غەززە لە جانتای شاعیرێکدا: وەلا بەتە لە دەربەدەرییەوە دەنووسێت

ەلا بەتە، شاعیری فەڵەستینی لە شیعرەکانیدا زێدی خۆی هەڵگرتووە و لەسەر شەڕ و نەبون و دایکایەتی و دەربەدەری دەنووسێت، لە نێوان ترس بۆ خێزانەکەی و هەوڵی بونیادنانی ژیانێکی نوێ، شیعر وەک دەنگی یادەوەری و سەربەخۆیی وەرئەگرێتەوە.

مونا تۆکا

 

لیبیا- وەلا بەتە، شاعیر هەرگیز غەززە لە بیر ناکات، بەڵکو بوونی لە شیعرەکانیدا گەشە دەکات، وەک نیشتمانێک و یادەوەرییەک و خێزانێک کە بەجێی هێشتووە،  لە دەربەدەرییەوە هەوڵ دەدات ژیانی خۆی وەک دایک و ژنێک ئاوەدان بکاتەوە، لە کاتێکدا شیعر بۆی دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەبوونی و پاراستنی ئەوەی لە زێدیی ماوەتەوە.

"بانگی سەرمای گۆرانییەکەم دەکەم تا لەسەر ئازاری پشتیەکەم بخەوێت

 

هاوار دەکەم، هەرچەندە بە گڕوتین سەربڕم

 

خەم دڵم دەچەمێنێتەوە

 

وە بەردەوامە، چێژ لە هەندێک لە برینەکانم وەردەگرم

 

فریوی دەدەم و وا بیردەکەمەوە کە ئەوە شتێکی جدی نییە”

 

وەلا بەتە دێڕە شیعرەکانی دەخوێنێتەوە، ترسیش دەگەڕێتەوە سەر سەرچاوەی ڕەسەنیی: غەززەیە، لە وێنەی خێزان و نیشتمان وەستاوە، پاشان درێژە بە شیعرەکەی دەدات و وتی: ئەگەر یەک شت دەستیان لێبدات وەک خۆم نامێنمەوە.

 

غەززە لە دەنگیدا تەنها شوێنێکی دوور نییە، بەڵکو لە شیعرەکەدا ئامادەیە، لە یادەوەریدا، لە ترسی ڕۆژانە بۆ ئەوانەی کە لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە، لەو کاتەوەی لە ساڵی ٢٠٢٥ گەیشتە ئەوروپا، نیشتمانەکەی بووەتە بابەتێکی دیارتر لە نووسینەکانیدا، بەو پێیەی وەک ژن و دایکێک هەوڵدەدات ژیانێکی نوێ دوور لە خێزانەکەی بونیاد بنێت.

 

وەلا بەتە، شاعیرێکی فەڵەستینی خەڵکی کەرتی غەززە و دایکی منداڵێکە، بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەب و ڕەخنە لە پەیمانگای توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی عەرەبی بەدەستهێناوە و لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە دەستی بە شیعر نووسین کردووە، لە زانکۆی ئیسلامی غەززە لە پێشبڕکێکانی شیعردا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە ساڵی ٢٠١٤دا بەشداری لە ئەنتۆلۆژیای شیعری هاوبەشدا سەبارەت بە خێزان کرد، کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری فەڵەستینەوە بڵاوکرایەوە، لەگەڵ ٥٠ شاعیری دیکەی کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە، بەشداربووان بەهۆی بەشدارییەکانیانەوە ڕێزیان لێگیرا.

 

ئەمڕۆ وەلا بەتە دەستنووسێکی کۆمەڵە شیعری نوێی هەیە کە چاوەڕێی چاپکردنە، بەڵام پەیوەندییەکەی لەگەڵ شیعردا گۆڕاوە.

 

"نووسین بووەتە ئەرک"

 

پێش جەنگ، شیعر بۆ وەلا بەتە پانتاییەک بوو بۆ خۆدەرخستن و ژیان و ئەزموونی مرۆڤ، بەڵام دوای شەڕی ئەم دواییە وتی: نووسین دوای شەڕی ئەم دواییە بووە ئەرکێکی نیشتمانی، نەک وەک جاران شتێکی خۆشگوزەرانی.

 

بۆیە غەززە لە شیعرەکانیدا بە شێوەیەکی بەهێز دەردەکەوێت، لەسەر نیشتمانەکەی و گڕوتینیی بۆی دەنووسێت، دەربارەی ئەو خێزانەی کە بەجێی هێشتووە، هەروەها لەبارەی ئەو دەربەدەرییەی کە خۆی تێدا بینیوە، لەسەر خۆی و ئەزموونەکانی خۆی وەک ژنێک و دایکێک دەنووسێت کە لە دەرەوەی نیشتمانی خۆی دەژی.

