ژنێک هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنانی دیکە

هەرچەندە خراپی دۆخی ئابووری کاری ژنانی لاواز کردووە، بەڵام نەرمین لەگەڵ خێزانەکەی کارەکەیان هێشتووەتەوە و هەوڵ دەدەن دوکانێک دابنێن و هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- نەرمین ماوەی ١٠ ساڵە لە ماڵەکەی خۆیدا کارگەیەکی بچووکی شیرینی داناوە و هەموو ئامانجی ئەوەیە دڵی کڕیارەکانی لە خۆی ڕازی کات، جگە لەوەش هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی دووبارە هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنێت و دوکانێکی تایبەت بە خۆی بکاتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر ئاشنای کارەکانی بن، نەرمین ڕۆژانە لە کاتژمێر ٧ی بەیانییەوە دەست دەکات بە کارکردن و شێوازی فرۆشتنیان لە ڕێگەی پەیجی تایبەتی خۆیانەوەیە، وەک باسی دەکات خەڵکی حەز بە شیرینییەکانیان دەکەن و زیاتر لە شیرینی کولیچەدا چڕ بوونەتەوە.

 

نەرمین محەمەد، تەمەنی ٤٤ ساڵە و دایکی پێنج منداڵە، ماوەی ١٠ ساڵە سەرقاڵی کاری دروستکردنی شیرینییە و ئەو کارەشی کردووە بە پیشەی خۆی و خێزانەکەی، نەرمین تا قۆناغی سێی ناوەندی خوێندووە، دواتر وازی لە خوێندن هێناوە و بە بەشداریکردنی لە خولێکی برینپێچی وەک کارمەندێکی تەندروستی بۆ ماوەی چەند ساڵێک کاری کردووە.

 

نەرمین بەهۆی چوونە ناو ژیانی هاوسەرگیرییەوە و ڕۆیشتنی بۆ شارێکی دیکە، وازی لەو کارە هێناوە دواتر لە ساڵی ٢٠١٤وە دەست دەکات بە کاری دروستکردنی شیرینی، لەو بارەیەوە وتی: هەموومان بۆ دیاریکردنی بژێوی ژیانی خۆمان و ئەو کارەی کە دەمانەوێت بە درێژایی تەمەنمان بیکەین، هەوڵی دیاریکردنی دەدەین، بۆیە منیش هەستم کرد دەستم لەگەڵ دروستکردنی شیرینی و هەویر یەتەوە، هەر بۆیە دەستم کرد بەم کارە.

 

"ئامانجمە هەلی کار بۆ ژنانی دیکە دروست بکەم"

نەرمین محەمەد بەر لەوەی وەک خاوەن کارێک کار بکات، لە کارگەیەکی دیکە کاری کردووە و ئەوێ بووەتە هۆکار تا نەرمین خۆی بناسێت و بزانێت چ بەهرەیەکی هەیە، دواتر بیری لە دامەزراندنی هەلی کار بۆ خۆی و چەند ژنێکی دیکە کردووەتەوە، هەر بۆیە کارگەیەکی دروستکردنی شیرینی داناوە، دەشڵێت: سەرەتا کە ئیشەکەم بنیادنا خۆم و کوڕێکم کارەکەمان دەکرد و ڕۆژ هەبوو تەنها سێ کیلۆ شیرینیمان دەفرۆشت، بەڵام دواتر پڕۆژەکەمان گەورە کرد، تا وایلێهات ٨ ژن لای ئێمە کاریان دەکرد.

 

نەرمین پێی وایە گرنگە هەلی کار بڕەخسێندرێت بۆ ژنان و بە پێویستی دەزانێت ژنان کار بکەن و پشت بە خۆیان ببەست و دەڵێت: دەروونم ئارام دەبێتەوە کاتێک هەلی کار بۆ کەسانی دیکە ڕێکدەخەم، ئێمە کاتێک کارمان دەکرد وەک خێزانێک پێکەوە کارمان دەکرد.

 

"پشوو درێژی و هەوڵدان بۆ بەردەوامی دەتگەیەنێت بە ئامانج"

نهێنی کارەکانی نەرمین محەمەد پشوو درێژییە و پێی وایە بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی کار هۆکارێکی باشە، بۆ ئەوەی کارەکەت بگاتە سەرکەوتن، وتیشی: هەر کارێک کە دەیکەیت ماندووبوونی هەیە و زەحمەتی دێتە بەردەمت، بەڵام پێویستە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا هەنگاو بنێیت بەسەر کێشەکاندا و چارەسەریان بۆ بدۆزیتەوە، دەبێت ژنان شان بە شانی ژیان هەوڵ بدەن و کار بکەن، ئامانجیان هەبێت هەر کاتێک کەسێک ئامانجی هەبێت و هەوڵی بۆ بدات بێگوومان پێی دەگات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا نەرمین باسی لەوەکرد، ڕێگری و قسەی ناخۆش بەردەوام هەن و کێشە و گرفتەکان بۆ ژنانی خاوەن کار زیاترە، بەڵام پێویستە ژنان زاڵبن بەسەر بەربەستەکاندا و هەوڵی بەردەوام بدەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی دەیانەوێت، دەڵێت: خێزانەکام و هاوژینەکەم پاڵپشتی بەردەوامم بووە و هەوڵمانداوە بژێوی ژیانمان پێکەوە بەدەست بهێنین، ئەوەی گرنگە ناسینی ژنان خۆیانە و کۆڵنەدانە.

 

"خراپی دۆخی ئابووری کاری کردووەتە سەر کاری ئێمە"

دەربارەی خراپی دۆخی ئابووری و ئەو بێ کاریەی لە ئێستادا لە باشووری کوردستان هەیە، نەرمین محەمەد وەک خاوەن کارێک ڕوونیکردەوە، گومانی تێدا نییە خراپی دۆخی ئابووری کاریگەری کردووەتە سەر کارەکەیان بە جۆرێک پێشتر ٨ ژن کاریان دەکرد لای نەرمین، بەڵام لە ئێستادا تەنها خێزانەکەی خۆی کاری لەگەڵدا دەکەن، چونکە داواکارییەکان کەمبووەتەوە، وتیشی: هەموو هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە پڕۆژەکەمان بمێنێتەوە نەک لەناو بچێت، ئەگەر فرۆشیشمان کەم بێت.