هونەر؛ زمانی بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانستان

لەو تاریکییەدا کە زاڵە بەسەر ژیانی ژنانی ئەفغانستاندا، هونەر بووەتە پەنجەرەیەکی کەمی هیوا، لە هەموو گۆشەیەکی کابول و پارێزگاکانی دیکە، سەرەڕای سنووردارکردنی توند، ژنان فڵچە و بۆیاخ بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی جیهانێک کە بەرخۆدانیان نیشان دەدات.

بەهاران لەهیب

 

کابول - هونەر بووەتە پەنجەرەی هیوا بۆ ژنانی ئەفغانستان، لە هەموو کوچە و شەقامێکی پشتەوەی کابول و پارێزگاکانی دیکەدا، شانبەشانی خولی نهێنی پەروەردەیی و زمانی ئینگلیزی و ڕاهێنانی پیشەیی، ژنان سەرقاڵی فێربوونی هونەری وێنەکێشان و نیگارکێشانن. لە زۆربەی بەرهەمەکانیاندا ئەگەر تازە بن، ڕەنگدانەوەی ئازار و مەینەتی و فشارەکانی تاڵیبان و کۆمەڵگەی پیاوسالاری و لە هەمان کاتدا خۆڕاگری و کۆڵنەدان دەبینرێت.

 

لە بارودۆخی ئێستای ئەفغانستاندا، هەموو چالاکیەکی ژنان لە دەرەوەی ماڵەوە هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگرییە، سەرەڕای بوونی بریکارەکانی تاڵیبان "ئەمر به مەعروف" لەسەر ڕێگاکان کە هەڕەشە لە ژنان دەکەن، تەنانەتبەهۆی جلوبەرگەوە لێیان دەدەن، ژنان تادێت پاڵنەریان زیاتر دەبێت بۆ دەرکەوتن لە کۆمەڵگەدا بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە ئەوانیش خەڵکی ئەم خاکەن و مافی ئەوەیان هەیە بە ئازادی بژین.

 

سەردانی ژنە نیگارکێشێکمان کرد کە ئێستا لە ناوەندێکی پەروەردەیی لە کابول وانە بە ژنان دەڵێتەوە.

 

زۆهرە ڕەزایی، یەکێک لە مامۆستایانی ئەم ناوەندە پەروەردەییە سەبارەت بە یەکێک لە تابلۆکانی وتی: ئەم تابلۆیەم لە ڕوانگەی خۆمەوە کێشاوە و ئیلهامم لە دۆخی ئێستای ژنانی ئەفغانستان وەرگرتووە، بەڕای من لە ئێستادا هیچ ژنێک لە ئەفغانستان نییە حەسرەتێکی لە دڵیدا نەنێژێت. دڵی ژنانی ئەفغانی ئەمڕۆ بووەتە گۆڕستانی خەون و ئاواتەکانیان. "ئەگەر وەک ژن لەدایک نەبوونایە، یان لە شوێنێکی تر جگە لە ئەفغانستان لەدایک نەبوونایە، ناچار نەدەبوون بەرگەی ئەوەندە سەختی بگرن و تەنانەت سادەترین خەونەکانیشیان بنێژن.

 

وردەکارییەکانی تابلۆکەی ڕوون کردووەو وتی: ئەو باڵانەی لەسەر تابلۆکە دامنابوو، بە پەڕەکانی کۆتر دروستکراون، بۆ ئەوەی کارەکە واقیعیتر دەربکەوێت، بە بۆیاخ و ڕۆن کارم لەسەر بەشەکانی تر کردووە. ڕەنگی سوورم بەکارهێناوە کە هێمای ئێش و ئازارە، ئەو خوێنەی کە بە بالیفەوە دڵۆپ دڵۆپ دەڕژێتە خوارەوە، نیشانەی شکاندنی باڵەکانی ژنانە، کە بەڕاستی ئەمڕۆ لەم دۆخەدان.

 

زۆهرێه هەروه ها لەبارەی بەرهەمەکانی تری خۆی وتیشی: له تابلۆکانی تریشمدا باسم له خۆڕاگری و کۆڵنەدانی ژنان کردووه، به بەرهەمەکانی ئەم جۆره ، دەمانەوێت نیشانی بدەین که ژنانی ئەفغانستان هەرگیز کۆڵنادەن، هەرچەنده چەندین جار ڕووبەڕووی زریان و ناخۆشییەکانی ژیان بونەتەوه.

 

هەروەها پەیامێکی هەیە بۆ ئەو ژنانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوەو وتی: من بەو ژنانە دەڵێم کە وازیان لە خوێندن هێناوە: ڕێگای جێگرەوە پەیڕەو بکەن، ڕاستە لە خوێندن بێبەش بوویت، بەڵام دەتوانیت فێری پیشەیەک یان هونەرێک بیت بۆ ئەوەی بە شێوازێکی تر خۆت بە جیهان بناسێنیت و بڵێیت: من هێشتا ژنێکی ئەفغانیم، ژنێکم و هیوام لەدەست نەداوە.

 

ژنانی ئەفغانستان لە تاریکترین ڕۆژەکانی مێژووی وڵاتەکەدا لە ڕێگەی هونەر و ڕاهێنانی پیشەیی و پەروەردەی نهێنی تۆوی هیوا دەچێنن. هەر تابلۆیەک، هەر کارێک، هەر هەنگاوێک کە لە شەقامە چەوساوەکاندا دەیگرنەبەر، بەڵگەی کۆڵنەدان و بوێری ئەوانە. و تا هیوا لە دڵیاندا زیندوو بێت، ڕووناکی دەگەڕێتەوە.