پەیمانگای "ڤەژین" شۆڕشێکی هونەرییە بۆ بەهێزکردنی نەوەکان بە کولتووری کوردیی
پەیمانگای "ڤەژين" لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوا، لە ڕێگەی خولەکانی مۆسیقاوە، ئامانجی پەروەردەی منداڵان و گەنجانە لە ژەنینی ئامێر و گۆرانی، پەروەردەکردنی نەوەیەکی هۆشیار و لێهاتوو لە ڕووی مۆسیقیەوە.
نورشان عەبدی
کۆبانێ-پەیمانگای ”ڤەژین” لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوا، لە ڕێگەی خولەکانی مۆسیقای خۆیەوە بەشداری دەکات لە پەرەپێدانی ئەکادیمی بەهرەی میوزیک و دەنگی منداڵان، لە ڕێگەی ئەم چالاکی و پەروەردانەوە کار بۆ پاراستنی کولتوور و میراس و فۆلکلۆری مۆسیقای کوردی تایبەت بە کۆبانێ دەکات.
پەرەپێدانی بەهرەی مۆسیقای منداڵان هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەو پێیەی بەهێزکردنی مۆسیقا بناغەی بونیادنانی نەوەیەکی داهێنەرانەی کولتووری و کۆمەڵایەتییە، بۆیە بوونی ناوەند و پەیمانگای مۆسیقای تایبەتمەند لەناو کۆمەڵگەکاندا زۆر پێویستە.
پەیمانگای ”ڤەژین” لە ساڵی ٢٠١٩ لە شاری کۆبانێ کرایەوە، ناوەندێکی هونەری و مۆسیقایە کە پەروەردەی ئەکادیمی لە بەشە جیاوازەکانی مۆسیقا بۆ منداڵان و گەنجان دابین دەکات، پەیمانگاکە لە تەمەنی ٧ ساڵیەوە خوێندکاران وەرئەگرێت و ڕێگەیان پێدەدات ئەو ئامێرە مۆسیقییە هەڵبژێرن کە ئارەزووی فێربوونی دەکەن، هەروەها پەیمانگاکە بۆنە و چالاکیی هەمەچەشن ڕێکدەخات، لەوانە ئێوارەی مۆسیقا و بەشداریکردن لە فێستیڤاڵ و بۆنە ڕۆشنبیرییەکان لەناو شارەکەدا.
پەرەپێدانی بەهرەی منداڵان لە ڕووی ئەکادیمییەوە
سەبارەت بە سروشتی کارەکانی ناو پەیمانگا، ئامال بوزان، مامۆستای مۆسیقا لە پەیمانگای "ڤەژین" وتی: لە شاری کۆبانێ بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا تێبینی دابەزینی ئاستی مۆسیقای پیشەییمان کردووە، بۆیە لە ڕێگەی ئەم پەیمانگایەوە هەوڵدەدەین ڕاهێنانی ئەکادیمی پێشکەش بکەین کە پەرە بە تواناکانی گەنجان و نەوەی سەرهەڵدەدات لە بواری مۆسیقادا، هەروەها ئەم شوێنە کەشێکە بۆ فێرکردنی منداڵان بۆ گۆرانی وتن و ژەنینی ئامێرەکانی دڵخوازییان.
ڕوونیشیکردەوە، ڕاهێنانەکە ئامێری مۆسیقای جیاوز لەخۆدەگرێت، هاوکات هەڵبژاردنی ئامێرەکە بۆ منداڵ و خێزانەکەیان جێدەهێڵرێت، هەندێک لە منداڵان بە فێربوونی ئامێرێکی دیاریکراو دەستپێدەکەن، وەکو تەمبوور، دواتر ئارەزووی ئەوە دەکەن بچنە سەر ئامێرێکی دیکە، دوای ئەوەی خوێندکارێک شارەزا دەبێت لە ئامێرێکی دیاریکراودا، دەست دەکات بە ڕاهێنان لەسەر دەنگ و ڕیتم و سۆڵفێج.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک پەیمانگاکە کرایەوە ژمارەی خوێندکاران کەم بوو، بەڵام دوای ئەوەی خوێندکاران بەشدارییان لە ئێوارانی مۆسیقادا کرد و گەشەکردنیان بەدیکرا، ڕێژەی ناونوسینکردن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد، ئەمڕۆ گەیشتە نزیکەی ١٥٠ خوێندکار، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی قوتابیان لە پشووی هاوینەدا.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە زۆرینەی خوێندکاران کچن، ئەمەش بە پێشکەوتنێکی ئەرێنی دەزانن، چونکە پێشتر دەگمەن بوو کۆمەڵگە بیرۆکەی پراکتیزکردنی مۆسیقای ژنان قبوڵ بکات، هاوکات ئەمڕۆ هەرێم شاهیدی پێشکەوتنی بەرچاوە لە بەشداری ژنان و ژنانی گەنج لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، لەوانە مۆسیقا و هونەر.
فێرخوازەکان وانەکان لەسەر ئامێرە جیاوازەکان وەردەگرن، لەوانە گیتار، کەمانچە، تەمبوور، عود، و سۆلفێج کە ڕاهێنانی دەنگی و ڕیتمیک لەخۆدەگرێت.
ئامال بوزان جەختی لەوە کردەوە، کە پەیمانگاکە بۆنە و چالاکیی هەمەچەشن ڕێکدەخات، وەک بەشداریکردن لە فێستیڤاڵ و ئاهەنگەکان و ئەنجامدانی ئێوارەی مۆسیقا، بۆ هاندانی خوێندکاران بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان و بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوونیان.
