دەرهێنەری سودانی لە فیلمی دیکۆمێنتاریدا ئازاری گەلەکەی بەرجەستە دەکات
سینەما و فیلمەکان لە سودان لە ڕێگەی کارەکانەوە بەشدارن لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کە ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی خەڵک ، لە قۆناغەکانی شەڕ و ئاوارەبووندا نیشاندەدەن ، چونکە فیلمەکان لە ڕێگەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانەوە دەنگی خەڵک دەگەیەننە جیهان.

مەیسا ئەلقازی
سودان- دەرهێنەری سینەما ڕاویە ئەلحاج لە ڕێگەی کارە سینەماییەکانییەوە چەندین سەرکەوتن و دەستکەوتی هونەری بەدەستهێناوە، هەروەها پێگەیەکی بەرچاوی لەناو خەڵکی سودان بەدەستهێناوە بەهۆی هەوڵەکانی بۆ ئەوەی دەنگێک بێت بۆ ئەو کەسانەی بەدەست نادادپەروەرییەوە دەناڵێنن. یەکێک لە دیارترین فیلمەکانی فیلمی “خەرتوم”ە کە لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان نمایشکرا.
ڕاویە ئەلحاج تاکە ژنە لە تیمەکەدا کە دەرهێنەرانی دیکەی تێدایە، هەروەها نووسەری فیلمی دیکۆمێنتاریی “خەرتوم”ە کە لە فێستیڤاڵی فیلمی سەندەنس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نمایشکرا. ئەم فیلمە بە یەکەمین فیلمی سودانی دادەنرێت کە لە گەورەترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهان نمایش بکرێت، بەو پێیەی لەوێ بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ چیرۆکی جوڵاو دەربارەی سودان و ململانێ بەردەوامەکانی دەگێڕێتەوە.
فیلمەکە سێ ساڵی خایاند بۆ دروستکردنی، باس لە پێنج سودانی دانیشتووی خەرتوم دەکات کە تووشی وێرانکاریی ململانێکان بوون، لەنێویاندا دوو منداڵ کە بوتڵی پلاستیکی لە زبڵدانەکان کۆدەکەنەوە بۆ فرۆشتن و کڕینی جلوبەرگ، هەروەها ژنێک کە وەک چا فرۆشێک لە پایتەخت کاردەکات.
ڕاویە ئەلحاج و تیمی فیلمەکە ساڵێک پێش ئەوەی ململانێکان سەرهەڵبدات، دەستیان بە وێنەگرتنی فیلمەکە کرد، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ململانێکان لە پایتەخت، ناچاربوون ڕوو لە کینیا بکەن. لەوێدا قۆناغی دووەمی پڕۆژەکەیان بە شوێنکەوتنی چیرۆکی پاڵەوانەکانی فیلمەکە و چۆنیەتی ڕزگاربوونیان لە ترسناکییەکانی ململانێکان دەستپێکرد، هەروەها بەردەوامبوون لە وێنەگرتن لە کینیا "خەرتوم" تاکە بەرهەمی ڕاویە ئەلحاج نییە، بەو پێیەی فیلمەکەی "دەرەوەی ڕووماڵ" خەڵاتی باشترین فیلمی لە فێستیڤاڵی فیلمی جوبادا بەدەستهێنا کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچوو.
دەرهێنەر ڕاویە ئەلحاج باسی دەستپێکی کارەکانی لەم بوارەدا کرد و وتی: ئەزموونی من لە بواری سینەما و فیلم و چیرۆکگێڕان لە قۆناغێکی سەرەتایی ژیانمدا دەستی پێکرد لە ماوەی ساڵانی یەکەمی خوێندنمدا لە قوتابخانە، خولیای خوێندنەوە و گێڕانەوەی چیرۆک بووم کاتێک لە ساڵی یەکەمی زانکۆ بووم یەکەم چیرۆکم نووسی، لە فێستیڤاڵی داهێنەری خوێندکارانیشدا خەڵاتم بەدەستهێنا.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: سەرەتا بە سود وەرگرتن لە ماڵپەڕەکان و ڤیدیۆکانی یوتیوب خۆم فێرکرد، ئەمەش دەرفەتی بەشداریکردنم لە وۆرک شۆپەکانی ئۆنلاین کرد، هەروەها خولێکی ڕاهێنانی ئۆنلاینم لەگەڵ پەیمانگای دۆحە ئەنجامدا، دواتر خولی ڕاهێنانم لەگەڵ پرۆگرامی شاشە کە لەلایەن ئەنجومەنی بەریتانیاوە پێشکەشکرابوو، و لێرەوە کارەکەم لەم بوارەدا دەستیپێکرد.
