"وەک مامۆستایانی هونەر پێویستە داهێنان لە هونەرەکەمان بکەین"
ماریا سوهەیب لە کارە هونەرییەکانیدا کولتووری کوردی بە بنەما گرتووە و داواش لە هونەرمەندان دەکات، داهێنان لە هونەرەکانیاندا بکەن

میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- ڕۆژی ٢٧ی شوبات، پێشانگای هونەری شێوەکاری لە شاری هەڵەبجە بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ هونەرمەندی شێوەکاری پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو، ماریا سوهەیب جیاواز لە هاوڕێکانی سەرنجی زۆربەی بینەرەکانی بە لای خۆیدا ڕاکێشابوو، بەوەی لە کارە هونەرییەکانیدا کولتووری کوردی پاراستووە.
ماریا سوهەیب، مامۆستا هونەرە و چەندین ساڵە لە بوارەکەدا پەرەی بە خۆی داوە، دووەم جارە بەشداری پێشەنگای هاوشێوەی کردووە و بوونی ئەو پێشەنگایانە بە گرنگ دەزانێت، وەک خۆی دەڵێت "چونکە مامۆستایان ئاشنای یەکتر دەبن و تۆنی دەستیان پیشانی یەکتر دەدەن".
"پێویستە نەهێڵین کولتوورەکەمان کاڵ ببێتەوە"
ماریا سوهەیب وتی: دوو ساڵە لەسەر یەک بەشداری پێشانگای شێوەکاری دەکەم و ئەمجارە دەستم بۆ کارێک برد کە پێم خۆش نەبوو کاڵ ببێتەوە لەناوماندا، وەک هەورامیەک بە هۆی ئەوەی بەرکەوتەم لەگەڵ سروشتدا هەبووە، ئەو گوێزانەی پێیان دەوترێت وەزە بیری، کە بچوک و خڕن، کۆم کردووەتەوە و چەندین کاری هونەریم پێکردووە، پێشتریش لەم کارەم دروستکردووە و بەخشیومە، ئەمساڵیش پێم باشبوو گۆڕانکاری تیادا بکەم و لە کڵاو و فەرەنجی و مێخەکدا بەکاری بهێنم، کە سەرجەمیان پاراستنی کولتوور و مانەوەی ڕەسەنایەتین.
مامۆستای هونەر دەبێت خۆی گۆڕانکاری بکات
ماریا سوهەیب داوا لە هاوڕێکانی دەکات کە کاری دووبارە نەکەن و تۆنی دەستی خۆیان و ڕێچکەی کارەکانیان بگۆڕن و گۆڕانکاری تیادا بکەن، پیشانی بدەن کە دەتوانن گۆڕانکاری بکەن و سوود بە یەکدیش بگەیەنن.