گەلەرییەکەی نازەنین کەلەپوور و ژن ئاوێزان دەکات

کارە هونەرییەکان پەیامی جیاواز دەدەن و بە پێکهاتەی جیاواز دروست دەکرێن، نازەنینیش لە کەرەستەی کۆن و بەکارهاتوو، کارە هونەرییەکانی دروستدەکات و وێنای ژنان نیشانی کڕیارانی دەدات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە کاری هونەریدا ژنان توانیویانە جێ دەستیان دیار بکەن و پەیامی جیاواز بدەنە بینەر، نازەنین یەکێکە لەو ژنانەی بە جیاوازی کارە هونەرییەکانی توانیویەتی سەرنجی کڕیاران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت،  کەسانی بیانی سەردانی گەلەرییەکەی دەکەن و بەرهەمەکانی لێدەکڕن، بەشی زۆری کارەکانی نازەنین باس لە ژن دەکەن و وێنای ژن کلتوورە جیاوازەکاندا نیشان دەدای.

 

نازەنین عەبدوڵا لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە دەستی کردووە بە کاری هونەری چونکە هەستی دەکرد بەهرەی هەیە و دەیویست بیانکاتە کردار، سیرامیک دەستپێکی کارەکانی بووە و  پاشان پەرەی بە کارە هونەرییەکانی داوە.

 

دواتر نازەنین بیری لەوە کردووەتەوە بەرهەمەکانی نیشانی هاوڵاتیان بدات و ئەو بەهرەیەی هەیەتی بیگەیەنێتە خەڵکی و خزمەتی هاوڵاتیانی پێبکات، دوای ئەوەی پێشکەوتن لە کارەکانیدا هەبوو، بڕیاریدا گەلەرییەکی تایبەت بە خۆی بکاتەوە.

 

"حەزم لە کاری هونەرییە، بۆیە بە وردی کاری بۆ دەکەم"

نازەنین لە دەستپێکی کارەکەیدا سیرامیکی ساردی بەکاردەهێنا و وێنە و کاری لەسەر بەرد دەکرد، گوڵ و کەرەستەی وردی بۆ حەزی خۆی دروست دەکرد، بەڵام بەهۆی پاڵپشتی کڕیارەکانییەوە بڕیاریدا بەشداری پێشانگاکان بکات و لەوێ زیاتر بەرهەمەکانی بناسێنێت بە هاوڵاتیان.

 

نازەنین دەربارەی هونەر دەڵێت: دنیانی هونەر دنیایەکی فراوان و قوڵە، پێویستی بە کاری وردە، بۆیە کاتێک بڕیار دەدەیت بەرهەمێک دروست بکەیت بێگومان زەحمەتی زۆری دەوێت و دەبێت تەواو خۆتی بۆ تەرخان بکەیت، منیش کاری دەستی ئاسودەیم پێدەبەخشێت و هەرگیز ناتوانم دەستبەرداری ببم.

 

"بەرهەمەکانم لە بیرۆکەی خۆمەوە سەرچاوە دەگرن و پێویستیان بە کەرەستەی جیاوازە"

کارە هونەرییەکانی نازەنین سەرجەمیان بیرۆکەی خۆین و دیزاینەکانی خۆی داهێنانی بۆ دەکات، بەڵام هەندێک کات لەسەر داواکاری کڕیارەکانی کار دەکات و بەرهەمەکان دروست دەکات، وتی: هەموو بەرهەمەکانم جگە لە بەکارهێنانی ڕەنگی زۆر، جوانکاری تریشی تێدا بەکاردەهێنم، وردەکاری زۆریان دەوێت بۆیە تەواوی کارەکانم خۆشدەوێت، بەشی زۆری بەرهەمەکانم زیاتر هەستی ژنانەیان تێدایە و هەوڵم داوە کلتووری جیاواز کۆبکەمەوە.

 

ئاماژەی بەوەشدا دروستکردنی بەرهەمەکانی زەحمەتی زۆری دەوێت و کاتی دەوێت، چونکە دەستکەوتنی پێداویستییەکانی کارێکی زەحمەتە، لەگەڵ ئەوەش هەندێک لە بەرهەمەکان لە کوردستان نین و دەبێت لە وڵاتانی دەرەوە داوای بکات، بەڵام نازەنین لە هەوڵەکانی نەوەستاوە و ئامانجیەتی گەلەرییەکەی گەورە بکات و بەرهەمی جیاوازتری هەبێت.

 

"ژنان حەز بە هونەر دەکەن بۆیە زۆرینەی بەرهەمەکانم جێگەی سەرنجیانە"

بە شێوەیەکی گشتی ژنان و پیاوان سەردانی گەلەرییەکەی دەکەن، بەڵام زیاتر ژنان خولیای کارەکانی نازەنین دەکەن، چونکە ژنانن حەز بە کاری هونەری دەکەن، وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، کڕیارەکانی لەبەر جوانی بەرهەمەکانی نازانن کامیان هەڵبژێرن، دەربارەی خولیا و تواناکانی ژنان دەڵێت: پێویستە هەر ژنێک حەز و خولیایەکی هەیە، پەرەی پێبدات و کار بکات، بگات بە ئامانجەکەی خۆی.

 

نازەنین ڕوونیکردەوە بۆ دروستکردنی بەشێک لە بەرهەمەکانی سود لەو کەرەستانە وەردەگرێت کە لە ماڵەکەیدا فڕێدەدرێت و بەکارناهێنرێت، بەڵام دووبارە ئەو لە کارە هونەرییەکانیدا بەکاریدەهێنێت، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکات سود لەو کەرەستانە وەربگرن کە بەکاریناهێنن.