ژنان لە فێستیڤاڵی شانۆی زیویە ڕووبەڕووی نایەکسانی دەبنەوە
فێستیڤاڵی شانۆیی زیویە لە سەقز میوانداریی نمایشە شانۆییەکان دەکات کە دابوونەریت و فەرهەنگی جیاواز لە ناوچە جیاوازەکانی ئێرانەوە دەگێڕنەوە، کە ئەمەش ڕووداوێکە لە پاڵ جۆراوجۆریی فەرهەنگیدا، ئاستەنگ و ڕێگرییە بەردەوامەکانی سەر ڕێگەی ژنان لەم بوارهدا ڕەنگ دە
نۆڤا کەریمیان
سەقز- هەمیشە هونەری شانۆ مێژووی گێڕاوەتەوە و ڕەنگدانەوەی باوەڕ، دابوونەریت و شێوازی ژیانی گەلان بووە، و شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم هونەرە.
لە دڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ناوچەی زیویە لە ٢٨ تا ٣١ی تشرینی یەکەمدا، میوانداریی گێڕانەوەی فەرهەنگ و دابونەریتە جیاوازەکانی ئێران دەکات، لە هەڵپەڕکێیەکەیەوە کە گەلان بە یادەوەریی ”خودانوور” لە سیستان و بلوچستان دەخاتەوە، تاوەکو گۆرانیی ئەو ژنانەی کە گوێی زەوی بۆ دڵخۆشدەکەن، لە ئەفسانەی ”شاهماران”ەوە تا نەوای ”عاشیق”ە ئازەرییەکان، ئەو بووکەی کە گۆرانی بۆ کوردستان دەڵێت و بۆ باران دروشم دەگێڕێتەوە.
چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی فۆلکلۆری، دابوونەریت و نمایشە ئاینی-فۆلکلۆرییەکان لە زیویەی شاری سەقز، ئەم ڕۆژانە دیمەنێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبەخشێت، فێستیڤاڵەکە میوانداریی ١٢ گروپی شانۆیی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران دەکات، لەگەڵ هونەرمەندانی باشووری کوردستان.
لە ناو کارە بەشداربووەکاندا دەتوانین ئاماژە بە شانۆی ”ژن” لە شاری سنە، دوو شانۆی ”وزرا کوشی” و ”شاهماران” لە کرماشان، و ”بووکەبارانە” لە قوروە، و ”عروس برون” لە کهگیلویە و بۆیر ئەحمەد و یاسووج، شانۆی ”پەیمانی دۆستان” لە کەلار بکەین، هەروەها خشتەی فێستیڤاڵەکە نمایشە شانۆییەکانی ”گلوکانی” لە دەهگولان، ”ئیلیک بەهار” لە جۆلفا، ”هێشتا درەنگ نەبووە” لە ئێرانشهری سیستان و بلوچستان، شانۆی ”گیل زاکان” لە کۆچای خیلان لەخۆ دەگرێت.
جیاوازییە فەرهەنگییەکان و پەرۆشی بۆ ناسینی فەرهەنگەکانی تر، ئەم فێستیڤاڵەی کردووە بە ڕووداوێک کە سەرنجێکی زۆری گەلانی بەدەست هێناوە، بابەتەکانی زۆرینەی نمایشەکان دەسوڕێنەوە دەوروبەری بەرجەستەکردنی باوەڕەکان، دابوونەریت، گێڕانەوەکان، ئەو لایەنە کەمتر دەرکەوتووانەی ژیانی ئەو گەلانەی کە لە جوگرافیای ئێراندا دەژین.

سەرەڕای ئەوەی سەقز میوانداری سەرەکیی فێستیڤاڵەکەیە، بەڵام هەندێک لە نمایشەکان لە شارۆچکەی ”سنتە” (ناوەندی ناوچەی ئیمامی سەر بە شاری سەقز) و شاری بانیش پێشکەش کران، بە مەبەستی گونجاندی دەرفەت بۆ زۆرترین ژمارەی گەلان بۆ سەیرکردنی ئەم کارانە.
