کەزی لە فۆلکلۆری کوردیدا بۆ خەنەی مەغریبی؛ سیمبولی ژنان بۆدەربڕین و بەرخۆدان
لە کەزیەکەوە کە لە چوارچێوەی بێڕێزیکردندا بڕدرا تا ئەو مۆمەی کە لە بێدەنگیدا داگیرساوە و لە خەنەیەوە تا چیرۆکگێڕان لە یادەوەری مەغریبدا، سیمبولی ژنان لەسەر یەک بیرۆکە کۆدەبنەوە کە جەستە دەتوانێت ببێتە ئاماژەیەک کە ناسنامە و سەربەخۆیی بەرجەستە دەکات.
حەنان حارت
مەغریب – بڕینی قژ ڕاگەیاندنی ڕەتکردنەوەی کۆنترۆڵکردنی جەستەیە و دیزاینەکانی خەنە پێناسەکردنەوەیە بۆی لەناو کۆمەڵگەدا، چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان ئامرازێکن بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی سیمبولی و کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا گوڵ و مۆم نوێنەرایەتی درێژکراوەی هەمان ئەو هێڵە سیمبولیە دەکەن.
لە کۆتایی مانگی کانوونیدووەمدا، کوژرانی شەڕڤانێکی کورد لە شەڕەکانی ڕەققەی سوریا، سەرنجی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە تیایدا چەتەیەک کەزیەکەی بەدەستەوەیە و دەیوت: ئەو دەڕوات، دەڕوات ”بەهەر شێوەیەک بێت مردووە.
ئەم کردەوەیە تەنها وەک تاوانێکی تاکەکەسی سەیر نەکرا، بەڵکو وەک پێشێلکارییەکی سیمبولیانەی ناسنامەی ژن لەناو کولتوری کوردیدا سەیر دەکرا، بڕینی کەزی بە هێرشکردنە سەر شکۆمەندی دادەنرێت، بەو پێیەی کەزی تەنها قژ نییە، بەڵکو سیمبولی سەربەخۆیی و بەرگرییە.
لە بەرامبەریشدا ژنانی کورد لە سووریا، عێراق، تورکیا، ئێران و شوێنەکانی دیکە هەڵمەتێکی بەکۆمەڵیان بۆ کەزی دەستپێکرد، کە بە خێرایی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بڵاوبووەوە، ڤیدیۆکانی ئەو هەڵمەتە بە لەگەڵ دروشمی "قژمان ترسی تۆیە" و "یەک کەزی ببڕی، ئێمە هەزار کەزی دەهۆنیینەوە"، هەر زوو بوونە سیمبولی خۆڕاگری، ڕۆڵی ژنانی شەڕڤانی کورد لە تێکشکاندنی داعش بیرهێنایەوە، دەستپێشخەرییەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەنگی دایەوە لەگەڵ ژنانی عەرەب و نێودەوڵەتی.
نەجیمە غەزالی تای تای، لێکۆڵەرێکی مەغریبی لە بواری میراسی فۆلکلۆری باودا، سەرنجی لەسەر ئەم بابەتە داوە و وتی: بڕینی کەزی ژنێکی شەڕڤان دیمەنێکی شۆککەری جیهانی بوو، لەدەستدانی کەزیەک نوێنەرایەتی بێڕێزیکردن و لەدەستدانی ناسنامە و خود دەکات، هەروەها هەوڵێک بۆ پێشێلکردنی کەرامەتی ژن و کۆنترۆڵکردنی نیشاندەدات.
وتیشی: لە مەغریبدا، کەزیکردن پەیوەندی بە ژنانی گەنجەوە هەیە پێش هاوسەرگیری و بەدرێژایی ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری بەردەوامە، کەزیەکە نوێنەرایەتی هێز و جوانی و شکۆمەندی ژن دەکات، ڕێگایەک بۆ نیشاندانی سەربەخۆیی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی پێکەوەی و توانای دەربڕینی خۆی لەناو کۆمەڵگەدا، کەزیەکە تەنها وردەکارییەکی جوانیناسی نییە، ئەوە درێژکراوەی جەستە و واتاکەیەتی، ئامرازێکی سیمبولییە کە ژنان بۆ نوێنەرایەتی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات و ناسنامەکانیان دەپارێزێت.
”هاودەنگی لە ڕێگەی قژەوە: کەیسی ژینا ئەمینی”
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ژنێکی گەنجی کورد بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی باڵاپۆشی، ژنانی کورد لە سووریا، عێراق، ئێران و شوێنەکانی دیکە، وەک هاوسۆزی لەگەڵیدا قژیان بڕییەوە، ئەمەش لە ناڕەزایەتییەکی بێدەنگدا بەرامبەر بە پێشێلکردنی جەستەی ژنان.
