هونەرمەندان: لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانین پەیامە نەتەوەییەکان بگەیەنین
هونەرمەندان توێژێکی دیاری کۆمەڵگەن و هونەریش زمانێکە هەموو کەس دەتوانێت لێی تێبگات، بۆیە ئەمڕۆ هونەرمەندان لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە هەستی نەتەوایەتی خۆیان دەردەبڕن.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- لە ٦ی کانونی دووەم، دوای ئەوەی ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق گەڕایەوە بۆ حەسەکە، بڕیاریدا تا دوا دڵۆپی خوێن بەرخۆدان بکەن، دواتر پەیەدە و خۆبەڕێوەبەری بڕیاری بەرخۆدانیاندا و سەفەربەری گشتییان ڕاگەیاند، بۆیە لە تەوای پارچەکانی کوردستان خەڵکی بەدەم بانگەوازی سەفەربەرییەوە چوون و لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەردەوام خۆپیشاندان بۆ پشتگری لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، هەروەها هونەرمەندانیش بەردەوام بە چالاکی و ئۆکێسترا بەشداریان لە خۆپیشاندانەکان کردووە و بەردەوام پاڵپشتی خۆیان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا دووپات دەکەنەوە.
''وەکو خەمخۆریەک پرچم لە تابلۆکانمدا بەکار هێناوە''
ماریا سوهەیب، شێوەکار، وتی :وەک ژنێک زۆر ناخۆشە کە ئێستا لەوێ نیم، هەروەها هەموو شوێنێکی جەستە ڕێزی تایبەتی لێ گیراوە و پرچ لە کوردەواریدا زۆر تایبەت بووە، بۆیە وەکو خەمخۆریەک پرچم لە تابلۆکانمدا بەکار هێناوە، هەروەها لە وانەکانمدا بە خوێندکارەکانم وانەی سەربەرزی دەڵێمەوە، پرچ لەسەری ئینساندا دانراوە، ئەگەر گرنگ نەبوایە ئەوا خوای گەورە دروستی نەدەکرد، بۆیە پێویستە سەرجەم چین و توێژەکان لە ڕێگەی کارەکەی خۆیانەوە باسی پرسە نەتەوەییەکان بکەن و هونەرمەندانیش بەشێکن لەو کارە.
شۆخان جەمال، مامۆستا، وتی: وەک مامۆستایان دەبێت ڕێ نیشاندەربین بۆ ئەوەی خۆشەویستی نیشتمان گەشە بکات، هەروەها من کار کردنم بۆ نیشتمانبووە و تەنها بۆ کاتە نەتەوەییەکان نییە.