ئیبتیسام وەردی؛ نووسەرێکی مەغریبی کە ڕووبەڕووی ئازار دەبێتەوە و سەرلەنوێ هەڵدەستێتەوە

لە جیهانێکدا کە ژنان ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبنەوە، ئەزموونی نووسەرێکی مەغریبی ڕۆشنایی دەخاتە سەر گەشتێکی کەسی ناوازە بەرەو چاکبوونەوە.

حەنان حارت

 

مەغریب- ئیبتیسام وەردی، نووسەر و چالاکوانی کۆمەڵایەتی مەغریبی، چیرۆکێکی مرۆیی دەخاتە ڕوو کە لە ڕێگەیەوە هەڵیبژاردووە قۆناغێکی سەختی نەخۆشی بگۆڕێت بۆ خاڵی دەستپێکی نوێ، لە قۆناغێکی ژیانیدا تووشی حاڵەتێکی پشت بوو کە کاریگەری لەسەر جووڵەی هەبوو و شێوازێکی ژیانی سەختی سەپاند کە نزیک بوو ببێتە هۆی گۆشەگیری و بێزاری.

 

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ئیبتیسام وەردی ڕووی لە نووسین کرد وەک ئامڕازێک بۆ هەستانەوە و ڕێکخستنەوەی خۆی، هەروەها بوو بە ئامرازێکی ناوخۆیی خۆڕاگری کە وردە وردە هاوسەنگییەکەی گەڕاندەوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بە تەواوی چاک بووەوە و دوای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختە گەڕایەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی.

 

لەم چوارچێوەیەدا، یەکەم پەرتووکی بە ناوی "گەشتی ژیان لە نێوان شادی و هیوادا" دەکەوێتە چوارچێوەی ژانری ئەدەبیاتی خۆڕاگرییەوە، ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی کەسییە کە بە ئازار و دڵشکاندن و شکست دیاری کراوە، پێش ئەوەی بگاتە خۆ بونیادنانەوە و سەرهەڵدانەوەی دووبارە، ئەزموونی تاکەکەسی تێدەپەڕێنێت بۆ پەیامێکی فراوانتری مرۆیی.

 

پەرتووکە بانگهێشتێکی ئاشکرای هەڵگرتووە کە هەرگیز واز نەهێنن، دووپاتی دەکاتەوە، کە هیوا تا هەناسە هەبێت دەمێنێتەوە، هەروەها توانای ڕزگاربوون لە ئازار لەبەردەستی هەردوو ژن و پیاودایە کاتێک ئازار دەگۆڕێت بۆ هۆشیاری و ئەزموون بۆ هێزی ناوەوە.

 

ئیبتیسام وەردی وتی: پەرتووکەکە ڕێزبەندییەکی نەریتیی کرۆنۆلۆژی پەیڕەو ناکات، بەڵکو شوێبنێک بۆ بیرکردنەوە لە واتا و توانای خۆڕاگری لە نێوان گۆڕانکارییە سەختەکانی ژیاندا دەکاتەوە، بە هۆکاری تایبەت هەڵیبژاردووە بە شێوەی دیجیتاڵی بڵاوی بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بگاتە فراوانترین ئامادەبووان.

 

''دەستپێک لە ئەزموونێکی کەسییەوە''

جەختی لەوە کردەوە، کە دەقەکە سەرەڕای ئەوەی لە ئەزموونێکی کەسییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی بە زمانێکی سادە و سۆزداری قسە لەگەڵ خوێنەر بکات، هەروەها خۆشی حاڵەتێکی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو هەڵبژاردنێکی ڕۆژانەیە و تەنانەت لە تاریکترین ساتەکانیشدا دەتوانرێت هیوا بچێنرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نووسین ئامرازێکی چارەسەرکردن و بەرگرییەکی بێدەنگ بووە بۆی، ئازارەکانی گۆڕی بۆ زانین و شکست بۆ هێزی ناوەوە، پەرتووکەکە تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندێکی ڕوونی مرۆیی و ژنان، ژنان وەک بریکارە چالاکەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ڕوو نەک وەک زیانبەرکەوتووی ئەو ئاستەنگانە.

 

هەروەها جەختی لە گرنگی چاودێریکردنی خۆیی و پشتیوانی مرۆیی و پەیوەندییە نزیکەکان کردەوە وەک توخمە سەرەکییەکان لە پرۆسەی چاکبوونەوەدا، پەرتووکەکە بانگهێشتێکی کراوەیە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ خود، بۆ سەیرکردنی شکست وەک قۆناغێکی فێربوون و ژیان و ڕێگایەکی پڕ لە وانە کە هەرگیز بێ ڕووناکی نییە، هەرچەندە تاریکی چڕ بێت.

 

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ناونیشانی "گەشتی ژیان لە نێوان خۆشی و هیوادا"، ڕوونی کردەوە، کە ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆیەتی وەک تێکەڵەیەک لە خۆشی و تێکشان، ئاڵەنگاری و سەرکەوتن، هەروەها خۆشی بۆ خۆی ئامانج نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ئارامی و کۆڵنەدەرە سەرەڕای بەربەستەکان.

 

ڕوونیکردەوە، کە پەرتووکەکە دەنگدانەوەی هەیە لەگەڵ زۆرێک لە ژنان، چونکە هەوڵیدا ئازاری کەسی بگۆڕێت بۆ زمانێکی هاوبەش، ڕێگە بە هەموو ژنێک دەدات بەشێک لە ئەزموونی خۆی ببینێت کە تێیدا ڕەنگدانەوەی هەیە، زۆرجار شکست بە توندییەکی زیاترەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە کاتێک باس لە ژنان دەکرێت، هەرچەندە قۆناغێکی پێویستە بۆ گەشەکردن.

 

سەبارەت بە بەشداریکردنی لە کاری کۆمەڵایەتیدا، ئیبتیسام وەردی دووپاتیکردەوە، کە کارلێککردنی لەگەڵ ئەزموونی ژنانی دیکە وای لێکردووە خۆڕاگری وەک سیفەتێکی باوی مرۆیی ببینێت، پشتگیری و هاندان دەتوانێت سەرەتایەکی نوێ دیاریبکات، نووسین دەتوانێت درێژکراوەی چالاکی ژنان بێت و جۆرێک لە بەرخۆدانی بێدەنگ بێت.

 

سەبارەت بەو پەیامەی کە حەز دەکات بیگەیەنێتە ئەو ژنانەی کە بە ئەزموونی سەختدا تێدەپەڕن، ئیبتیسام وەردی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: خۆڕاگری دڵنیاییە، ئەزموونە سەختەکانیش دەتوانرێت بگۆڕدرێن بۆ هێز، مەترسن لە دەربڕینی چیرۆکەکانتان، هەموو ڕۆژێک بەردەوام بن لە گەڕان بەدوای خۆشی و هیوادا.