ژنان بە کاری بەکۆمەڵ هەنگاو دەنێن بۆ ئابووری سەربەخۆیان

ئەو ژنانەی کە بە کۆمەڵ کار دەکەن دەزانن کە ژیان بەو شێوەیە باشتر و پێشکەوتووتر دەبێت و دەڵێن: یەکگرتوویی ژنان بەهێز دەکات.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- لەم ساڵانەی دواییدا، ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیان کردووە بە کاری بەکۆمەڵ و کارکردن لە ماڵەکانیانەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ژنان لە تەمەن و ناسنامە و ئەزموونی جیاواز. لەم خاڵەدا، ئەمە یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی باری دابینکردنی سەرمایە و ئابوری سەربەخۆ، کاری دەستی دەکەن و بەرهەمەکانیان لە ڕێگەی میدیای دیجیتاڵییوە دەفرۆشن.

 

"پڕۆژە بچووکەکان توانای ١٦٠ ژن بەهێز دەکەن"

سەمیرە شاویش خەڵکی قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، مامۆستای منداڵان بوو لە قوتابخانە و دوای ئەوەی وازی لە کارەکەی هێنا، بەرهەمی جۆراوجۆر دروست دەکات وەک تابلۆ و کەلوپەلی ڕازاوە لەگەڵ سیرامیک.

 

سەمیرە شاویش هەنگاوێکی گەورەتری گرتەبەر و چووە ناو گروپی "پرۆژە بچووکەکان" کە ١٦٠ ژنی بەهرەمەند و شارەزا ئەندامی گروپەکەن، سەمیرە شاویش وتی: گروپەکەمان بۆ پرۆژەی بچووکە، هەر یەکێک لە ئێمە کارێکی جیاواز دەکات، لە چەندین فێستیڤاڵ و چالاکیدا بەشداریمان کردووە و ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرە بۆ داهاتی ئابووری ژنان، لە هەمان کاتدا  دڵخۆشین کاتێک ئەمە دەکەین، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان بەهێزکردنی تواناکانی ژنانە.

 

"پێویستە ژنان هان بدرێن و بەشداری لە کاری هاوبەشدا بکەن"

سەمیرە شاویش وتی: کاری بەکۆمەڵ هەنگاوێکی گرنگە بۆ ژنان، بونیادنانی گروپی تایبەت بە هونەری ژنان زۆر گرنگە چونکە ئەم هەنگاوە ڕێگە بە ژنان دەدات پێکەوە کۆببنەوە و خۆیان گەشە پێبدەن، لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەم شتانە بوونیان نەبوو، بەڵام ئێستا ژنان دەتوانن بژیوی ژیانیان دابین بکەن، پێویستە ژنان هان بدرێن بۆ بەشداریکردن لە کاری هاوبەشدا، هەروەها ڕووبەڕووی هەندێک کێشە دەبینەوە بەهۆی بەرزی نرخی ماددەکان، بەڵام بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی بە شێوەیەکی جێگرەوە.

 

"ئەو کارەی بە خۆشەویستی ئەنجام دەدرێت سەرکەوتووە"

سارا خەلەف ژنێکی گەنجی خەڵکی قامیشلیۆیە، کە خاوەنی پڕۆژەی "دەمۆیسەل"ە، کە دەرمانی سروشتی بە ڕۆنی زەیتوون بەرهەم دەهێنێت، هەم بۆ جەستە و هەم بۆ قژ، سارا تیشکی خستە سەر پڕۆژەکەی و وتی: ماوەیەکی زۆرە حەزم لەم پڕۆژەیەیە، بۆ ماوەی سێ ساڵ کارم لەسەر کرد، ئەو کارەی کە بە خۆشەویستی ئەنجام دەدرێت سەرکەوتووە، کارەکە تەنها بۆ بەدەستهێنانی پارە نییە، بەڵکو بۆ بونیادنانی کەسایەتییەکی بەهێز و بەهرەمەندە، لەوانەیە زۆر کەس هەمان کار بکەن و هەمان بەرهەم دروست بکەن، گرنگ نییە لە ماوەیەکی کورتدا چەندین بەرهەم بفرۆشن، گرنگترین شت ئەوەیە کە بەرهەمێکی باش پێشکەش بکەین کە هەمووان سوودی لێوەر بگرن.

 

"ژنان بەهرەمەندن و یەکگرتن بەهێزیان دەکات"

سارا خەلەف باسی لەوە کرد، ژنان بە کار و بەهرەکانیان ناسراون و پێویستە ژیانی خۆیان بەڕێوەببەن و وتی: ژنان بەهرەمەندن و میدیای دیجیتاڵیش سوودی بۆ کارەکانیان هەیە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەیانەوێت پڕۆژەکان دروست بکەن، بەڵام بۆچوونی نەرێنییان هەیە، پێویستە پشتگیری یەکتر بکەین، کاری بەکۆمەڵ ڕێگە بە چەندین بەرهەم دەدات لە ماوەیەکی کورتدا دەربچن، هەرچەندە کار بۆ پیاوان گرنگە، هەروەها پێویستییەکی سەرەکیشە بۆ ژنان، پێویستە ژنان بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، پێویستە ژنان خۆیان بەدووربگرن لەو بۆچوونەی "ئێمە خۆمان لە دەوری پیاوان کۆ دەکەینەوە بۆ ئەوەی بژین" دەبێت ئەوەش بزانین کە دەتوانین کەسایەتییەکی سەربەخۆ دروست بکەین.