بەسەرهاتی قڕکردنی یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی لە 'دادگای ویژدان'

لەسەر شانۆی 'دادگای ویژدان': چارەنووسی ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی لە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری باقی خدۆ لە شاری کۆبانێ، ٨ ئەکتەری ئەرمەنی لە ڕێگەی شانۆی "دادگای ویژدان" بەسەرهاتی قڕکردنی یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنییان دەربڕی.

 

 

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە قۆناغەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم و سێیەمیشدا کە ئێستا تیایدا دەژین، زلهێزە دەسەڵاتدارەکان بە لەناوبردن و قڕکردنی پێکهاتە و نەتەوە ڕەسەنەکان بوونی خۆیان پاراستووە و درێژەیان پێداوە. لە ئەنجامی ڕێککەوتن لە مێژوودا سەدان کەس بە جینۆسایددا تێپەڕیون و ئەمڕۆ بێ وڵات و ناسنامە و زمان و کولتوور ماونەتەوە.

 

جینۆسایدی ئەرمەنییەکان

بە درێژایی مێژوو و بە تایبەتی لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا، جینۆساید و کۆمەڵکوژییەکی لەو شێوەیە ئەزموون کراوە کە فیلم و گۆرانی و شیعر و شانۆ بەس نییە بۆ وەسفکردنیان. هەندێکیان بەڵگەیان لەسەرە و تا ئێستاش بەشێکی زۆریان ڕەتدەکرێنەوە و پشتگوێ دەخرێن. بە واتایەکی تر تەنها ئەوانەی ئەو کابوسەیان ژیاوە دەزانن چییان بەسەر هاتووە. لەو سەردەمەدا کورد، تورکمان، ئەرمەنی، ئاشووری، کلدانی و دەیان پێکهاتەی دیکە کەوتنە ژێر دڕندەیی عوسمانییەکان و بە کۆمەڵکوژییەوە تێپەڕین. ڕووبەڕووی ئەو جۆرە کردارانە دەبنەوە کە جەستەی مرۆڤ بەهۆی ئەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە دەلەرزێت. بەتایبەت جینۆسایدی ئەرمەنەکان کە لە لیستی گەورەترین جینۆسایدەکانی مێژوودا هاتووە، لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ - ١٩١٦ عوسمانییەکان ملیۆنێک و نیو ئەرمەنییان کوشت، ئەوانی دیکەشیان ڕەوانەی مردن کرد، لەوێدا هەزاران کەس لەسەر ڕێگاکان گیانیان لەدەستدا، ئەو شتانەی بەسەر ژناندا هات، بەسە بۆ ئەوەی ئاستی دڕندەیی جینۆسایدەکە خەیاڵ بکەین.

 

لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی کە بەسەر ئەرمەنەکاندا سەپێنرا، ئەو خەڵکەی لە جینۆسایدی عوسمانییەکان ڕزگاریان بوو بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، لە زۆر وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە، کە ژمارەیەکی زۆر ئەرمەنی لە سوریادا هەن، بەتایبەت ئەرمەنیەکان کە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژین، چەندین ساڵە ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی، ژنان، گەنجان، سەربازی، سیاسی، ڕۆشنبیری و هونەری خۆیان بنیات دەنێن، خەبات دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی شوناس و کولتوور و بوونیان، لە هەمان کاتدا بەدوای لێپرسینەوە لە بکوژەکانیان دەگەڕێن.

 

"دادگای ویژدان"

شانۆ، کە لە بواری هونەردا وەک دایکییەتی، وەک یەکێک لە شێوازەکانی بەرخۆدان هەڵدەبژێردرێت. فێستیڤاڵی شانۆی ئارین بیسک و زولفێن ئاشتییە کە ئێستا لە کۆبانێ بەڕێوەدەچێت، دەرفەتێک بوو بۆ گرووپی ئاراراتی ئەرمەنی بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانە بخەنە ڕوو کە سەد ساڵە لەسەر سەحنەی شانۆ ژیاون. ئەو گرووپە کە لە ٨ ئەکتەر پێکهاتبوون، کە ٢ ئەکتەریان ژن بوو، شانۆنامەکەیان بە ناوی 'دادگای ویژدان' هەڵبژارد کە لەسەر بنەمای ڕووداوێکی ڕاستەقینە دروستکراوە. لە ١٥ ئازاری ساڵی ١٩٢١، گەنجێک بە ناوی سۆخۆمۆن تەهلیریان، یەکێک لە گەورەترین بەرپرسەکانی عوسمانییەکان، کە دەستی ڕاستەوخۆی لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا هەبوو، تەلحەت پاشا دەکوژێت.

 

ئەو ڕووداوەی کە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ڕوودەدات، دەوڵەتی ئەڵمانیا سۆخۆمۆن تەهلیریان دەستگیر دەکات و دەیخاتە بەردەم دادگا. لەو دادگایەی کە لە ٢-٣ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا بەڕێوەچوو، ڕاستی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە باسکرا، لە ئەنجامی هاوبەشکردنی ڕووداوەکان لەلایەن شایەتحاڵەکانەوە، دادگا بڕیاری بێتاوانی سۆخۆمۆن تەهلیریان دەدات و ئەم دادگاییکردنە بووەتە یەکێک لە کاریگەرترین ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم.