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، کە فێربوونی مۆسیقا و گۆرانی و ژەنینی ئامێرەکان بەهۆی تەمەنەوە سنووردار نییە، مۆسیقا "هیچ سنوور و پێوەرێک ناناسێت"، هەرکەسێک ئارەزووی هەبێت دەتوانێت پەرە بە لێهاتووییەکانی خۆی بدات، بۆیە پەیمانگا بەبێ جیاوازی پێشوازی لە خوێندکارانی هەموو تەمەنێک دەکات.
“بە هاندانی دایکم و مامۆستاکانی پەیمانگاکە، شارەزا بووم لە گۆرانی وتن و ژەنینی ئامێرەکان”
ئایفەر مستەفا، خوێندکاری پەیمانگای ڤەژین، تەمەنی ١٥ ساڵە و وتی: سێ ساڵ لەمەوبەر دەستی بە خوێندنی مۆسیقا لە پەیمانگاکە کردووە، بۆ ئەوەی پەرە بە توانا هونەرییەکانی بدات، وتی: وەک عاشقێکی مۆسیقا و هونەر، بۆ من گرنگ بوو ڕاهێنانی فەرمی وەربگرم، پێش ئەوەی پەیوەندی بە پەیمانگاکەوە بکەم، پێموابوو مۆسیقا سنووردارە بە گوێگرتن لە پارچە، بەڵام دوای دەستپێکردنی ڕاهێنانەکە، بە شێوەیەکی فەرمی فێری چۆنیەتی ژەنینی ئامێرەکان و تەکنیکەکانی ژەنینی تەمبوور بووم، جگە لە تەکنیکەکانی گۆرانی وتن و پەرەپێدانی دەنگم لە ڕێگەی ئەو ڕاهێنانە دەنگیانەی کە وەرمگرتبوو.
ڕوونی کردەوە، کە لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بەهرەکەی دۆزیوەتەوە کاتێک لە قوتابخانە و بۆ هاوڕێکانی و لە ماڵەوە لەبەردەم دایکیدا پارچە مۆسیقییەکانی دەوت، کە هانی دەدا بەهرەکەی پەروەردە بکات و کار لەسەر پەرەپێدانی توانا مۆسیقیەکانی بکات، بەشداری چەندین بۆنە و فێستیڤاڵێکی مۆسیقای کردووە، یەکەمیان فێستیڤاڵی "ئارین میرکان" بووە، کە بۆ یەکەمجار لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا هەنگاوی ناوە بۆ سەر شانۆ، ئەو ساتەی بە تێکەڵەیەک لە خۆشی و ترس پێناسە کردووە، بەڵام ئەزموونێکی ناوازە کە خاڵی وەرچەرخانێکی لە ژیانی پیشەیی خۆیدا دیاری کردووە.
ئایفەر مستەفا ئاماژەی بەوەدا، کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕاهێنانەکەیدا، پێشکەوتنی بەرچاوی لە بواری مۆسیقادا بەدەستهێناوە و لە پەیمانگای "ڤەژین"دا بە سوپاسەوە بۆ کارمەندانی مامۆستایان، کە پابەندن بە پێشکەشکردنی پەروەردەیەکی ئەکادیمی دروست، لەوانەش ڕاهێنان لە بواری گۆرانی وتن و ژەنینی ئامێرەکان بەپێی نۆتەی میوزیک.
"هەستم بە ئامێری کەمانچەم جووڵا، بۆیە هەڵمبژارد فێری ژەنینی کەمانچە بم"
سەوسان مەحمودی تەمەن ١٤ ساڵ، خوێندکاری پەیمانگای "ڤەژین" وتی: لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا بەهرەکەم دۆزیوەتەوە، لە سەرەتای کردنەوەی پەیمانگاکەوە بە پاڵپشتی و هاندانی دایک و باوکم ناوم تۆمار کردووە لە مەشق و ڕاهێنانەکاندا، کە پاڵنەرە بۆ فێربوونی گۆرانی و ژەنینی ئامێری مۆسیقا بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕاهێنانەوە سەرنجی گەشەسەندنی بەرچاوی لە کەسایەتی و لێهاتووییەکانیدا داوە، شارەزا بووە لە گۆرانی وتن، شارەزا بووە لە وەڵام و بڕیاردان، هەروەها فێری بنەماکانی ژەنینی ئامێر و ڕیتمە مۆسیقیەکان بووە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی بۆ ئامێری کەمانچە، سەوسان مەحمود ڕوونی کردەوە، کە پێشتر لە تۆری کۆمەڵایەتی سەیری ڤیدیۆی کەمانچەژەنەکانی دەکرد و عاشقی دەنگ و هەستی ناوازەی ئامێرەکە بووە، ئەمەش وای لێکردووە سەرەڕای سەختیەکەی و ژمارەیەکی سنوورداری ئەو کەسانەی کە بەدوایدا دەگەڕێن، هەڵیبژێرێت.
ئەزموونی پەیمانگای "ڤەژین" لە ساڵانی ڕابردوودا تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە دامەزراوە هونەرییەکان دەتوانن بیگێڕن لە پەرەپێدانی تواناکانی منداڵان و گەنجان و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆیان لە جیهانی مۆسیقادا، لە نێوان خولیای قوتابیان و هەوڵی مامۆستایان و پاڵپشتی خێزانەکان، پەیمانگاکە بەردەوامە لە بەشداریکردن لە بونیادنانی نەوەیەک کە خاوەنی هۆشیاری هونەری و توانای دەربڕینی داهێنەرانە بێت، هەروەها مۆسیقا تەنها خولیایەک نییە، بەڵکو کەشێکە بۆ پاڵاوتنی کەسایەتی و بەرزکردنەوەی متمانە، بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی کراوەتر و ڕۆشنبیری.