ڕوونی دەکاتەوە، کە بڕینی قژ یان نیشاندانی هاودەنگی لە ڕێگەی قژەوە، ڕەنگدانەوەی ڕەتکردنەوەی توندوتیژی و کۆنترۆڵکردنی جەستەیە، هەروەها توانای ژنان دووپاتدەکاتەوە بۆ گۆڕینی ئازار بۆ کردەوەیەکی سیمبولی کە ناسنامە و شکۆمەندی بەهێز دەکات.
”خەنەی مەغریبی: ڕێوڕەسمێکی سیمبولی ناسنامە و دانپێدانان”
سیمبولێکی هاوشێوە لە مەغریبدا لە ڕێگەی خەنەوە هەیە، کە نوێنەرایەتی ڕێوڕەسمێک دەکات کە پەیوەستە بە گواستنەوە و پاراستن و ئاهەنگگێڕان بە ژیانەوە، هەڵگری گرنگی کۆمەڵایەتییە.
نەجیمە غەزالی تای تای وتی: تێگەیشتن لە جەستەی ژنان لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکاندا پێویستی بە جیاکردنەوەی چەند ئاستێک هەیە: جەستە وەک گێڕەرەوەیەکی ژنان، جەستە وەک ئەوەی لە گێڕانەوەکەدا دەردەکەوێت و ئەو چیرۆکەی کە ژن هەڵیدەبژێرێت بۆ گێڕانەوەی، دەنگ بەشێکە لە جەستە و لە ڕێگەیەوە ژنەکە ئەو چیرۆکە بەرجەستە دەکات کە دەیگێڕێتەوە، کاتێک دەگێڕێتەوە، ڕەتکردنەوەی کەسێکی دیاریکراو دەردەبڕێت سیستەمی کۆمەڵایەتی، دەنگی دەبێتە ئامرازێکی دەسەڵات و ئەرێنی، هەروەک چۆن جەستە لە ڕێگەی ئاماژە و سیمبولیەکانەوە دەردەکەوێت.
دووپاتی کردەوە، زۆرجار ڕێوڕەسمی خەنە لە چوارچێوەی شوێنێکی ژناندا پراکتیزە دەکرێت، بەڵام بارگاوییە بە واتای کۆمەڵایەتی و بەکۆمەڵ، ڕازاندنەوەی دەستەکان بە خەنە ڕێگەیەک بوو بۆ گۆڕینی ژن لە حاڵەتێکی نەبینراوەوە بۆ حاڵەتێکی ناسینەوە و چەسپاندنی کۆمەڵایەتی، کاتێک ژنێک خۆی لە بەکارهێنانی خەنە بەدوور دەگرێت بەهۆی خەم یان چەوسانەوە، ئەوە ڕەنگدانەوەی باری دەروونی و کۆمەڵایەتی خۆیەتی.
ئاماژە بەوە دەکات، کە هەندێک لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان جەستە بەکاردەهێنن بۆ تاقیکردنەوەی ڕاستییەکان، وەک دانانی دەستێک لەناو دەفرێکی گەرمی شۆربای، لێرەدا جەستەکە سزا نادرێت، بەڵکو بانگ دەکرێت بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و گەڕاندنەوەی ناسنامەی کۆمەڵایەتی ژنەکە.
مۆم و گوڵ وەک سیمبولی زیندوو
شێوازەکانی هاوپشتی ژنان تەنها لە قژبڕین یان خەنەدا سنووردار نین، بەڵکو ڕێوڕەسمی بێدەنگ وەک داگیرساندنی مۆم و دانانی گوڵ لە شوێنە گشتیەکاندا لەخۆدەگرن.
لە ساڵی ٢٠١٦ دوای ئەوەی ژنێکی گەنج لە وێستگەی گانگنام لە شاری سیئۆلی کۆریای باشوور کوژرا، وێستگەکە بوو بە شوێنی ماتەمینی بەکۆمەڵ، لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕۆژی جیهانی ژنان هاوکات بوو لەگەڵ چەندین ناڕەزایەتی ژنان کە گروپەکان مۆمیان داگیرساند و گوڵیان دانا وەک هاوسۆزی لەگەڵ ئەو ژنانەی کە بوونەتە زیانبەرکەوتووی توندوتیژی یان کوشتن، لەنێویاندا ژینا ئەمینی، لە ساڵی ٢٠٢٤دا نیرۆبی پایتەختی کینیا شاهیدی چاودێری بێدەنگ بوو کە ژنان مۆم و گوڵی سووریان هەڵگرتبوو بۆ یادکردنەوەی ئەو ژنانەی کە کوژراون.
