ژن و هونەر و ئازادی... سیانی دانەبڕاو لە خەباتدا

سومەیە. م، هونەرمەندێکی خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، دیوار و پەیکەرەکانی گۆڕیوە بۆ سەکۆی خەباتی ژنان، بەرجەستەکردنی پەیوەندی ژنان بە هونەر و ئازادییەوە، ئەو بە ڕۆحێکی زیندوو لە بەرخۆدان، شوێنی گشتی لە قاڵب دەداتەوە.

نەسیم ئەحمەدی

 

کرماشان- مەزهەبی شیعە دووپاتی دەکاتەوە، کە وێنەسازی بە هەموو شێوەکانیەوە قەدەغەیە، جا چ پەیکەر بێت، تابلۆ، یان وێنەی شتە زیندووەکان یان بێ گیانییەکان، کەچی سەرەڕای ئەمەش، ژنێکی گەنجی خەڵکی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە لە دروستکردنی تابلۆی زیندوو، هونەر دەکاتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی بوون.

 

زیاتر لە پەنجا هەزار ساڵە مرۆڤەکان گێڕانەوە و بیروباوەڕەکانیان لەسەر دیوارەکان هەڵکەندن و ناوی نەمری "هونەر"یان بەم کردەوەیە بەخشیوە، سەرەڕای هەوڵی هەندێک لەم سەدانەی دواییدا بۆ پرسیارکردن لەم میراسە دێرینە، هونەر پێگەی خۆی وەک بەرزترین دەربڕینی ڕۆحی مرۆڤ پاراستووە و پاکی کردووەتەوە و پڕیکردووە لە هەستێکی ژیان.

 

لەم ساڵانەی دواییدا، ژنان لە ڕێگەی خەباتی بەردەوامی خۆیانەوە توانیان ئەو بەربەستانە بشکێنن کە سەردەمانێک هەندێک پیشە و چالاکییەکانیان لە پیاواندا سنووردار دەکرد، ئەوان چوونەتە ناو ئەو بوارانەی کە سەردەمانێک بە تایبەتی بۆ خۆیان دادەنرا، جا چ بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیان یان بۆ دەربڕینی خۆیان.

 

لە شاری کرماشان سومەیە. م، نیگارکێش، ژنێکی گەنجی بەسۆز، گەشتی ژیانی خۆی بەسەر دیوار و سەربانی ماڵەکانی شارەکەیدا دەگەڕێت، هەندێکجار بە فڵچەی خۆی، هەندێکجار بە سەری پەنجەکانی، ئەو کارە زیندووەکان دروست دەکات، بەسەر بەرزکەروەکاندا سەردەکەوێت، چاوپۆشی لە نیگا سەرسوڕهێنەرەکانی دەوروبەری دەکات، ڕۆحێکی جوانی زیندوو بە دیوارەکان دەبەخشێت، شارەکە دەگۆڕێت بۆ گەلەرییەکی کراوە کە ڕەنگدانەوەی سۆز و بوێرییەتی.

 

ئەم خەباتە بە بێدەنگی و بوێری بەرجەستە دەکات، بە نیگارکێشانی تابلۆکانی لەناو ژوورەکەیدا ڕازی نەبووە، هونەرەکەی گواستۆتەوە بۆ دیواری ماڵەکان و ژیان و ڕەنگی پێبەخشیون، هەر لێدانێکی فڵچەکەی تەنها ڕەنگێک نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی ئامادەبوونی بەهێزی ژنانە، پەیامێکە کە شوێنی گشتی تەنها هی پیاوان نییە.

