شاعیرانی باشووری تونس سەرەڕای ئاڵەنگارییەکان داهێنەرن
سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییە کۆمەڵایەتی و ئاستەنگییانەی لە چاپکردندا ڕووبەڕووی ژنانی شاعیر لە باشووری تونس دەبنەوە، بەڵام خەریکن شوێنێک بۆ داهێنان و خۆڕاگری دروست دەکەن.
ئیخلاس حەمروونی
تونس- لە باشووری تونس ژنان چ شاعیر یان کورتەچیرۆکنووس بن، دوو ئاڵەنگاری دوولایەنە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، چونکە ئەوان لە کۆمەڵگەیەکدان کە تا ڕادەیەک کۆنەپەرستانە دەمێننەوە، هەروەها خەبات دەکەن بۆ نووسین و دەربڕینی خۆیان، لە هەمان کاتدا لە بڵاوکردنەوە و پێشخستنی کارەکانیاندا تووشی ئاستەنگی دەبن.
لە نێوان قبوڵکردنی سنوورداری کۆمەڵایەتی و دەرفەتی بەرەوپێشبردنی بەرهەمە ئەدەبییەکانیان، ژنانی شاعیر بە خۆڕاگری و ئیرادەوە، شوێنێک بۆ داهێنانەکانیان دادەڕێژن.
شایەتحاڵی چەند ژنێکی شاعیر ڕەنگدانەوەی ڕاستی ڕاستەقینەی ئەزموونەکانی نووسینی ژنانە، ململانێی ڕۆژانەی نێوان خواستی خۆدەربڕین و ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی و ماددی ئاشکرا دەکات، لە هەمان کاتدا گەشتکردن بەو دەرفەتە نوێیانەی کە تەکنەلۆژیا و دینامیزمی کولتووری پێشکەشی دەکات، هەرچەندە بە شێوەیەکی سنووردار بیت.
"ڕزگاری لە نێوان سنووردارکردنی نەریتی"
زوبەیدە عەرفاوی، شاعیر و کورتەچیرۆکنووس و دانیشتووی پارێزگای توزر لە تونس، دووپاتی دەکاتەوە، کە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر ژنان بە گشتی، ژنانی شاعیر بەتایبەتی هەیە، پێی وایە ئازادی و نووسین هێڵێکی هاوتەریبن و ناتوانرێت لەیەکتر جیابکرێنەوە، وەک چۆن داهێنانێک بەبێ ئازادی نییە، هەروەها ژنانی کۆمەڵگەی ئێمە هەزار جار بیردەکەنەوە پێش ئەوەی خەیاڵ و ئازادی خۆیان لە نووسیندا ئازاد بکەن.
ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆرجار خوێنەران شکست دەهێنن لە جیاکردنەوەی دەقەکە لە شاعیر، هەر کاتێک دەقێک دەنووسم، خۆمی تێدا دەبینم، خوێنەران بە دەربڕینی خۆیان و گێڕانەوەی چیرۆکی تایبەتی خۆیان دەزانن، بۆیە شکست دەهێنن لە جیاکردنەوەی داهێنان و ژیانی کەسی.
هەروەها باس لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، کاتێک باسی بابەتگەلێکی هەستیاری وەک جەستە دەکات و ڕوونی دەکاتەوە، کاتێک پیاوێک لەسەر جەستە دەنووسێت، بە شێوەیەکی ئاسایی دەخوێندرێتەوە، بەڵام دەقی ژنێک بە ڕەتکردنەوە و سەرسوڕمان و ڕەخنە بەرەوڕووی دەبێتەوە، بە زاراوەی نەشیاوی وەک '' قسەی ناشرین'' یان ''بێباکانە'' ناوزەد دەکرێت.
سەبارەت بە چاپ و بڵاوکردنەوە، زوبیدە عەرفاوی ڕوونی دەکاتەوە، کە ئاڵەنگاری سەرەتایی خۆی چاپکردنە، چونکە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی شیعر ئاسان نییە، بەتایبەتی لەگەڵ خواستی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بۆ گرنگیدان بە ڕۆمان بۆ قازانج، ئەزموونی تایبەتی خۆی باس دەکات و وتی: "بە شێوەیەکی تایبەتی خۆم یەکەم پەرتووکم دابەشکرد، چوومە ناوەندی ڕۆشنبیری و خوێندنگە و پەیمانگاکان و گاڵتەم پێکرا".
