جلوبەرگی سودانی؛ یادەوەرییەکی نەسڕاوە و ناسنامە
جلوبەرگی ژنانی سودان تەنها جلێکی نەریتی نییە، ئاماژەیەکە کە بۆ هەزاران ساڵ ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە ناسنامەدا هەیە، هەرچەندە ململانێ و ئاوارەبوون کاریگەری لەسەر بوونی ڕۆژانەی هەبووە، بەڵام نەسڕاوەتەوە، بەردەوامە لە هەڵگرتنی پەیامی سیاسی و کولتووری و سنوورەک
میرڤەت عەبدولقادر
سودان-جلوبەرگی سودانی بە خۆڕاگری دەمێنێتەوە لە بەرامبەر مۆدەی جیهانی، جلێکە کە هەم شکۆمەندی و هەم ژنان بەرجەستە دەکات، تێکەڵەیەک لە میراسی داپیرە و ئاواتەکانی نەوەکان.
جلوبەرگی سودانی تەنها پارچە قوماشێک نییە کە ژنێک بە جەستەی خۆیدا بیپێچێتەوە، چیرۆکێکە هەزاران ساڵ دەخایەنێت و مێژوو و ناسنامە و یادەوەری بەکۆمەڵ دەگێڕێتەوە، جل و بەرگی فەرمی و ڕەسەنی ژنانی سودانییە، ئاماژەی ڕێزگرتنە و تایبەتمەندییەکی دیاریکەری کولتوورێکی دەوڵەمەند و زیندووە.
"چیرۆکی تۆبێی سودانی"
کاتێک ژنێکی سودانی دەچێتە ناو هەر کۆبوونەوەیەکەوە، جلەکەی بە ئامادەبوونی شکۆمەند و ڕەنگە زیندووەکانییەوە پێشی دەکەوێت، شاژنەکانی نوبیا وەک جلێکی شاهانە لەبەریان دەکرد کە لەگەڵ پێگەی خۆیان دەگونجێت و تا ئەمڕۆش بەردەوامە و گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ هەر بۆنەیەک، لە ڕەنگ و قوماشدا جیاوازە، ڕەنگە بە بەردی بەنرخ و کریستاڵ چنرابێت بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی خۆشگوزەرانی و بێت.
لەگەڵ پەرەسەندنی ژیان، قوماشی نوێ و ڕەنگی داهێنەرانە ناسێندرا، ئەمەش وایکرد کە هەمەچەشنتر بێت و هاوسەنگ بێت لەگەڵ ڕەوتی مۆدەی جیهانی بەبێ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی لەدەست بدات، لە سەردەمی ڕێنێسانسدا قوماشی سویسری و ئینگلیزی ناسێندرا، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی قوماشی "تۆتال"، کە بووە شتێکی سەرەکی لە پارچە جلەکانی هەموو ژنێکی سودانیدا، ئەو جلوبەرگە بە ناوەکانی ناسرا کە ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانی ئێستا بوون، هەندێکیان بە ناوی شەڕەکان، سەردانی بەرپرسان یان تەنانەت داهێنانە سەردەمیەکانەوە ناویان لێنراوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە "ڕۆژنامە"یەک کە دەڕوات.
"زمانی ڕەنگ و بۆنەکان"
جلوبەرگی سودانی بە یەک زمان قسە ناکات، بەڵکو ڕەنگ و قوماشەکەی بەپێی بۆنەکە دەگۆڕێت، بە تایبەتی سپی شوێنێکی تایبەتی هەیە، پەیوەندی بە مامۆستای ژن و ژنانی کرێکارەوە هەیە، ئاماژەی پاکی و ڕاستی و شکۆمەندیە و بووەتە جلوبەرگی ژنانی بێ هاوژین، بەڵام نوێنەرایەتی ئاشتی و گەشبینیش دەکات.
لەم نێوەندەدا، "جەرتەق"ی سوور ڕێوڕەسمێکی کۆنی هاوسەرگیرییە و ڕەچەڵەکی نوبی و فیرعەونی هەیە، ئاماژەی ژیانی نوێ و پاراستنە لە چاوی خراپ و ئیرەیی، هەروەها پارچەیەکی بناغەییە لە ئاهەنگی هاوسەرگیری سودان، بووک لەبەری دەکات بۆ ڕاگەیاندنی دەستپێکی ژیانێکی نوێ.
