میدیا قەندیل: سینەما دەبێتە ئامڕازی مێژوو و تێکۆشانی ژنان
لە کۆنفڕانسی سینەمای رۆژئاوای کوردستاندا، کە نیوەی بەشداربووانی ژن بوون، ڕۆڵی ژنان لە دروستکردن و بەڕێوەبردنی فیلمەکاندا باس کرا، یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی کۆنفڕانسەکە پێکهێنانی یەکێتی سینەماکارانی ڕۆژئاوای کوردستان بوو.
نەغم چاچان
قامیشلۆ – یەکێک لە گرنگترین شێوازە هونەرییە سینەماییەکان، لە ڕێگەیەوە ڕاستیی کۆمەڵگەکان نیشان دەدرێت و کاریگەری لەسەر بونیادنانی هۆشیاری و چاند دەکات، سینەما ئاوێنەیەکە بۆ دەربڕینی کێشە مرۆیی و کۆمەڵگەییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان، هەروەها ڕێبازی گواستنەوەی ئەزموونەکانە لە نێوان گەلاندا.
بە سینەما دەرفەت دەڕەخسێت کە ژنان چیرۆک، ئەزموون و سەختییەکانی خۆیان دەرببڕن، دەستکەوت و ڕۆڵە جۆراوجۆرەکانیان لە کۆمەڵگەدا ڕووناک بکەنەوە. بە دروستکردن و بەرهەمهێنانی فیلم، چ لە بواری نکتەرین/شانۆیی، دەرهێنان، نووسین یان بەرهەمهێناندا بێت، ژنان دەتوانن قەیدوبەندەکان بشکێنن و بوونی خۆیان لە بواری چاندی و داهێنەریدا بەهێز بکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، سینەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژنان، بەهێزکردنیان و پەرەپێدانی یەکسانی، ئامرازێکی کاریگەرە.
لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنفڕانسی سینەمای ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان ٢٤ بۆ ٢٦ی تەمووز بەڕێوە چوو و ٣ ڕۆژ بەردەوام بوو، لەو کۆنفڕانسەی کە لە چێشتخانەی بۆرج بەڕێوە چوو، دۆخی ئێستای سینەما و دیدگاكانی گەشەپێدان گفتوگۆ کران.
مەدیا قەندیل، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفڕانسەکە سەبارەت بە سینەما بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: لە ڕۆژئاوای کوردستان پێویستییەکی گەورە بە کۆنفڕانسێکی لەو شێوەیە هەبووە، کە پێش ماوەیەک هەموو سینەماکارانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر دۆخی سینەما کرا، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە بە پێویستمان زانی کۆنفڕانسێک ساز بکەین، کە ئامانج ئەوە بوو کە هەنگاوی نوێ لە بواری هونەری و بە تایبەت سینەما بنرێن، هەروەها سەبارەت بە پێناسە، ئەکرک و ئەو بەربەستانەی دێنە پێش سینەما، گفتوگۆ کران.
”سەرنجمان بۆ گرنگی ڕۆڵی ژنان لە سینەمادا ڕاکێشا”
مەدیا قەندیل سەرنجی بۆ ئەو خاڵە سەرەکیانە ڕاکێشا کە لە کۆنفرانسەکەدا وروژێنراون و وتی: لە کۆنفرانسەکەدا چەندین خاڵی گرنگ باسکران، ئێمە باسمان لە سینەما و ڕۆڵی ژنان لە سینەما و کۆمەڵگە و دۆزی کورددا کرد، هەڵسەنگاندنمان کرد کە چۆن سینەما دەتوانێت وەڵامێک بێت بۆ کۆمەڵگە، لە هەمان کاتدا وەک سینەماکاران دەبێ نوێنەرایەتی لایەنی کۆمەڵناسی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی بکەین، بە تایبەتی سەرنجمان ڕاکێشایە سەر گرنگی ژن لە فیلمسازی و دەرهێنان و هەموو لایەنەکانی سینەما.
”لە هەر فیلمێکدا پەیامێک بۆ کۆمەڵگە هەیە”
مەدیا قەندیل ئەوەی خستە ڕوو کە دوای ئەم کۆنفڕانسە هەنگاوی زۆر گەورە بۆ سینەما دەنرێن و وتی: ژمارەیەکی زۆر باش لە ژنان بەشداریی کارەکانی کۆنفڕانسەکەیان کرد، خواست و ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە سینەما ببێتە یەکێک لە ئامرازەکانی نیشاندانی کۆمەڵگە و مێژووی ژنان، لە وڵاتێکدا کە هەمیشە رووبەڕووی هێرش و سەختی دەبێتەوە، ئێمە پرسیمان کە سینەما تا چەند دەکرێت ببێتە وەڵام بۆ گەل، لە دروستکردنی هەر فیلمێکدا پەیامێک بۆ کۆمەڵگە هەیە، بە هیوای گەورە ئێمە هەنگاوی نوێ و گرنگ بۆ داهاتووی سینەما دەنێین.
نیوەی بەشداربووان ژن بوون
مەدیا قەندیل جەختی لەوە کردەوە کە زۆرینەی بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بوون و وتی: ١٠٠ دێلگر بەشداریی کۆنفڕانسەکە بوون، لە نێو ئەواندا دەرهێنەر، نووسەر و وێنەگر هەبوون. لە ١٠٠ دێلەگ، ٥٠ کەسیان ژن بوون، بەشداربووان زۆرینەیان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، بەڵام چەند کەسایەتییەکیش لە ئاستی سووریاوە بەشدارییان کرد.
کۆنفڕانسەکە بە بڕیاری گرنگ کۆتایی هات
سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی کۆنفڕانسەکە مەدیا قەندیل وتی: کۆنفڕانسەکە دوای سێ ڕۆژ لە گفتوگۆ بە ئەنجام گەیشت و گەیشتە ئامانجەکانی خۆی، یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکان پێکهێنانی یەکێتی سینەماکارانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵبژاردن بۆ لیژنەیەک بوو کە کار و خەباتی سینەما بەڕێوە ببات، سینەماکاران جەختیان لەوە کردەوە، کە هەموو هێزی خۆیان دەخەنە خزمەتی کۆمەڵگەوە.
پێویستە سینەماکارانی هەر چوار پارچەی کوردستان خەباتێکی هاوبەش بکەن
مەدیا قەندیل ڕوونیکردەوە، کە پەروەردە یەکێکە لە بوارە هەر گرنگەکان و لە کۆتای قسەکانیدا وتی: لە ناو بڕیارەکاندا کە دران، بۆ بەرفراوانبوون و گەشەسەندنی سینەما، گرنگی بە پەروەردە درا، بەشێکی تایبەت بۆ کارەکانی ژنان لە سینەمادا جیا کرایەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە بەشێکین لە سووریا، پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ ناوەوە و دەرەوەی سووریا زیاتر ببێت، هاوکات پێویستە سینەماکارانی هەر چوار پارچەی کوردستان خەباتێکی هاوبەش بەڕێوە ببەن.