 

باس لە سەرکەوتنی ملیۆنان کەس دەکات

ئەم بۆنە مێژووییە لەلایەن گروپی ئاراراتەوە بۆ ماوەی ٢٠ خولەک پێشکەش کرا، لەگەڵ دەستپێکردنی نمایشی شانۆکەدا، بێدەنگییەکی گەورە دروست بوو، بەتایبەت لە ڕێکخستنی مۆسیقا و دیکۆری شانۆکەدا، کەشێکی وای دروستکرد کە خەڵک لە ڕابردوودا خۆیان دەبینی، کاتێک شایەتحاڵانی ڕووداوەکە باسی ئەزموونەکانیان بۆ دادوەرەکان دەکەن، جەستەی مرۆڤ دەلەرزێت و خەونەکان لە مێشکدا نامێنن، ئەوەندە سەخت بوو بیهێنیتە بەرچاوت کە چی ڕوویداوە، بە تایبەتی شانۆگەرێکی ژن بە ڕۆڵی خۆی سەرنج بۆ بەسەرهاتی منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵ و هەزاران منداڵ و ژنی ئەرمەنی ڕادەکێشێت. لەو دیمەنەی کە بە قسە و هاوار و جووڵە و مۆسیقا و دەنگی خۆی پێشکەشی دەکات، وای لێکردین بە چاوی خۆمان ئەو ڕووداوانە ببینین کە ڕوویانداوە. دەڵێت؛ من منداڵێکی ٩ ساڵان بووم و لەگەڵ هەزاران منداڵ و ژنی تر لەلایەن سەربازە عوسمانییەکانەوە گیرابوون، جوانترین و گونجاوترینیان هەڵدەبژێرن و دەستدرێژی دەکەنە سەریان، بە تایبەتی چەند کەسێک کێبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەی بزانن کێ یەکەمجار دەستدرێژی دەکاتە سەرم و یەک لە دوای یەک دەستدرێژی دەکاتە سەرم، هەندێک لە هاوڕێکانم بە بەردەوامی دەستدرێژی دەکرێتە سەریان، ژیانی خۆیان لەدەست دەدەن. تەنانەت ژنانی دووگیانیش سکیان دەدڕاند و لەگەڵ منداڵەکانیاندا گیانیان لەدەسدەدا.

 

ئەو ڕاستییەی کە لە شانۆکە بینرا

ئەو ژنە ئەکتەرە کە بە بوێرییەکی زۆرەوە باسی ئەو ڕووداوانەی دەکرد، بەجۆرێک یاری بە هەست و سۆزی بینەرانی شانۆ دەکرد کە کەشێکی دڵتەنگی و توڕەیی و شۆک و سەرسوڕمانی دروستکرد. دڕندەیی و چەوساندنەوە و پێشێلکاری و نامرۆڤایەتی عوسمانیەکان، کە ژن و کۆمەڵگەی ئەرمەنی سەدەیەک لەگەڵیدا ژیاون، لە ڕێگەی شانۆیەکەوە زاڵ دەبێت، یەکسەر ئەو جۆرە نیگەرانیانە لەگەڵ ئێمەدا پەرەی سەند کە ئێمە لە سیستەمێکی وا پیس و دڕندەدا دەژین کە هەمیشە ژنان لە ناوەندی ئەو هێرشانەدان. بەتایبەت وەک ژن، سەیرکردنی شانۆنامەکە کاریگەرییەکی گەورەی دەروونی لەسەر ئێمە هەبوو.

 

ئەوان لە ڕێگەی کولتوورەوە تۆڵە دەکەنەوە

لە لایەکی ترەوە ئەو ژنانەی ئەمڕۆ بە کۆمەڵکوژی و جینۆسایددا تێپەڕیون، ئەو ڕێکخستن و تێگەیشتنەیان هەیە کە لێپرسینەوە لە تاوانباران بکەن و بە شێوازی خۆیان ڕاستییەکان بڵێن. بۆ ئەوەی مێژوو لەبیر نەکرێت، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان دوژمنی خۆیان باشتر بناسن، شانۆی "دادگای ویژدان" جارێکی دیکە یادی هەموو ئەوانەی سەیری شانۆیان دەکرد، زیندوو کردەوە، چونکە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا گەلی کورد وەک ئەرمەنەکان دەیان کۆمەڵکوژی و فەرمانی عوسمانییەکان و دەوڵەتی تورکیای ئێستای بەخۆیەوە بینیوە، هەزاران ئەرمەنی لەژێر چەتری خۆبەڕێوەبەریدا پارێزگاری لە کولتوور و بوون و ناسنامەی خۆیان دەکەن و بە کولتوور و هونەرەکەیان تۆڵەی مێژوویی دەکەنەوە.