ژنانی خاوەنکار: گرانی نرخی مێز و کەپری فێستیڤاڵەکان بارگرانی بۆ دروست کردووین

کردنەوەی فێستیڤاڵ و پێشەنگاکان زۆرجار بۆ سوود گەیاندنە بە خاوەنکارەکان بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، بەڵام لە ئێستادا ژنان نیگەرانن لەو نرخە زۆرەی دەخرێتە سەر مێز و کەپرەکان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ و پێشەنگاکان بووەتە دەرفەت بۆ ژنان تا بتوانن بەرهەم و کارە دەستییەکانیان ساغ بکەنەوە و بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن، بەڵام لە هەندێک فێستیڤاڵ و پێشەنگاکاندا گرانی نرخی مێز و کەپرەکان بووەتە ئاستەنگ بۆ ژنانی خاونەکار و نیگەرانن لەوەی ناتوانن وەک پێویست بەشداری بکەن.

 

" لەگەڵ قەیرانی دارایدا نرخێکی زۆر لەسەر مێز و کەپرەکان دادەنێن"

شۆخان عەبدوڵا، ژنێکی دەستڕەنگینە و لە پێشەنگا و فێستیڤاڵەکاندا بەشداری دەکات، سەبارەت بە گرانی نرخی ئەو مێز و کەپرانەی لە فێستیڤاڵەکاندا پێیان دەدرێت ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک فێستیڤاڵەکان دەکرێنەوە سەرۆکی ئەو گروپانەی ژنان تیایدا ئەندامن مێز و کەپرەکان دەگرن بۆ ئەوەی ئێمەی ژنان بەرهەمەکانمان ساغ بکەینەوە، بەڵام لە ئێستادا قەیرانی دارایی هەیە لەگەڵ ئەوەشدا مێز و کەپرەکان نرخێکمان بۆ دادەنێن کە بارگرانی بۆ ئێمە دروست دەکات، هەرچەندە هەندێک کات بێ بەرامبەر مێزمان پێ دراوە، بەڵام لە فێستیڤاڵە گەورەکاندا ئەو بڕە پارەیەی لێمان وەردەگرن لە بەرامبەر مێزێکدا زۆرە بۆ ئێمەی ژنان.

 

"کرێی زۆری مێزەکان وامان لێ دەکات نرخی کارەکانمان زیاتر بکەین"

شۆخان عەبدوڵا ڕوونی باسی لەوەشکرد، "کردنەوەی فێستیڤاڵەکان بۆ ئێمەی ژنان لە ئێستادا هیچ هاوکارییەک نییە و ناتوانین بەرهەمەکانمان بەشی ئەوە ساغ بکەینەوە کرێی مێز یان کەپرەکەی پێ بدەین، من لە ڕێگەیەکی دوورەوە دێم کرێی ڕێگەکە و خەرجی ئەوەی دەمێنمەوە دەبێت بیخەمە سەر کارە دەستییەکان، ئەمەش گران دەبێت لەسەر خەڵک و لێمان ناکڕن، زۆرکات ئێمە دەبێت خۆمان مێز و کەرەسەتەکان بهێنین، چونکە بۆمان دابین ناکرێت، بۆیە فێستیڤاڵەکان لە ئێستادا بارگرانیمان بۆ دروست دەکەن و هاوکاریمان ناکەن".

 

وتیشی: هەندێک ژن لە ماڵەوەن و کار دەکەن دەبینن ئێمە بەم شێوەیە هەوڵی ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانمان دەدەین ناتوانن بێنە دەرەوە و بەشداری بکەن، من بە ئۆنلاین کارەکانم ساغ دەکەمەوە و بەشداری فێستیڤاڵ دەکەم بۆ ئەوەی زیاتر ئیشەکانم بناسێنم، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە بێت ناتوانین بەرهەمەکانمان ساغ بکەینەوە.

 

"ئەو کرێیەی لەسەر مێزیک وەردەگیرێت زیاترە لەو قازانجەی لە کارەکانماندا دەیکەین"

شەنولە هیوا، کاری دەستی دەکات و ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر کاتێک فێستیڤاڵێ بکرایەتەوە وەکو هەر ژنێکی تر ناوی خۆی تۆمار دەکرد، بەڵام لە ئێستا لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی دیکەدا شوێنێک دەگرن، وتیشی: لە پێشتردا ساڵی چوار جار فێستیڤاڵی گەورە دەکرایەوە، ئەویش هی وەرزەکان بوو، بەڵام لە ئێستادا هەندێک کەس دەستیان لە حزبدا هەیە هەڵدەستن بە کردنەوەی پێشەنگا و فێستیڤاڵ بۆ بازرگانی و سوودی خۆیان، لە کاتێکدا مێزیان بە کرێ داوە  بە بڕە پارەیەک دواتر خاوەن مێزەکە نەیتوانیوە بەپێی ئەو بڕە پارەیە کارەکانی بفرۆشێت، ئەمەش بارگرانی بۆ سەر ئێمەی خاوەنکار دروست کردووە.

 

"پێویستە شارەوانی نرخێک لەسەر کەپر و مێزەکان جێگیر بکات"

شەنولە هیوا ڕوونی کردەوە، ژنی وا هەیە دەیەوێت بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بەشداری ئەم فێستیڤالانە بکات، بەڵام لەبەر گرانی نرخی مێز و کەپرەکان ناتوانێت، هەرچەندە پێشتر خاوەنکارەکان دڵیان خۆشبوو لە کاتی کردنەوەی فێستیڤاڵدا بەرهەمەکانیان ساغ دەکەنەوە، بەڵام ئێستا ئەو نرخە زۆرەی لییان وەردەگیرێت لە بری ئەو شوێنەی لە فێستیڤاڵەکاندا پێیان دەدرێت، وایان لێدەکات کارەکانیان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بفرۆشن و بەشداری فێستیڤاڵ و پێشەنگاکان نەکەن، پێویستە شارەوانی نرخێکی گونجاو بۆ ئەم شوێنانە جێگیر بکات، هەروەها ڕێکخەری فێستیڤاڵەکان بە ویژدانەوە کار بکەن و هەموو لایەک وەک یەک سوود وەربگرن.