ڕوونیکردەوە، کە پشتگیری لە کۆمەڵگەی هۆشیار و دەسەڵاتە ناوخۆییەکانەوە هەیە، بەڵام بەس نییە، بزووتنەوەی ئەدەبی فێمینیست لە ناوچە گوندنشینەکان پێویستی بە دانپێدانان و پشتیوانی زیاتر هەیە، هەروەها هۆشیاری زیاتریشی هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە شیعری ژنان توانای گۆڕینی وێنەی کۆنەپەرستانەی ژنان و پێدانی ڕۆڵێکی چالاک و سەربەخۆیان هەیە.
"خەباتێکی بەردەوام"
نەجوا نوی، شاعیر لە پارێزگاری قەبیلی، دووپاتی دەکاتەوە، کە ژنانی شاعیر بە ئەستەم بەرهەمی ئەدەبی، شیعری یان هونەری خۆیان بە چەند هۆکارێکەوە بڵاو دەکەنەوە، هەروەها ژنان ڕووبەڕووی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، کە لە خێزانەکانیانەوە دەست پێدەکات، هەروەها هەندێک لە ژنانیش بەهۆی ئەو ئەزموونەوە ڕەتدەکرێنەوە، کۆمەڵگە ژن وەک نووسەر قبوڵ دەکەن، بەڵام ڕێگەیان پێنادەن بەرهەمەکانیان بڵاوبکەنەوە.
پێشی وایە کۆمەڵگە شاهیدی گۆڕانکاری تاڕادەیەک ئەرێنییە، بەتایبەتی لە پەیوەندیی ژنان لەگەڵ تەکنەلۆژیادا، کە کارئاسانی بۆ کردووە، یەکەمیان بڵاوکردنەوە، دووەم بینین و سێیەمیش بەشداریکردن بۆ ژنان، هەروەها وەک ڕێگایەکی دەستڕاگەیشتن بۆ ناساندنی ژنان و ئەزموونەکانیان بە میدیاکان کاری کردووە.
نەجوا نوی هۆشداری دەدات لە لایەنە نەرێنییەکانی تەکنەلۆژیا، کە لە هەراسانکردن و ڕەخنەی نەرێنیدان، هەروەها ژنان تووشی ڕەخنەی زۆر دەبن لەلایەن کەسانێکەوە کە ئەزموون یان زانیارییان نییە لەسەر ژنان وەک تاکی داهێنەر یان شاعیر.
وتیشی: شاعیر بە هۆشیاریی کولتووری و کۆمەڵایەتی مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕاستیەدا دەکات، خۆی لە بەریەککەوتن لەگەڵ هەراسانکردن بەدوور دەگرێت و هەوڵدەدات بە شێوەیەکی ئەرێنی تیشک بخاتە سەر ئەوەی کە پێشکەشی دەکات، هەموو شتێک کە ژن پێشکەشی دەکات دەبێت نزیک بێت لەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژی، پێویستە بگاتە ئاستی قایلکردن، چونکە ڕازیکردن ڕێگەی تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانە.
پێی وایە قوربانیدان بەشێکی سەرەکییە لە گەشتەکە بۆ سەرکەوتن، چونکە ڕێگاکە ئاسان نییە، جا چ ڕۆشنبیری بێت یان داهێنەرانە بێت یاخود کەسی، ئەوانەی ئاواتەخوازن بگەنە ئامانجەکانیان، دەبێت بەرگەی سەختی و ئاستەنگ و پاشەکشەکان بگرن و ئاڵەنگاری خۆیان بکەن بۆ ئەوەی ببنە ئەو کەسەی کە دەیانەوێت ببن، سەبارەت بە ئاڵەنگاری بڵاوکردنەوە، ئەوان لە کێشەی داراییەوە دەست پێدەکەن.