لە دڵی ئەم گێڕانەوانەدا، ژنان خاوەنی پێگەیەکن کە ناتوانرێت نکۆڵی لێ بکرێت، زۆربەی دابوونەریتە ناوخۆییەکان، لە گۆرانی و هەڵپەرکێی بەکۆمەڵەکانەوە بگرە تا دەگاتە دابونەریتەکانی پیتی خاک، باران بارین و بەرەکەت، بەهۆی ئامادەیی ژنان و ڕۆڵی چالاکیانەوە شێوەیان گرتووە و نەوە دوای نەوە دەستاودەستیان پێکراوە، لە ڕاستیدا، بەشێکی گرنگ لە میراسی فەرهەنگی کە ئەمڕۆ لەسەر تەختی شانۆ بەرجەستە دەکرێت، بێ ڕۆڵی ژنان ئەستەمە وێنەی بکێشرێت، سەرەڕای ئەوەش، پێگەی ژن لە گێڕانەوەی ئەم دابونەریتدز مەرج نییە بە واتای بەهرەمەندبوونی بێت لە دەرفەتی یەکسان لە کەشی هونەری و شانۆییدا.
شەیدا. ک، ئەکتەر و شانۆنووس، سەبارەت بە کۆتوبەندەکان و پەراوێزخستنی ڕۆڵی ژنان وتی: وێنەی ژنان لەسەر پۆستەری فێستیڤاڵەکەدا دەرناکەوێت، هەروەها پێکاتەی لیژنەی دادوەرانیش چۆڵە لە هەر ناوێکی ژنانە، هەڵپەرکێی نەریتی لە چوارچێوە فەرمی و جێبەجێکارییەکەیدا تەنها بۆ پیاوان قۆرخ کراوە، ئەمەش لە کاتێکدا ژنان ڕۆڵی سەرەکی لە زۆرێک لە گێڕانەوە نەریتییەکاندا دەگێڕن و بەشێک لە ناسنامەی فەرهەنگیی ئەم نمایشەنە بە بەشداربوون و دەنگی ئەوانەوە بەستراوەتەوە، هەروەها کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و یاساییەکانی سەپێندراو بەسەر پۆشاک، جوڵە، دەنگ، ئازادیی کارکردن لەسەر شانۆدا لە دیارترین ئاستەنگەکانن.
سەرەڕای ئەم کۆتوبەندانە، ئامادەیی ژنان لە مەیدانی شانۆدا بەردەوامە، دەکرێت فێستیڤاڵی ”زیویە” بە خاڵی هێز بۆ ڕەنگدانەوەی ڕۆڵە مێژووییەکەیان لە گێڕانەوە و نەریتە ڕەسەنەکاندا هەژمار بکرێت، بەڵام بەرجەستەکردنی ڕۆڵیان لە گێڕانەوە شانۆییەکاندا تەواو ناکرێت مەگەر کاتێک کەشی پێویستیان بۆ دەستەبەر بێت، نەک تەنها وەک کەسایەتییەک لە ڕێوڕەسمێکدا یان وەکو بەشێک لە میراسی ڕابردوو، بەڵکو وەکو هونەرمەندێک کە خاوەنی دەنگ، مافی هەڵبژاردن و توانای بڕیاردان بن لە کاتی ئێستادا.
شەیدا. ک، وتی: گۆڕینی ئەم دۆخە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە لە پەیکەرە فەرهەنگی و هونەرییەکان و بەڕێوەبردنێکی جیاواز بۆ فێستیڤاڵەکان، سەرەڕای ئەوەش، هێشتا هونەرمەندانی ژن هیوایان بەوەیە کە بگەنە پێگەیەکی بەرزتر لەم مەیدانەدا و ئەم فێستیڤاڵە بە دەرفەتێکی گرنگ دەزانن بۆ ناساندنی فەرهەنگ و ڕێوڕەسمە جیاوازەکان.
شایەنی باسە چوارەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە ئەمڕۆ ٣١ی تشرینی یەکەم کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت، بە سازکردنی ڕێوڕەسمی کۆتایی دوای چوار ڕۆژ لە نمایش و میوانداریکردنی گروپە شانۆییەکان.