پێشانگا لە ڕەققە: هونەر لە ڕێگەی بەرخۆدانی ژنانەوە گەشە دەکات

بە بۆنەی ٨ی ئادار کە ژنان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ئامادەکاری دەکەن، ژنانی ڕەققە وێنەکانیان نمایش کرد کە خەباتی ژنانیان وێنا کردووە، ئەو هونەرمەندانەی بەشدارییان لە پێشانگاکەدا کردووە، دەڵێن: هونەر لە ڕێگەی بەرخۆدانی ژنانەوە گەشە دەکات.

ڕەققە

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندی چالاکیی هاوبەشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە چالاکییەکانی ٨ی ئاداری بە دروشمی "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، سووریایەکی دیموکراتیک بونیاد دەنێین" دەستپێکرد، دوێنێ ناوەندی هیلالی زێڕین پێشانگایەکی وێنەیی لە کانتۆنی ڕەققە ئەنجامدا.

 

لەم پێشانگایەدا ٧ ژنە هونەرمەندی کانتۆنی ڕەققە و تەبقا بەشداریان کرد و ١٨ تابلۆی هونەری کە بەرخۆدان و خەباتی ژنان لە شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشان دەدەن پێشکەش کران.

 

"پێشانگاکە بەرخۆدانی ژنان دەگەیەنێت"

میدیا سولێمان، بەڕێوەبەری ناوەندی هیلالی زێڕین باسی لە ئامادەکارییەکانی خۆی بۆ ئەم پێشانگایە کرد و وتی: نزیکەی مانگێکە خۆمان بۆ ئەم پێشانگایە ئامادەکاری دەکەین، هەوڵماندا واقیعی ژنان و بەرخۆدانیان لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەزاق لە ڕێگەیەوە پیشان بدەین، وێنەی چالاکوان کەرەم حەماد، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا کە لە بەرخۆدان لە دژی هێرشی سەر بەنداوەکە کرایە ئامانج، هەوڵماندا لەڕێگەی وێنەکەیەوە بەبیر بهێنینەوە.

 

"هونەر لە ڕێگەی بەرخۆدانی ژنانەوە گەشە دەکات"

هونەرمەند نەهید هندی کە بەشداریی لە پێشانگاکەدا کردووە، باسی لە تابلۆکانی کرد و وتی: بە سێ تابلۆ بەشداریم لە پێشانگاکەدا کرد، لە ڕێگەی تابلۆکانمەوە ویستم خەبات و بەرخۆدانی ژنان لە دژی هەژموونی پیاوان نیشان بدەم، هەروەها هەوڵمدا پەیامی ئەو دەستکەوتانە بگەیەنم کە ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا بەدەستیان هێنا، ئێمە وەک ژنە هونەرمەندەکان هەوڵی پاراستنی هونەرەکەمان دەدەین، چونکە هونەر لە ڕێگەی بەرخۆدانی ژنانەوە گەشە دەکات و زیندوو دەبێتەوە.