ژنان لە ڕێگەی شانۆوە لە سنوور و کۆت و بەندەکان ڕزگاریان دەبێت
ژنانی شانۆکار دووپاتیان کردەوە کە شانۆ ژنان بەهێز دەکات و توانای ئەوەیان پێدەدات ڕووبەڕووی ئەو بیرۆکانە ببنەوە کە لەناو کۆمەڵگەدا سنوورداریان دەکەن.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە-ڕۆژی جیهانی شانۆ لە ٢٧ی ئاداری ١٩٦١ لە لایەن دامەزراوەی نێودەوڵەتی شانۆ "ITI" کە ڕێکخراوێکی سەر بە یونسکۆیە، بۆ تیشک خستنە سەر گرنگی شانۆ و ڕۆڵی شانۆ لە پاراستنی کولتوور و بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ لە نێوان گەلاندا ڕاگەیاندرا.
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی شانۆ و ٢٢یەمین ساڵیادت شەهیدبوونی هونەرمەندی شانۆکار یەکتا هەرەکۆڵ، ساڵانە لە ڕۆژئاوا لە ڕێگەی فێستیڤاڵ و یادکردنەوە یادی ئەم بۆنەیە دەکرێتەوە. یەکتا هەرەکۆل یەکێک بوو لەو شانۆکارە شۆڕشگێڕانەی کە ژیانی خۆی بەخت کرد بۆ هۆشیارکردنەوەی گەلەکەی لەسەر ئاستی جیهانی، ئازایانە ڕووبەڕووی نادادپەروەری بووەوە تا دوا هەناسەی.
ژنانی کورد خولیای ژیانێکی شکۆمەندن"
نووسەر فاتیمە ئەحمەد ڕوونی کردەوە کە شانۆ ئامرازێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ژنان، سەکۆیەک بۆ ئەوان دەڕەخسێنێت کە خۆیان دەرببڕن و لە ڕوانگەی فێمینیستەوە ڕووبەڕووی پرسەکانی وەک توندوتیژی و میراس و هەڵاواردن ببنەوە. بەم شێوەیە بەشداری دەکەن لە پەرەپێدانی هۆشیارییەکی نوێی کۆمەڵایەتی و کولتووری. ئاماژەی بەوەشکردووە، شانۆ دەرفەت دەدات بە ژنان بۆ ئەوەی لە نووسین و نواندن و دەرهێناندا داهێنەر بن، ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات ڕۆڵە نەریتییەکان تێپەڕێنن و تیشک بخەنە سەر ڕۆڵی جەوهەرییان لە گۆڕینی کۆمەڵگەدا. کاتێک ژن لەسەر شانۆ وەستاوە، لە هەمانکاتدا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەو بیرۆکانە دەبێتەوە کە لەناو کۆمەڵگەدا سنووردار دەکات.
فاتمە ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە ئەمساڵ لە چوارچێوەی یادەکەدا پێنج شانۆنامە پێشکەش کراون، هەروەها گروپی “دارسی” بە نمایشە شانۆییەکەی “کوڵا کەزی” ئامادەبوون، ئەم نمایشانە پەیامێکیان هەڵگرتووە سەبارەت بە دەستکەوتەکانی ژنان لە شۆڕش و ڕۆڵی ئەوان لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، بەتایبەتی لە بواری سەربازی و پاڵپشتیکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە".
ڕوونیشی کردەوە کە پەیامی سەرەکی ئەوان بۆ هەر کەسێک پێی وایە ژنی کورد عاشقی شەڕن هەڵەیە، ژنانی کورد عاشقی ژیانێکی شکۆدارن، هەر بۆیەش ڕێبازی بەرخۆدان و تێکۆشانیان هەڵبژارد بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە ژیانێکی ستەم و دەسەلاتداری پاوانخوازانەیە.
