سەحەر لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتووە و خواردنە کولتوورییەکانی ناوچەکەی دەناسێنێت

سەحەر لە ڕێگەی کارەکەی و دروستکردنی خواردنە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، کولتووری ڕۆژهەڵات بە خەڵکی باشوور دەناسێنێت، بە گرنگی دەزانێت کورد لە هەر شوێنێک بن پاڵپشتی یەک بکەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بێکاری خێزانێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەهێنێتە باشووری کوردستان. سەحەر و هاوژینەکەی لە ساڵی ٢٠١١وە هاتوونەتە شاری سلێمانی و چەندین کاریان تاقیکردووەتەوە، ڕۆژانێک بۆ خاوەنکاری دیکە کاریان کردووە، بەڵام لە هەوڵدان نەوەستاون و لە ئێستادا خاوەنکاری خۆیانن، لە یەکێک لە کۆشکەکانی شاری سلێمانی خواردنی ڕۆژهەڵاتی دروست دەکەن، هەرچەندە بەربەست و ڕێگری لەبەردەمیاندا هەیە، بەڵام هەوڵی خۆیان و پاڵپشتیکردنی بەشێکی زۆری خەڵکی باشوور وایکردووە لە کارەکەیان بەردەوام بن.

 

لە دروستکردنی کاری دەستییەوە پیشەکەی گۆڕیوە بۆ خواردنی ڕۆژهەڵاتی

سەحەر عەتا، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و تەمەنی ٣٦ ساڵە، ١٣ ساڵە لە شاری سلێمانی دەژی، لە سەرەتای هاتنیان بۆ شاری سلێمانی کاریان لە پێشانگاکاندا دەکرد و یەکەم کەس بووە پێشانگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە شاری سلێمانی کردووەتەوە، پاش هاتنی کۆرۆنا کاری سەحەر کەمبووەوە و کۆرۆنا کاریگەری کردبووە سەر ئیشەکانی، هەر بۆیە بیری لەوەکردەوە کۆشکێکی تایبەت بە خۆی دابنێت و  خواردنی ڕۆژهەڵاتی دروست بکات.

 

سەحەر و هاوژینەکەی لەبەر بێ کاری لە ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە ڕوویان کردووەتە باشووری کوردستان، دەربارەی کاری پێشانگاکەی ئاماژەی بەوەکرد، لە پێشانگاکاندا بەرهەمی ڕۆژهەڵاتیان نمایش دەکرد، لە هەر شارێکی ڕۆژهەڵات بەرهەمێکیان دەهێنا کە تایبەتە بەو شارە وەک 'تاوڵە، فەرشی کوردی، مس و قەڵەمکاری ئەسفەهان'، دەشڵێت: هەموو کارێکی دەستی دەزانم و لە ساڵی ٢٠٠٧وە لە شاری سنە نەخشی سەر جلی کوردیم دروست دەکرد، ئەوکات یەکەم کەس بووم کە ئەو کارەم دەکرد، جگە لەوە نەخشی سەر دار و تەختە و چەندین کاری دیکە دەزانم.

 

داواکاری خەڵکی سەحەری گەیاندووە بەم ئاستەی ئێستا

سەحەر ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ لەسەر کاری پێشانگاکە بەردەوام بوو، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە کارەکەیان ڕاگرت، دواتر شەوان بۆ دانیشتن دەچوونە بەردەم باخی گشتی و لە کۆشکەکاندا دادەنیشتن، لەلایەن یەکێک لە کۆشکەکانەوە پێشنیاریان بۆ کردووە کار بکات لەلای، کاتێک دەستی کردووە بە کار و خەڵکی زانیویانە خەڵکی ڕۆژهەڵاتە داوای خواردنیان لێکردووە کە بۆیان دروست بکات، پاشان بەهۆی داواکاری زیاتری خەڵکی بۆ خواردنەکانی، بە تەنها کۆشکێکی گرتووە لە بەردەم باخی نالی و دەستی کردووە بەو کارە.

 

ئەو ژنە ڕۆژهەڵاتییە باسی لەوەکرد، خەڵکی ئاشنان بە خواردنی ڕۆژهەڵاتی و حەزی لێدەکەن، چونکە بە تەندروستی دەزانن، خواردنەکانی سەحەریش بریتین لە 'قورمەسەبزی، دیزی، برنج بە پاقلە، فسنجان، زرشک پڵاو، ئاش ڕشتە و خۆرشتی قیمە'، وتیشی: گرنگە ژنان بێنە دەرەوەی ماڵ و کار بکەن و خۆیان پێبگەیەنن، چونکە کاتێک دێیتە دەرەوە ئەزموونی ژیان دەکەی و زیاتر بەهێز دەبیت.

 

"بەربەست و ڕێگری هەن بەڵام ئێمە لە هەوڵدان نەوەستاوین"

لە درێژەی قسەکانیدا سەحەر عەتا دەربارەی بەربەستەکانی بەردەمیان ڕوونیکردەوە، دەستکەوتنی کۆشکێک بۆ کارکردن ئاسان نییە بەتایبەت لەو دۆخەی ئێستای باشووری کوردستان کە بێکارییە، وتیشی: زۆرکات لەلایەن گەنجەکانەوە قسە دەکرێت بەوەی یەکێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کاری دەستکەوتووە بەڵام گەنجان بێ کارن.

 

لە بەرامبەردا باسی لەوەکرد خەڵکی دەستخۆشیان لێدەکات بۆ کارەکانیان و حەزیان بە خواردنەکانی هەیە، بەتایبەت کە خێزانێکن و پێکەوە کار دەکەن، بە گرنگی دەزانێت کورد لە هەر شوێنێک بن پاڵپشتی یەکتر بکەن و جیاوازی نەکەن لەناو پارچەکاندا، چونکە تەنها سنورێک ئەوانی جیاکردووەتەوە ئەگەر نا هەمووان کوردن.

 

سەحەر جگە لەوەی خواردن دروست دەکات لە ناو کۆشکەکەیدا، بە ڕێگەی ئۆنلاینیش لە ماڵەکەیدا خواردن بۆ فرۆشتن ئامادە دەکات، لە کۆتاییدا وتی: ڕۆژانە داواکاری لەسەر خواردنەکان هەن و بە گشتی خەڵک حەزی بە تامەکانیانە، لە پلانمدا هەیە شوێنەکەم گەورە بکەم تا ئەو ئاستەی خەڵکی بێن بە ئاسوودەی نانی تیادا بخۆن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ڕێگە پێدان نادەن بە خەڵکی پارچەکانی دیکە و دەبێت لەگەڵ یەکێک لە باشووری کوردستان هاوبەش بیت، ئەوەش بەربەستی دروست کردووە.