 

غەززە بۆ وەلا بەتە پرسێکی سیاسی ئەبستراکت نییە، منداڵی و خێزان و قوتابخانە و یادەوەری و هەموو ئەو شتانەیە کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ شوێنەکەدا لە قاڵب داوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێی وایە نیشتمان لە هەموو شیعرێک یان کۆمەڵە شیعرێک گەورەترە، هەرچەندە نووسینەکە بەرفراوان بێت.

 

ژنێک لە دەربەدەری

وەلا بەتە ژیانی خۆی لە ئەوروپا بە دەربەدەری پێناسە دەکات، چونکە وەک هەڵبژاردنێکی تایبەتی جیا لە بارودۆخی شەڕ و ئاوارەیی نیشتمانەکەی بەجێنەهێشتووە، وتی: بە زۆر لێرەین نەک بە هەڵبژاردن، گەورەترین ئاواتم ئەوەیە کە نیشتمانەکەم پارێزراو بێت و بتوانم بگەڕێمەوە و لەوێ بژیم.

 

دەربەدەری تەنها بە واتای لەدەستدانی جێگەی خۆی نییە، هەروەها بە واتای پچڕانی ئەو تۆڕە پەیوەندییانەیە کە ژنان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا دەپارێزن، لە دایکێکەوە کە دەتوانێت یارمەتی بدات، لەو خێزانەی کە دەتوانن ڕووی تێبکەن و ئەو هاوڕێیانەی کە بەشێکی دانەبڕاون لە ژیانیدا.

 

تەنهایی... ڕووخساری تری ئاوارەبوون

وەلا بەتە باسی تەنهایی وەک هەستێکی زوو تێپەڕ ناکات، بەڵکو وەک لەدەستدانی ئەو تۆڕە پشتیوانییەی کە ژنان لە زێدی خۆیاندا ڕاهاتبوون، ژنێک کە منداڵەکەی دوور لە دایکی و خێزانەکەی پەروەردە دەکات، بەبێ ئەو بازنەی بنەماڵەیەی کە دەیتوانی پشتگیریی بکات، بەرپرسیارێتی ڕۆژانەی خۆی هەڵدەگرێت.

 

وەلا بەتە بە ئەزموونەکەی پێی وایە کە باسکردنی پەنابەری پێویستی بە ڕەچاوکردنی ئەزموونە تایبەتەکانی ژنانیش هەیە، و بەرپرسیارێتی و بارگرانییە خێزانیی و سۆزدارییەکانی دەرئەنجامی ئەو کارە، سەرەڕای توندی دەربەدەری لە ئەوروپا کەشێکی دۆزیەوە کە هانی دەدا دەنگی شیعری خۆی بدۆزێتەوە.

 

دەیەوێت لەسەر نیشتمانەکەی بنووسێت، دەربارەی ژنانی فەڵەستینی چ لە ماڵەوە و چ لە دەربەدەریدا، لەسەر ئەو ژنانەی لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین و یارمەتی ژنان بدات بۆ دەربڕینی خۆیان و ئەزموونەکانیان.

 

هیواخوازە لە داهاتوودا کاتەکانی لە دەرەوەی وڵات بەرهەم بێت، هەروەها دووری لە وڵاتەکەیەوە بگۆڕێت بۆ کەشی کارکردن و نووسین و بەدیهێنانی خەونەکان.

 

شیعرێک بەس نییە بۆ پێناسەکردنی نیشتمان

وەلا بەتە دەگەڕێتەوە بۆ شیعر، ئەمجارەیان بەبێ ئەوەی هەوڵی پێناسەکردنی نیشتمانەکەی بدات، پێی وایە کە لە وشەکان تێدەپەڕێت.

 

لە شیعرەکەیدا ترس بۆ بنەماڵەکەی لەگەڵ ترس بۆ خاکەکەی تێکەڵ دەبێت و وێنەی دایک دەبێتە هاوواتای وێنەی نیشتمان، لە کاتێکدا شیعر دەبێتە کەشێک کە بتوانێت ئەو شتانە دەرببڕێت کە لە گفتوگۆی ئاساییدا زەحمەتە بیڵێت.

 

"دەترسم، بۆیە ئارامم بکەرەوە

 

ئێستا من دەترسم

 

بۆیە بە دڵەکان گەمارۆم بدەن

 

لەسەر پشتت بە پێ دەڕۆن

 

لە خاکی شکۆمەندی خۆتدا

 

لە بۆردومانەکەوە، لە مردنەوە”

 

پێدەچێت شیعر بۆ وەلا بەتە زیاتر بێت لە کەشێک بۆ نووسین، ئەوەش ئەو ڕێگایەیە کە دەتوانێت بەرەو وڵاتەکەی خۆی بگرێتەبەر، تا مەودای فراوانتر بێت.