لە دەیەمین فێستیڤاڵی شەهید بێریتان لە مەخموور پێشانگایەکی هونەری کرایەوە.
لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور)، دەیەمین فێستیڤاڵی کولتوور و هونەری شەهید بێریتان بە کردنەوەی پێشانگایەکی ڕەنگاوڕەنگ بەردەوامە.
مەخموور
دەیەمین فێستیڤاڵی کولتوور و هونەری شەهید بێریتان، کە بووەتە نەریتێک، ئەمڕۆ لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور)، بە کردنەوەی پێشانگایەکی کولتووری و هونەری، بە سەرپەرشتیاریی بنکەی ژنی شەهید شەڤین بەردەوامە. دانیشتووان و دامەزراوەکانی کەمپ ڕوویان لە شوێنی پێشانگاکە کرد، کە پێشوازییەکی زۆری لێکرا.
پێشانگاکە لە پارکی شەهید ئارین جودی بە خولەکێک بۆ ڕێزگرتن دەستی پێکرد. دوای ڕێزگرتنەکە، نوورە کارا بە ناوی ئەنجومەنی ئیشتار قسەی کرد.
شەهید بەرێتان ژنێکی شۆڕشگێڕ، خەباتگێڕ و قارەمان بوو
نوورە کارا لە سەرەتای قسەکانییدا، ئاماژەی بە خەبات و بەرخۆدانی شەهید بێریتان کرد و وتی: شەهید بەرێتان ژنێکی شۆڕشگێڕ، خەباتگێڕ و قارەمان بوو. خاوەنی کەسایەتییەکی وا بوو کە بە قارەمانێتی و ئیرادەی خۆی، لە بەرامبەر هێڵی خیانەت و تەسلیمبووندا، هێڵی بەرخۆدانی سەرخست. لە خەباتی ئازادیدا، بەهۆی قارەمانێتیی شەهید بەرێتانەوە، ژنانی شۆڕشگێڕ لە ناو جووڵانەوەی ئازادیی کوردستاندا بوونە هێز و سوپای ژن پێکهات.
"لە ژیان و سیستەمی کۆمەڵایەتیدا سوور دەبین"
نوورە کارا ئاماژەی بە قۆناغی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کردو وتی: لە هەموو بوارەکاندا، لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک، ژینگەپارێزی و ئازادیخوازیی ژنان، پێشەنگایەتیی ئەم قۆناغە دەکەین. لە ژیان و سیستەمی کۆمەڵایەتیدا سوور دەبین و ئازادیی جەستەییی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین. پیرۆزبایی دەیەمین فێستیڤاڵی کولتوورو هونەری شەهید بەرێتان، لە سەرەتاوە ئاراستەی هاوڕێی ئازادیی ژنان، ڕێبەر ئاپۆ، هەموو ژنانی خەباتگێڕ، شەهیدانی ئازادی، تەواوی ژنان و دانیشتووانی کەمپی مەخموور دەکەین.
دوای قسەکانی پەردەی پێشانگاکە بڕدرا و بە ڕووی خەڵکدا کرایەوە
لە پێشانگاکەدا، ٣٠ تابلۆی وێنەیی سەبارەت بە ژیانی شەهید بێریتان، لەگەڵ کاری دەستی و بەرهەمی کولتووری، پیشان دران. هەروەها دایکان بە دروستکردنی نان و گروپی مەریەمخان بە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانیان، ڕەنگیان بە شوێنی پێشانگاکە بەخشی.