سەبارەت بەو تەحەددایانەی کە لە کاتی کارکردن لە بواری سینەما و فیلمدا ڕووبەڕووی بووەوە، ئاماژەی بەوەدا کە “ڕووبەڕووی سەختی بوومەوە لە چۆنیەتی چوونە ناو ئەم بوارە، و یەکێک لە دیارترین تەحەددیاتەکان کە لە کاتی بەرهەمهێنانی فیلمی “Out of Coverage”دا ڕووبەڕووی بوومەوە، دابینکردنی دارایی بوو بۆ فیلمەکە هەوڵێکی شەخسی بوو و هەموو ئەو کەسانەی لەگەڵمدا کاریان لەسەر فیلمەکە کردبوو، خۆبەخشانە بوون سەبارەت بە فیلمی “خەرتوم”. و منداڵانی تێدایە و ئەوەش تەحەددایەکی گەورە بوو بۆ من لەڕووی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی ناو فیلمەکە بۆ ئەوەی چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە، وە چۆن وایان لێبکەم خۆیان بن لەبەردەم کامێرادا، یەکێک لە تەحەددای زۆر گەورەکان وێنەگرتن بوو لە خودی خەرتوم چونکە ئەو قۆناغەی فیلمەکەم گرتبوو لەڕووی ئاسایشەوە ناسەقامگیر بوو”.
ململانێ و ئاوارەبوون بە قووڵی کاریگەری لەسەر هونەرمەندان هەیە و بەو پێیەی ڕاویە ئەلحاج تاڵیی ئاوارەیی ژیاوە و ئازاری ئازارەکانی لە ناو خۆیدا هەڵگرتووە، توانی واقیعی سودان ڕەنگ بداتەوە و لە ڕێگەی فیلمەکەیەوە ڕۆشنایی بخاتە سەر ئازارەکانی دانیشتوان.
ئەو دەڵێت: "کاتێک ململانێکان لە سودان سەریهەڵدا، زۆرێک لە سودانییەکان کاریگەرییان لەسەر بوو، لەنێویاندا منیش هەموو شتێکمان لەدەستدا، خێزان و هاوڕێکانمان، ناچار بووین بەدوای پەناگەیەکی سەلامەتدا بگەڕێین لە وڵاتانی دیکەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سینەما و فیلم ژیان و چارەنووسی مرۆڤەکان دەگۆڕێت. سینەما بووەتە زمانێکی جیهانی و دەبێت وەک سودانی سود لەوە وەربگرین بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەرهەمە سینەماییەکانمانەوە دەنگمان بە جیهان بگەیەنین. بۆ نموونە فیلمی "خەرتوم" بە جیهاندا گەشت دەکات و دەبێتە دەرگا و درێژکراوەی فیلمەکانی دیکە. ئەو فێستیڤاڵانەی فیلمەکە تێیدا بەشداری دەکات چاوی جیهان دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە سودان ڕوودەدات".
سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە و ئەو سەرکەوتنەی کە ڕاویە ئەلحاج بەدەستی هێناوە، ڕوونی کردەوە کە "فیلمی خەرتوم باس لە پێنج کارەکتەری یەک شار دەکات کە بەهۆی ململانێکانەوە کاریگەرییان لەسەر بووە و شارەکەیان بەجێهێشتووە، هەروەها ڕەنگدانەوەی لایەنە ڕۆشنبیری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەرتومی پایتەختە فیلمەکە لە ڕێگەی کارەکتەرەکانەوە قوڵدەبێتەوە بۆ قوڵایی شارەکە، و بە بڕوای من فیلمەکە دوا ساتەکانی شارەکەی دۆکیۆمێنت دەکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا، دەرهێنەر ڕاویە ئەلحاج ئاواتەخوازی ئەوە بوو کە جارێکی دیکە ئاشتی لە سوداندا زاڵ بێت و بگەڕێتەوە ماڵەکەی و لەگەڵ خێزانەکەیدا لە حەوشەکەیدا بژی "دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ شارەکەم و فیلمەکان دەربهێنم"، جەختی لەسەر پێویستی چالاککردنی سینەماکانی ئێستای سودان کردەوە.