لەگەڵیدا ئیکسسواراتە نەریتییەکانی وەک ئاوریشمی سوور کە ئاماژەی یەکێتییە، هیلالی زێڕین، کە ئاماژەیە بۆ ڕووناکی و بەرەکەت، سەرەڕای پیرۆزی ڕەنگی سوور، هەندێک لە دیزاینەران وەک مەهایت شافیع دەستیان کردووە بە تێکەڵکردنی ڕەنگی نوێ، وەک شین و سپی و گۆڕانکارییان بۆ جلی نەریتی زیاد کردووە بۆ ئەوەی هاوسەنگ بن لەگەڵ سەردەمدا، ئەمەش چفتوگۆی لێکەوتەوە پێش ئەوەی وردە وردە لەلایەن کۆمەڵگەوە قبوڵ بکرێت.
سەبارەت بە جلی ڕەنگ گەشاوە، ماڵەکان پڕ دەکەنەوە بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان، ژنانیش لە هەڵبژاردنی ئەو ڕەنگانەدا سەرکەوتوون کە لەگەڵ پێستیاندا بگونجێت، لە بۆرغۆندی گەرمەوە تا فیروزەی تازەگەری.
"جل و بەرگەکە وەک ئاماژەی خۆڕاگری"
وەک پەیامێکی سیاسی و کولتووری کاری دەکرد، لەگەڵ سەربەخۆیی سودان لە ساڵی ١٩٥٦، مەهایت شافیعی ئاماژەی بەوەدا، کە جلی سودانی ئیتر تەنها جلوبەرگێکی فەرمی نییە، بەڵکو لە ڕێگەی دیزاینەکەیەوە پەیامێکی تایبەتی بەدەستهێناوە، بەڵام ململانێکان جێپەنجەی خۆی بەجێهێشتووە، ئاوارەبوون و پەنابەری لە وڵاتانی دراوسێدا بووەتە هۆی دابەزینی لەبەرکردنی لە ژیانی ڕۆژانەدا، چونکە لە بارودۆخی کار و گەشتکردندا سنووردار بووە،لەڕووی جووڵە و کارکردن و بارودۆخی ئاوارەبوون و پەنابەرییەوە زۆر سنووردار بووە،ژنان ناتوانن لە گەشتە دوور و سەختەکاندا لەبەری بکەن یان لە وڵاتانی دیکەدا لەبەری بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی لەبەرکردنی جل و بەرگی سودانی.
ڕوونیکردەوە، کە کاری لەسەر دیزاینی نوێ کردووە بۆ جلی سودانی بۆ یارمەتیدانی ئەو منداڵە کچانەی کە خوویان بە لەبەرکردنی نەگرتووە بۆ ئەوەی بە ئاسانی لەبەری بکەن، هەروەها ژنانی بیانیش، وتی: ئەو ململانێیە ناسنامەی سودانی بە تەواوی نەسڕیوەتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە جلوبەرگی کولتووری و میراسی سودان، بەڵکو بەشداری کردووە لە گواستنەوەی و دانپێدانانی جیهانیدا.
بەڵام جلوبەرگی سودانی وەک ئاماژەی ناسنامەی ژنە سودانییەکە دەمێنێتەوە، شایەتحاڵی مێژوو و خەباتەکەی و توانای پاراستنی میراسەکەیە سەرەڕای ئاستەنگەکان، دیزاینەر مەهایت شافیعی پەیامێکی ئاراستەی ژنانی سودانی کرد کە ناسنامەی سودانی بپارێزن و ڕێگە نەدەن بسڕدرێتەوە، بەتایبەت جلوبەرگی سودانی کە ئاماژەی ناسنامەی ژنانی سودانە، داوای لە دیزاینەرانی جلی سودانی کرد کە ڕەسەنایەتی بپارێزن لە هەمان کاتدا کراوە بن بەرامبەر بە داهێنان، بۆ ئەوەی جلی سودانی لە گەورەترین مەکۆ و فێستیڤاڵەکاندا بە ئامادەیی بمێنێتەوە، نەک تەنها وەک جل و بەرگی ناوخۆیی، بەڵکو وەک ناسنامەیەکی جیهانی کە هەڵگری ڕۆحی سودان بێت.