"ڕۆژنامەگەری ژنان ڕێگای شۆڕشی هونەرییان نیشاندام"

ڕەشا عەلۆ، بەڕێوەبەری تەڤگەری هیلالی زێڕین لە ناوچەی تل تەمر ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری کاریگەربوونی بە شۆڕشی ژنان و دەستپێکردنی کاری هونەری ڕۆژنامەگەری بوو.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ١٢٦ ساڵ بەسەر یەکەم چاپی ڕۆژنامەگەری کوردیدا تێدەپەڕێت، ئەوەی تا ئێستا ئەم کارەی پەرەپێداوە خزمەتی گەلی کورد و ژنانی کردووە، بەڵام با ئەوە لەبیر نەکەین کە ئەو بلاوکراوانەی خزمەت بە ئایدۆلۆژیای ئازادی ژنان دەکات، کاریگەری لەسەر ژنان لە ناو کۆمەڵگەدا کردووە. ڕەشا عەلۆ لە پێکهاتەی عەرەب و بەڕێوەبەری تەڤگەری هیلالی زێڕین لە ناوچەی تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەکێک بوو لە بینەرانی کەناڵ و ئاژانسە کوردییەکان، دەربارەی ئەزمونی خۆی قسەی بۆ کردین.

 

"شۆڕشی ژنان بە شۆڕشی ڕاگەیاندنیش دەبینین"

ڕەشا عەلۆ لە سەرەتادا ڕۆژی ڕۆژنامەوانی کوردی لە هەموو ڕۆژنامەنووسانی ژن پیرۆز کردو وتی: هەروەک چۆن شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژنان پێناسە دەکەین، لە هەمان کاتدا وەک شۆڕشێکی ڕاگەیاندن دەیبینین، ئەگەر بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس و دەنگ و ڕەنگی ژنان و دۆزەکەیان نەبیسترابایە و نەبینرابایە و ئەمڕۆ ئێمە لە پرۆسەیەکی لەو شێوەیەدا نەدەبووین، ئەمڕۆ، لە هەر شوێنێکی پێویستدا، ژنانی ڕۆژنامەنووس ئامادە دەبن، جا لە مەیدانی شەڕدا بن یان لەسەر شەقامەکان و لە کۆمەڵگەدا.

 

"پێشتر لەسەر شاشەکان دەمبینی، ئەمڕۆ خۆم لەناویدام"

ڕەشا عەلۆ تیشکی خستە سەر پەخشی تەلەفزیۆن و ئاژانس و ڕادیۆ کوردییەکان و وتی: زۆرترین ڕەنگی پیاو لە تەلەفزیۆنە گشتییەکاندا دەردەکەوێت بۆ ئەوەی ڕاستییەکی لەو شێوەیە بسەلمێنێت کە کۆمەڵگە ناتوانێت بەبێ پیاو خۆی بەڕێوەببات و وەک کۆمەڵگەیەکی پیاو تەماشا بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ جیاوازە، ئەمڕۆ زۆرێک لە تەلەفزیۆن و ئاژانسەکانمان لە ڕەنگی ژناندان و دەتوانن زیاتر خۆیان بە مێشکی ژنان دەرببڕن، ئەو بەرنامە و هەواڵانەی کە زیاتر لێدوانیان لەسەر کەیسی ژنان داوە، وایان لە ئامادەبووان کردووە بەشداری لە کارەکانی ژناندا بکەن، هەروەها من یەکێکم لەو هەزاران ژنەی کە سەرسام بوون بە بەرنامەکانی تەلەفزیۆن و ئاژانسەکان، لە ماڵەوە لەسەر شاشەکان دەمانبینی کە ژنان لە ڕێپێوان و چالاکییەکاندا بە شێوەیەکی گەورە دەبیندرێن، بەڵام ئەمڕۆ خۆم بەشدارم و خەبات دەکەم، ڕاگەیاندن دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژنان هەبێت لە ماڵەوە و خۆشەویستی و توانای بەشداریکردنیان لە خەباتدا زیاد بکات.

 

"ئەوەی وای لە ژنان کرد خۆشەویستییان بۆ زانست و یەکگرتن هەبێت ڕۆژنامەگەری بوو"

ڕەشا عەلۆ ڕایگەیاند، ڕۆژنامەگەریی توانی وا لە ژنان بکات هەست بەوە بکەن کە دەتوانن ئەو کارە بکەن و بەرپرسیار بن لەم شۆڕشە وتی: ئەگەر ئەمڕۆ کەناڵە تایبەتەکانی ژنان ببینین، تەنها دەتوانین بڵێین ئەمە دەستکەوتێکی دیکەی شۆڕشی ڕۆژنامەگەریی ژنانە، راگەیاندن ڕۆڵێکی لەو جۆرەی هەبوو کە خۆشەویستی بۆ یەکگرتن و زانستی ژنانی بەهێزتر کرد و یەکێتی نەتەوەکانی بەهێزتر کرد، بۆیە ئەمڕۆ بەهێزی شۆڕشەکەمان بە بەهێزکردنی ڕۆژنامەگەری بەرەو پێشەوە دەڕوات، ڕاگەیاندن توانی دەسەڵاتی ناوخۆ لەگەڵ ژنان بەبێ ترس ڕێکبخات.

 

"پێویستە ڕاگەیاندنی ژنان ڕۆڵێکی گەورەتری هەبێت لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا"

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەشا عەلۆ ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ڕاگەیاندنی ژنان ڕۆڵێکی گەورەتر ببینێت لە پاراستنی گوندەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی و کاری بەکۆمەڵدا و وتی: کامێراکانمان دەبێت تیشک بخەنە سەر کەیسەکانی ژنان لە سەربازی، کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆژی، ڕۆشنبیری و هتد، سەرەڕای ئەوەش، هەموو ڕاگەیاندنەکان پێویستە زیاتر تیشک بخەنە سەر ژیانی گوندەکان و بە هەموو شێوەیەک بیانناسێنن، چونکە ژیانی مانادار لە سروشت و گوندەکاندا شاردراوەتەوە.