ئارێز سەروەر؛ ١١ ساڵە بە ڕەنگ و برغوو کار دەکات
ئارێز سەروەر، شێوەکار ١١ ساڵە لە تابلۆکانیدا بابەتی ژن، سروشت و ناسنامەی نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی وێنا دەکات، قاوەخانەیەکی بچووک بووەتە شوێنێک بۆ نیشاندانی بەرهەمە هونەرییەکانی.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە ناو بۆنی قاوەو لە ژێر سێبەری تابلۆ ڕەنگاوڕەنگەکاندا، ژنێک کە ژیانی لەنێوان دوو جیهاندا دابەش بووە، جیهانی فێرکردنی منداڵان و جیهانی هونەری دیوارەکانی قاوەخانەکە بە کارە هونەرییەکانی خۆی ڕازاندوەتەوە، کارەکانی تەنها وێنە نین، بەڵکو زمانێکن بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ژنان، جوانیی سروشت و ئەو پرسە نەتەوایەتییانەی کە ساڵانێکە لە ناخی کۆمەڵگادا دەژین، ئەو هونەرمەندەیە ١١ ساڵ پێش ئێستا خوێندنی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە، ئێستا مامۆستای هونەرە لە باخچەیەکی منداڵان، بەڵام کاتێک پەنجەکانی بە ڕەنگەکان لەسەر تەختە دەجوڵێت یان بە هۆنەری برخوو هێڵەکان دەکێشێت، چیرۆکێکی تر دەست پێدەکات، چیرۆکی ژنێک کە هونەر بۆهەست، بیرکردنەوە و ناسنامەی خۆی بگوازێتەوە بۆ بینەرەکانی بەکار دەهێنێت، پاشان لە ساڵی ٢٠٢٢دا، لەگەڵ هاوژینەکەی قاوەخانەیەکی بچووکیان بونیاد نا، شوێنێک تێیدا هونەر و ژیانی ڕۆژانە بەیەکەوە بونیاد دەنێن، ئەو قاوەخانەیە تەنها شوێنێک بۆ خواردنەوەی قاوە نییە، بەڵکو گەلەرییەکی بچووکە کە دیوارەکانی بە نەخشاندنی تابلۆکان هەر گوشەیەکی چیرۆکێکی تایبەت لە خۆ دەگرێت.
ئارێز سەروەر، شێوەکار، بە باس کردن لە ژیان، کار و خەونەکانی هونەرمەندێک کە لە نێوان ڕەنگ، برغوو، سروشت و سیمای ژناندا، هەوڵدەدات پەیامێکی مرۆیی و نەتەوایەتی بگەیەنێت، پەیامێک کە لە هەر تابلۆیەکدا بە زمانێکی جیاواز دەدوێت، دەکات.
" خەریکی کێشانی وێنەی ژن و سروشت و دەربڕینی هەستی نەتەوایەتیمم"
ئارێز سەروەر، شێوەکار و مامۆستا ئاماژەی بەوەکرد، دەرچووی بەشی شێوەکارییە، ماوەی ١١ ساڵە کاری شێوەکار و وتنەوەی وانەی هونەر لە باخچەیەکی منداڵدا دەکات، وتی: بەشێوەیەکی ئەکادیمی وانە بە خوێندکارانی باخچەکە دەڵێمەوە، لەپاڵ مامۆستاییەکەمدا سەرقاڵی کاری هونەری و کێشانی وێنە هونەرییەکانم، ڕۆژانە لە پاڵ ئەرکی دایکایەتی و مامۆستایەکەمدا خەریکی کێشانی وێنەی ژن و سروشت و دەربڕینی هەستی نەتەوایەتیمم، سەرەڕای ئەوەی ئەرکی مامۆستایەتیم کارە هونەرییەکانم کەمێک دوادەخات، بەڵام بەردەوام لە ڕێگەی پەیجی "ئارۆ گەلەری"یەوە هەوڵدەدەم کارەکانم زیاتر بناسێنم، بە چەندین قەبارەو شێوازی جیاواز کار لەسەر تابلۆکان دەکەم، تەنها لە ڕەنگ و فڵچەدا کارناکەم، بەڵکوو بە شووشە و برغوو کار لەسەر لەوحەکانی وێنەکێشانم دەکەم، هەروەها بە پەت و بزماریش چەندین کاری هونەریم لەسەر خواست و داواکارییەکانی هاوڵاتیان ئەنجامداوە، لە تابلۆکاندا زیاتر کارم لەسەر هەستی نەتەوایەتیم و مۆرکی کوردەواری کردووە، دەمەوێت کاتێک تابلۆکانم دەبیندرێت مۆرکی کوردبوونمیان پێوە دیاربێت، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەگەڵ هاوژینەکەم قاوەخانەیەکی بچووکمان بونیادنا، لە قاوەخانەکەدا مۆرکی هونەرو شێوەکاری پێوەدیارە، تابلۆکانی ناو قاوەخانەکە خۆم دروستم کردوون و مۆرکێکی هونەری و جیاوازی بە قاوەخانەکە بەخشیوە، هەروەها وەک گەلەرییەکی بچووک لێی دەڕوانین، هەروەها ڕۆژانە هاوکاری هاوژینەکەم لە کاری دروستکردنی پێداویستی قاوەخانەکەدا دەکەم.