نەجوا نوی هاندانی خێزانەکەی بە سەرچاوەیەکی ڕاستەقینەی پشتیوانی دەزانێت، وتی: من بەختەوەرم کە پشتگیری هاوژینەکەمم هەیە لە تەواوکردنی کارەکانم و ئامادەکردنی سێیەم کۆمەڵە شیعریم بەناوی "تساقط المرايا" ''کەوتنی ئاوێنەکان''.
"داهێنانی بەردەوام سەرەڕای سنووردارکردن"
فاتمە برکاوی، شاعیر و کورتەچیرۆکنووس، لە پارێزگای قەسرینەوە دووپاتی دەکاتەوە، کە بەرهەمە ئەدەبییەکانی لە نێوان شیعر و کورتە چیرۆکدا دابەشبوون، کۆمەڵە شیعرییەکەی بەناوی "حمّلوني ما أقول" "بەرگەم بگرە لەسەر ئەوەی کە دەیڵێم" لە ساڵی ٢٠٢٣ و دوو کۆمەڵە چیرۆکی یەکەمیان بە ناوی "لا تكاد تنسى الأمانة" "متمانە هەرگیز لەبیر ناکرێت" لە ساڵی ٢٠١٥ و دووەمیان بە ناوی "للظلال نصيب من تلك الشمس" "سێبەرەکانیش بەشییان لەو خۆرەدا هەیە" لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاوکردەوە.
ڕوونیشیکردەوە، کە دۆخی ژنانی شاعیر بەپێی ژینگەی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت، هەندێ شوێن شتەکان بۆ ژنان ئاسانتر دەکەن، بەتایبەتی لە شارە گەورەکاندا، هەندێکی تر ڕێگاکە قورس دەکەن، بەو پێیەی هێشتا بۆچوونێکی باو هەیە کە نووسین هیچ سوودێکی بۆ کۆمەڵگە نییە.
پێی وایە شیعر لە کورتە چیرۆک قورسترە، دەکرێت مرۆڤ لە پشت کورتە چیرۆکەوە خۆی بشارێتەوە، لە کاتێکدا شیعر وتارێکە لە خودی داهێنەرەوە سەرچاوە دەگرێت و ڕەنگە هەندێکجار لەگەڵ ئەزموونی کەسیدا تێکەڵ بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵەنگاریەکە لە پاراستنی بەردەوامی ئەو ئەزموونەدایە.
ئاماژە بە سەختییەکانی بڵاوکردنەوە و خۆبەرزکردنەوە دەکات، بە تایبەت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەیوەندی مەجازی، بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ گروپە ئەدەبییەکان و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکاندا پێویستی بە لێهاتوویی و کۆڵنەدان هەیە، دەرفەتەکان هەن، بەڵام بەس نین، لە ناوچەی قەسرین چالاکی و جوڵەی کولتووری هەیە، لەگەڵ کۆمەڵەی ئەدەبی و مەکۆ و بەرنامەی ڕادیۆیی، بەڵام کەشوهەوای ئەدەبی پێویستی بە ڕوانگەیەکی تازە هەیە کە هاندەری هەمووان بێت.
فاتمە برکاوی، وتی: شیعری ژن توانای گۆڕینی وێنەی کۆنەپەرستانەی ژنی هەیە، دەنگێکە بۆ ژن، دەنگێکە بۆ گۆڕانکاری، دەنگێکە کە لە کۆمەڵگە یاخی دەبێت، دەردەبڕێت لە ئازار و هیوا و چاوەڕوانییەکانیان.
سێ شاعیر لەسەر ئەوە کۆکن کە سەختی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ماددی لە هەموو ناوچەکاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنێکن بۆ داهێنان و خۆڕاگری دروست دەکەن، لە نێوان کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی و ئاستەنگی لە بڵاوکردنەوە و دابەشکردن و ڕەخنەدا، نووسین، لە ڕوانگەی ئەوانەوە، وەک ئامرازێکە بۆ یاخیبوون، پانتاییەک بۆ ڕزگاری و دووبارە پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا دەمێنێتەوە.