەوەی ئابووری دەبنەوە، لەگەڵ قەیرانێکی خنکێنەری ئابووری کە فشار دەخاتە سەر خێزانەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەیەکەوە.
سارا خالید (٣٠ ساڵ)، لە شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، ئەو پەناگە پارێزراوەی کە تێیدا کاری دەکرد تەنها شوێنێکی فەرمانبەری نەبوو، بەڵکو بۆشاییەک بوو کە هەلی ڕزگاربوون و بەنیادنانەوەی ژیانی بە ژنان و منداڵانی کچانی ڕزگاربووی توندوتیژی دەبەخشید، بەڵام ئەم پەناگەیە دەرگاکانی داخست بەهۆی نەبوونی بودجە، بەم شێوەیەش هەم کارەکەی و هەم پەیامە پیشەییەکەی لە دەستدا لە یەک کاتدا.
وتیشی: کە ئەم شوێنە تەنها کارێک نەبوو بۆ من، بەڵکو بۆشاییەک بوو کە دەمتوانى لە ڕێگەیەوە خزمەتی کۆمەڵگەکەم بکەم، لە هەمان کاتدا داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خێزانەکەم بونیاد بنێم، هەروەها من بەخێوکەری سەرەکی خێزانەکەمم، هەستم بە شانازی دەکرد کە بەشداری دەکەم لە سەقامگیرییاندا، لە پاراستنی ژنان و منداڵانی کچان کە پێویستییان بە پشتگیری هەیە.
بەڵام لەگەڵ وەستانی بودجە، هەموو شتێک گۆڕا، وتی: کاریگەرییەکە تەنها لەسەر لایەنی ماددی نەبوو، بەڵکو متمانەم بە خۆم لە دەستدا، گۆشەگیر بووم لە خەڵکی دەوروبەرم، ئەو پلانە پیشەییانەی کە بە وردی بونیادم نابوون لە شەو و ڕۆژێکدا نەماون، لەبری ئەوەی سەرچاوەی پاراستن و پشتگیری بم بۆ ژنان، خۆشم بوومە کەسێک کە پێویستی بە کەسێک هەیە پشتیوانیم بکات، چیرۆکی سارا خالید نوێنەرایەتی لایەنێک دەکات لە کاردانەوەکانی کەمبوونەوەی بودجەی مرۆیی لە یەمەن، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوە و داخستنی زۆرێک لە بەرنامە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان کە تایبەتن بە پاراستنی ژنان و منداڵاننیکچان.
ژنان و منداڵانی کچ... زەرەرمەندترینن
ڕاپۆرتی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) ئاماژەی بەوە کردووە، کە نزیکەی ١٠.٩٥ ملیۆن ژن و منداڵی کچ پێویستییان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، لە نێوانیاندا ٥.٥ ملیۆن ژن لە تەمەنی منداڵبووندا هەن، زیاتر لە ٧٦٥ هەزار ژنی دووگیان پێویستییان بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی زاوزێ و پاراستن هەیە.
هەروەها زیاتر لە ١٨ ملیۆن کەس بە دەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن، لە کاتێکدا تەنها یەک بنکەی تەندروستی لە هەر پێنج بنکەیەک خزمەتگوزاری تەندروستی دایک و کۆۆرپەلە پێشکەش دەکات بەهۆی کەمبوونی سەرچاوە و تواناکان، سەرەڕای ئەم پێداویستییە زیادبووانە، سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە توانیویەتی تەنها دەستڕاگەیشتن بە نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس هەبێت بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی زاوزێ، پاراستن، پشتگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی.
بەڵام بەردەوامبوونی ئەم خزمەتگوزارییانە بووەتە مەترسی لەسەریان، چونکە سندوقەکە تەنها ١٢.٨ ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە لە کۆی ٧١.٩ ملیۆن دۆلار کە پێویستییەتی بۆ جێبەجێکردنی پلانی مرۆیی بۆ ساڵی ئێستا، واتە کورتهێنانێکی بودجە کە دەگاتە ٨٢٪، ئەمەش هەڕەشەی داخستنی بنکەی تەندروستی زیاتر، شوێنە پارێزراوەکان و خزمەتگوزارییە تەرخانکراوەکان بۆ ژنان و منداڵانی کچان دەکات.