 

تابلۆکانی تەنها بەرهەمی هونەری نین، بەڵکو لێدوانی ناڕەزایەتین کە شەقام وەک مەیدانێک بۆ خەباتی ژنان پێناسە دەکەنەوە، وەک چۆن شەقام لە مێژوودا شوێنی بەرخۆدان بووە لە دژی ستەم، ئەمڕۆش بووەتە سەکۆیەک بۆ ئەوەی ژنان ڕووبەڕووی ئەو سنووردارکردنانە ببنەوە کە بەسەریاندا سەپێنراوە، فڵچەی خۆیان وەک چەکێکی هێمای بەکارهێناوە.

 

دیوارەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە شۆڕشەکاندا، گێڕاوە و هەمیشە شوینی شکاندن لەگەڵ دەسەڵات و وەرگرتنەوەی کایەی گشتی بووە، سومەیە. م، درێژە بەم میراسە دەدات و دەیسەلمێنێت کە هونەر دەتوانێت کردەوەیەکی بەرخۆدان بێت و ژنان توانای ئەوەیان هەیە بە ڕۆح و دەنگی خۆیان شارەکە دووبارە دابڕێژنەوە.

 

بە تایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، دیوارەکان گۆڕدران بۆ سەکۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ داواکارییەکانی خەڵک، کە پێشتر پارێزراوی پڕوپاگەندەی فەرمی بووە، لەگەڵ پەرەسەندنی تووڕەیی کۆمەڵگەدا، ئەم شوێنانە لە ژێر دەسەڵات ڕزگاریان بوو و بوونە هێمای بەرخۆدان، بە دروشمی شۆڕشگێڕانە ڕازانەوە کە بە ناوی شەقامەوە قسەیان دەکرد.

 

لە چرکەساتی دیاریکراودا، دیوارەکە نەک وەک ڕووبەرێکی سادە، بەڵکو وەک دەزگایەکی ڕاگەیاندن کە دەنگی ناڕازییان دەگەیەنێت و مێژوو بە ڕەنگی وشە تۆمار دەکات، هەر تاکێک کە قەڵەمێکی بەدەستەوەیە، دەتوانێت بەشێک لەم مێژووە بنووسێت و ئەمڕۆش، سومەیە. م ش خۆی دەبینێتەوە کە ئەم قەڵەمەی بەدەستەوەیە، بە شێوازی ناوازەی خۆی، چیرۆکی خەباتی خۆی دەنووسێت.

 

بەڵام هونەرەکەی تەنها لە دیوارەکاندا سنووردار نییە، نەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ئەو پەیکەرانەی کە بە پەنجەکانی دەستی دروستی دەکات، هەندێکجار شێوەی مرۆڤ، هەندێکجار گوڵی لۆتس "گوڵی ئاوی" دەگرێت، لە ڕێگەی جوانی هونەرەوە ئیرادە دەردەبڕێت و شوێنی گشتی بە ڕۆحێکی ژنانەی زیندوو لە قاڵب دەداتەوە.

 

سومەیە. م، دیارترین و کاریگەرترین کارە هونەریەکانی خۆی بە پەیکەری گوڵی لۆتوس "گوڵی ئاویی" دەزانێت کە بە دەستی خۆی دروستی کردووە، لە دڵی شارەکەدا نمایشکراوە، ئەم گوڵە وەک ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆی دەبینێت، کە وەک خۆی توانی لە قوڵای تاریکی هەڵبستێت و بەسەر سەختترین قۆناغەکانی ژیاندا زاڵ بێت بۆ ئەوەی بە هەموو جوانییەکەیەوە بگاتە ڕووناکی.

 

تابلۆ و پەیکەرەکانی و گوڵی لۆتوس کە لە گۆڕەپانی گشتیدا هەڵگیراوە، هەموویان پەیوەندییەکی دانەبڕاوی نێوان ژن و هونەر و ئازادی بەرجەستە دەکەن، سومەیە. م، لە ڕێگەی خەباتی خۆیەوە ڕۆح و واتا بەم کارە هونەرییانە بەخشی و بوونە هێمایەک کە ئیلهامبەخشە بۆ ئەوانی دیکە لە هەوڵدان بۆ ڕزگاری.