نەجیمە تای تای لە وتی: مۆم تەنها سیمبولی ماتەمینی نییە، گوڵیش تەنها ئاماژەیەکی سۆزداری نییە، بەڵکو کردەوەی بێدەنگن کە بارگاوییان بە واتا هەیە، ئەوان ڕاگەیاندنی ئامادەبوون و ڕەتکردنەوەی لەبیرکردنن، زمانێکە کە ژنان پەنایان بۆ دەبەن کاتێک جەستە دەبێتە ئامانج و وشەکان شکست دەهێنن لە کۆنتڕۆڵکردنی لەدەستدانەکە.
"فۆلکلۆر" سیمبول و بەها دەگەیەنێت
ئاماژەی بەوەشکردووە، چیرۆکی فۆلکلۆرلەڕێگەی گواستنەوەی لە چیرۆکنووسەوە بۆ بینەر، لە گوێگرەوە بۆ چیرۆکنووسێکی دیکە، نوێنەرایەتی جۆرێک لە هاودەنگی دەکات، بەها و سیمبولەکان دەگەیەنێت و ڕەتکردنەوەی نادادپەروەری و سنووردارکردنی سەپێنراو بەسەر ژناندا دووپاتدەکاتەوە، تەنانەت کاتێک پاڵەوانەکە تووشی چەوساندنەوە یان ڕفاندن دەبێت، چیرۆکەکە وای لێدەکات هاوسەنگی و ناسنامەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، بگەڕێتەوە بۆ دانپێدانانی کۆمەڵایەتی و بەکۆمەڵ.
جەستە و ناسنامە لە میدیای سەردەمی
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی، زۆرجار جەستەی ژنان لە میدیاکاندا بەپێی پێوەرە بازرگانییەکان دەقۆزرێتەوە، کە دوورە لە گرنگی فۆلکلۆرییەکەی، وتی: ئەم وێنانە ڕەنگدانەوەی ئەو هێز و شکۆمەندیە نین کە پێشتر بۆ ژنان تەرخانکرابوو، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئامانجە بازرگانییەکانن، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان هەن کە وێنە و پەیامی ژنان دەپارێزن، نموونەیەک پێشکەش دەکەن کە ئیلهامبەخشە بۆ نەوە نوێیەکان، بوونی ژن تەنها لە ڕواڵەتی جەستەیی سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هێزی ئاماژەی و ڕەوشتی.
جەستە وەک زمانێکی مەڵتیمیدیا
جەستەی ژنان، لە ڕێگەی کەزی و خەنە و چیرۆکگێڕانەوە، وەک ئامرازێکی دەربڕین و بەرەنگاربوونەوە دەمێنێتەوە، قژبڕین ڕاگەیاندنی ڕەتکردنەوەی کۆنتڕۆڵکردنە بەسەر جەستەدا، نەخشکردنی خەنە پێناسەکردنەوەیە بۆی لەناو کۆمەڵگەدا، چیرۆکی فۆلکلۆریش ئامرازێکە بۆ گەیاندنی دەسەڵاتی سیمبولی و کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە گوڵ و مۆمیش، ئەوان نوێنەرایەتی درێژکراوەی هەمان ئەو هێڵە سیمبولیەن دەکەن، وەک چۆن لە شوێنی گشتیدا بۆ هاودەنگی و ماتەمینی و بۆ نیشاندانی بوونی ژنان و ڕەتکردنەوەیان لەبیرکردنی توندوتیژی یان لەدەستدانی ژیانی ژنان بەکاردەهێنرێن، بەم شێوەیە هەموو ئەم ئاماژانە دەبنە زمانێکی یەکگرتوو کە ئامادەیی تاکەکەسی و پێکەوەی تێکەڵ دەکات.
لە نێوان کردەی قژبڕین لە ساتێکی ناڕەزایەتیدا و کردەی نەخشاندنی خەنە لە ڕێوڕەسمێکی دانپێداناندا، جەستەی ژنان لە نێوان هەوڵی سڕینەوە و ئیرادەی دووبارە پێناسەکردنەوەدا دەجووڵێت، جەستە دەبێتە زمانێکی مالتیمیدیا: لە کەزیەکەدا دەبینێت، لە چیرۆکەکەدا دەبیستێت و لە خەنە و مۆم و گوڵدا دەخوێنێتەوە.
نەجیمە غەزالی تای تای، لێکۆڵەرێکی مەغریبی لە بواری میراسی فۆلکلۆری باو، لە کۆتایی باسەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ێەو سیمبولانەی پەیوەستن بە خەنە و کەزی و چیرۆکگێڕانەوە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا نامێنن، بەڵکو لە یادەوەری ژنان و کۆمەڵگەکانیاندا بە زیندووی دەمێننەوە، بە نەوەکاندا دەگوازرێنەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی نوێ و دووپاتکردنەوەی بوون و پێگەی ژن.