منداڵانی کچ باجەکە دەدەن
ئەم ئاماژانە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەن کە ژنان لە یەمەن تێیدا دەژین، بە پێی وتەی ئەلحان شیبانی، چالاکوانی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی ”إرم” بۆ گەشەپێدانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، وتی: کەمبوونەوەی بودجەی مرۆیی بووە هۆی کەمکردنەوەی بەرنامەکانی پاراستن، پشتگیری دەروونی و بووژاندنەوەی ئابووری، شوێنەوارەکەی لە ژیانی ژنان و منداڵانی کچان دیاربووە.
دووپاتیکردەوە، بەرنامە پەروەردەیی و تەندروستییەکان وەستان کە پێکهاتبوون لە پەناگەی ڕزگاری بۆ هەزاران ژن و منداڵی کچ، ئەمەش زۆرێکیانی ناچار کرد دەستبەرداری خوێندن بن یان بەدوای کاری قورسدا بگەڕێن بۆ بەخێوکردنی خێزانەکانیان، فشارە ئابووری و دەروونییەکان چەندین منداڵی کچی ناچار کرد تووشی خەمۆکی ببن، لە کاتێکدا هەندێک حاڵەت گەیشتنە ئاستی خۆکوشتن، کە کاریگەرییەکە لە ناوچە گوندنشینەکاندا دڕندانەتر دیارە.
وتیشی: ڕێکخراوەکان پشتگیری بەرنامەکانی تەندروستی زاوزێ، فریاگوزاری منداڵبوون، ڤاکسین و چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەم پشتگیرییە بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە، سەرۆکی خێزان ناچار دەبێت لە ڕۆژانەی ببڕێت بۆ دابینکردنی تێچووی چارەسەر و خوێندن، جەختی لەوە کردەوە، کە یەکەم دەرئەنجامی ئەم قەیرانە بەرزبوونەوەی ڕێژەی وازهێنانی منداڵانی کچان بوو لە قوتابخانەکان، کە هەندێکیان ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن و کار بکەن لە کۆکردنەوەی دار یان کاری کشتوکاڵی بۆ یارمەتیدانی خێزانەکانیان.
کارکردن بۆ ماوەیەکی درێژتر
ئەلحان شیبانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ژنانی کارمەند بوونەتە هەڵگری بارگرانی دووەمی لە ئەنجامی کەمبوونەوەی هەلی کار و پشتگیری، وتی: لە ڕابردوودا شەش بۆ هەشت کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کارمان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ ناچارین لە زیاتر لە کارێکدا کار بکەین، لە ناو ماڵەکانیشەوە هەندێکجار، بۆ ماوەی درێژ تا بتوانین پێداویستییەکانی خێزانەکانمان دابین بکەین.
دووپاتیکردەوە، کە دابوونهریتی کۆمەڵایەتی توانای ژنان بۆ کارکردن لە شەودا سنووردار دەکات، کە ئەمەش سەختی باشترکردنی بارودۆخی ئابوورییان زیاد دەکات، وتی: کەمی بودجە سەرجەم کەرتەکانی گرتەوە، لە سەرووی هەمیشیانەوە خوێندن و تەندروستی "بەرنامەکانی تێکەڵکردنەوەی منداڵانی کچانی دابڕاو لە خوێندن بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەیان کرد، لە کاتێکدا چیتر بەرنامەی پێویست نییە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی چارەسەر لەسەر هاوڵاتییان.
وتیشی: بارودۆخی تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کرد، زۆرێک لە خێزانەکان ناتوانن بەرگەی تێچووی چارەسەر بگرن، لە دوای وەستانی ئەو بەرنامانەی کە خزمەتگوزاری بێبەرامبەر یان پاڵپشتیکراویان دابین دەکرد.
ئابووری قەیرانەکە سەختتر دەکات
لە لایەنی ئابووریشەوە، ئەلحان شیبانی پێی وایە خاوەن پڕۆژە بچووکەکان تووشی زیانی گەورە بوون بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و گۆڕانکارییەکانی بەهای دراو وتی: ژنان شتومەکیان بە نرخی گونجاو دەکڕی و داهاتێکیان بەدەستدەهێنا کە یارمەتی خێزانەکانیان دەدا، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکان بەرزبوونەوە، توانای کڕین پاشەکشەی کرد، بەردەوامبوون لەم پڕۆژانەدا بووە شتێکی زۆر سەختتر.
ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم بارودۆخانە ڕەنگدانەوەیان لەسەر کۆمەڵگەش هەبوو، بەشدار بوون لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەڵوەشاندنەوەی خێزانی و جیابوونەوە، زۆرێک لە خێزانەکانی ناچار کرد بگەڕێنەوە بۆ بازنەی هەژاری و فریاگوزاری لە دوای ئەوەی هیوایان هەبوو بگوازنەوە بۆ قۆناغی چاکبوونەوە.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی... شەڕێک لە پێناو مانەوەدا
کاریگەری قەیرانەکە تەنها لەسەر سوودمەندان نییە، بەڵکو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دهگرێتهوه, ئەلحان شیبانی ئاشکرای دەکات کە ڕێکخراوەکەی چوار پڕۆژەی لە ساڵی ٢٠٢٥دا جێبەجێکردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٦دا تەنها دوو پڕۆژەی دەستکەوتووە، سەرەڕای نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵەکە.
دووپاتیکردەوە، کە زۆرێک لە ڕێکخراوەکان ناچار بوون چالاکییەکانیان کەمبکەنەوە یان دەرگاکانیان داخەن، لە کاتێکدا ڕێکخراوی تر بوارەکانی کاریان گۆڕی بۆ ئەوەی لەگەڵ لەپێشینەکانی بەخشەران بگونجێت، وتی: لاوازی چاودێری و بوونی ڕاپۆرتی نادروست بەشدار بوون لە پاشەکشەی متمانەی بەخشەران هەندێک ڕێکخراو هەن ڕاپۆرتیان پێشکەش کرد کە هاوکات لەگەڵ ڕاستیدا نەبوو، ئەمەش کاریگەری لەسەر ناوبانگی کەرتی مرۆیی هەبوو، هەندێک لایەنی بەخشەری ناچار کرد پێداچوونەوە بە بەرنامەکانیان بکەن.
جەختی لەوە کردەوە، کە گەڕاندنەوەی متمانەی بەخشەران پێویستی بە بەهێزکردنی ڕوون، چاودێری، هەڵبژاردنی لێهاتووییەکان، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی پیشەیی هەیە کە پشت بە ئەنجامی ڕاستەقینە ببەستێت.
کشاندنەوەی ڕێکخراوەکان... زیانێکی دوو هێندە
سەبارەت بە کشاندنەوەی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە هەندێک چالاکی لە یەمەن، ڕوونیکردەوە، کە ئەوەی دەیخاتە ڕوو پشت بە ئەزموونی مەیدانی خۆی دەبەستێت، ئاماژە بە بوونی گلەیی لەلایەن هەندێک سوودمەندەوە دەکات سەبارەت بە ئاستی خزمەتگوزارییەکان، لەگەڵ کێشەی کارگێڕی و گۆڕانکاری لە کارمەندی پزیشکیدا، ئەم هۆکارانەی بە بەشدار لە کەمکردنەوەی هەندێک بەرنامە داناوە، بێ ئەوەی بە یەکجارەکی بڵێت ئەوان تەنها هۆکارن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە نەخۆشخانەی "مظفر" لە ڕێگەی بەرنامەکانی تەندروستی زاوزێوە، خزمەتگوزاری بێبەرامبەری پێشکەش دەکرد کە منداڵبوونی ئاسایی و نەشتەرگەری گرتبووە خۆ، لەگەڵ دابەشکردنی جانتای منداڵبوون و خاوێنی، پێش ئەوەی ئەم خزمەتگوزارییانە پاشەکشە بکەن لەگەڵ کەمبوونەوەی بودجەدا، وتی: بەردەوامبوونی کەمبوونەوەی بودجە کاریگەری مەترسیداری دەبێت لەسەر ژنان، بەتایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی نەشتەرگەری و منداڵبوون، کە ئەمەش مەترسییە تەندروستییەکان زیاد دەکات کە ژنان لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
لە نێوان ژمارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و گێڕانەوەی ژنە کارمەندەکانی بواری مرۆیی، ژنانی یەمەنی وەک گەورەترین زەرەرمەندی قەیرانی بودجە دەردەکەون، لەو کاتەی کە مەوداکە لە نێوان پێداویستییە زیادبووەکان و سەرچاوە کەمبووەکاندا فراوانتر دەبێت، کە هەڕەشەی لەدەستدانی خزمەتگوزاری زیاتر دەکات کە نوێنەرایەتی پەناگەی ڕزگارییان دەکرد بۆ ملیۆنان ژن و منداڵی کچ لە یەمەن.