فاتمە ئەحمەد جەختی لە پێویستی "کارکردن لە قۆناغی داهاتوودا بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ژنان خەونەکانیان بەدیبهێنن، ڕووبەڕووی ئەو سەختییانەی کە لە ڕێگەیانەوە وەستاون، و سەرکەوتنەکانیان بە تێپەڕاندنی ئەو ئاڵەنگاریانە نیشان بدەن. کاتێک ژن لەسەر شانۆیەک دەوەستێت، هێزی خۆی پیشان دەدات و بە دەنگێکی ڕوون هەست و بیرکردنەوەکانی خۆی دەردەبڕێت. ئەمە یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی شۆڕشی ژنان. پێشتر ژنان نەیانتوانیوە بوەستن، لەسەر شانۆ وەک ئەکتەر، سەرەڕای خواستیان بۆ ئەو کارە، هیچ دەرفەتێک نەبوو، بەڵام شۆڕش ڕێگەی بۆ گەشەپێدانی کارەکانی ژنان خۆشکرد.

ئەڤین سیدۆ، ئەکتەری کۆمپانیای شانۆی ڕۆناهی، لەبارەی شانۆنامەکەیانەوە وتی: ئامانجم زیندووکردنەوەی مێژووی هەزاران ساڵەی بەرخۆدانی ژنانە. شانۆنامەکەمان لەسەر شاعیری گەورەی جەگەرکسوین بوو، دەزانین بەرهەمەکانی جێپەنجەیەکی بەرچاویان لەسەر مێژووی کورد بەجێهێشتووە، هەروەها لەڕێگەی شیعرەکانییەوە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هۆشیاری گەلی کورد داناوە، مێژووی ئێمەی بە پیتی زێڕین نووسیوە، هەر بۆیەش ویستمان یادی بکەینەوە، شانۆنامەکەمان باس لە خەباتی گەلی کورد و بەرخۆدانیان دەکات لە دژی ستەم و گۆشەگیری، لەم نمایشەدا ژنێکی کوردم لە تەمەنی خۆمدا وێنا کردووە، ئامانجم زیندووکردنەوەی مێژووی هەزار ساڵەی بەرخۆدانی ژنانە. ئێمە چەندین ژنە شاعیری کۆنی کوردمان هەیە کە بەشێک بوون لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکان، و دەمانەوێت ئەم مێژووە گەورەیە بە زیندووی بهێڵینەوە.
وتیشی: ڕۆڵم ئەوە بوو کە ژنێکی بەساڵاچووی کورد بم کە هانی گەنجان دەدا هەستن و پێیان بڵێن: ناتوانین بە گریان و گلەیی زێدی خۆمان بونیاد بنێین یان پێشکەوتن. من ژنێکی بەساڵاچوو بووم لەو ڕۆڵەدا، بەڵام ژنێکی بەهێز و چارەنووسساز بووم، خاوەن ڕۆح و دڵێکی گەنج بووم.
“هێمای ژنی کورد لەسەر ڕووخسارم”
سەبارەت بەو وێنەکێشان و هێمایانەی کە لە کاتی نمایشی شانۆدا دەیخاتە سەر دەموچاوی وتی: ئەم وێنەکێشانە لەسەر ڕووخسارم هێمای دێرینی کوردین کە لە سەردەمی ڕابردوو ڕزگاریان بووە، لەسەر پێشەوەم خۆری ئازادییە، لەسەر ڕوومەتم ڕەنگی کوردییە، لە ڕێگەی ئەم هێما و جلوبەرگی فۆلکلۆریەوە، دەمانەوێت بڵێین ئێمە کوردین، و ژنان چەندین دەستکەوت و داهێنانیان هەیە کە کەس ناتوانێت سڕینەوە.
ئەڤین سیدۆ وەک ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری عەفرینی داگیرکراو، پەیامێکی ئاراستەی ژنان و گەنجان کرد و وتی: مەڵێن ناتوانن هیچ بکەن، ژنانی کورد لە کۆندا پێشەنگ بوون، ئێستاش هەروا، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی ڕاستییەکان و ئازارەکانی ژنان و خەباتیان لە ڕێگەی شانۆوە پیشان بدەم.