" وێنەی ژن و ئازارەکانی ژنان دەکێشم"
ئاماژەی بەوەشکرد، کارە هونەرییەکانی تەنها بۆیەیی زەیتی لەخۆ ناگرێت، بەڵکو لە ڕێگەی شوشە و برغووەوە کارە هونەری و وێنەکانی دروست دەکات وتی: کارە هونەرییەکان و وێنەکانم لە ڕێگەی برغووشەوە ئەنجامدەدەم، چەندین تابلۆم هەیە بە برخوو لەسەر پارچەتەختەیەک نەخشاندووە، پارچە تەختەیەک بەو قیاسەی خۆم دەمەوێت دەهێنم، پاشان برغوویەکی زۆری بۆ کۆدەکەمەوە و بە دەست لە ڕێگەی ئامێرەکانی داکتانەوە ئەو وێنەیەی بمەوێت دەینەخشێنم، بۆ هەر تابلۆیەکی برخوو زیاتر لە ١٠ ڕۆژم پێدەچێت، هەروەها لە ڕێگەی داواکارییەکانی هاوڵاتیانەوە هەوڵدەدەم کارەکانم دروستبکەم، بەڵام کاتێک خۆم نەخش لەسەر تابلۆیەک بە خواستی خۆم دەکەم، زۆرێکیان وێنەی ژن و ئازارەکانی ژنان دەکێشم ، یان باس لە هەستی نەتەوایەتی و مۆرکی کوردبوون لەسەر تابلۆکان دەکێشم، هەروەها لە هەر بارودۆخێکی سیاسیی و هێرشێک بۆسەر کورد هەوڵدەدەم لە ڕێگەی تابلۆکانمەوە ئازار و هێرشەکان بۆسەر خاکەکەم بگەیەنمە چاوی بینەران و بەشداری لە گەیاندنی دەنگی کەلی کورد بە جیهان بکەم، لە ڕێگەی پەیجەکەمەوە زۆرجار وێنەی کەسەکاان داوادەکەن و منیش بۆیان دروستدەکەم و دەیگەیەنمە دەستیان تا بتوانن بیکەنە دیارییەک بۆ ئازیزانیان، یان زۆرجار دوای سروشت و نیگارێیک دەکەن تا لە سوچێکی ماڵەکانیاندا بۆ بابەتی جوانکاری نمایشی بکەن.
ئارێز سەروەر لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ئامانجمە لە پاڵ هونەرەکەمدا ناسنامەی کورد بە دونیا بناسێنم و لە داهاتوودا گەلەرییەکی گەورەم هەبێت تا بتوانم کەسانی بیانی سەردانی گەلەرییەکەم بکەن و کارە هونەری و نمایشەکانم کە ناسنامەی کوردی تێدا پارێزراوە بناسێنم، تا زیار ئاشنای کولتوورو خاکمان ببن، پەیامم بۆ هەموو ژنان بتوانن کارە هونەرییەکانیان دەستپێبکەن و بەربەستەکانی بەردەمتان تێکبشکێنن.