لە ڕۆژئاوا تێکۆشانی ژنان بۆ پاراستنی شانۆی کوردی بەردەوامە

ژنانی شانۆکاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەیان بەوەکرد، خەبات دەکەن بۆ پاراستنی شانۆی کوردی و هیواخوازن کە پەیمانگای تایبەت بۆ شانۆ بکرێتەوە.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە شۆڕش پێشەنگایەتی لە زۆر بواردا دەکەن و لە ڕووی کولتووری و هونەریشەوە پێشەنگن، ژنانی شانۆکاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربارەی بارودۆخی شانۆ و ئەزموونی تایبەتی خۆیان و ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی شانۆی کوردی قسەیان بۆ کردین.

 

"لە هەر پرۆژەیەکدا ئەزموون وەردەگرین"                                                  

یارا سار، تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی قامیشلۆ، سێ ساڵ لەمەوبەر بە پڕۆژەی "گەڕەکی لەبیرکراو" لە کۆمیتەی شانۆی ڕۆژئاوا دەستی بە کاری شانۆیی کرد، لە چەندین شانۆ و فیستیڤاڵدا لە شارە جیاوازەکانی کانتۆنی جزیرە بەشداری کردووە ، وتی: لەوانەیە ئاستی شانۆ بەو شێوەیە نەبێت کە پێویست بێت، بەڵام شانۆ بوارێکی زۆر خۆشە، بۆیە مرۆڤ هەرگیز پەشیمان نابێتەوە، کێشە کۆمەڵایەتییەکان دۆزەکان بە شێوەیەکی کۆمیدی یان تراژیدی نمایش دەکات، لە هەموو پڕۆژەیەکی نوێدا، ئەزموون وەردەگرین.

 

"دەتوانین بۆ دۆزی خۆمان پەیام بدەین"

لۆرین دەرویش، تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی قامیشلۆی ئاماژەی بەوەکرد، سێ ساڵ لەمەوبەر لە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری محەمەد شەیخۆ دەستی بە شانۆ کردووە و وتی: کاتێک دەستم بە شانۆ کرد، هەستم دەکرد دەتوانم شتێک بۆ خۆم و خێزانەکەم و کۆمەڵگەکەم بکەم، ئەم دەنگە لەگەڵ شانۆ دەبیسترێت، زۆر هەست هەیە کە ناتوانرێت لە ساتە ئاساییەکاندا دەرببڕدرێت، بەڵام هەموو هەستەکان بە شانۆ دەردەبڕدرێت، کاتێک شانۆکاران کار بۆ گەشەپێدانی خۆیان دەکەن، ئەمە دەبیتە هۆی ئەوەی بواری شانۆ گەشەبکات.

 

"دەمانەوێت بەرهەمەکانمان لە جیهاندا دەنگ بدەنەوە"

لۆرین دەرویش ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆڵێکی بەهێز هەیە بۆ ژنان لە شانۆی کوردیدا بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان وتی: لە ڕابردوودا ژمارەی ژنان لە بواری هونەردا زۆر کەم بوو، ئەمڕۆ بوونی ژنان و کارەکانیان لە بواری شانۆدا جێگای شانازییە، ژنان دەتوانن و کەسایەتییەکی بەهێزیان هەیە، دەتوانن هەر ڕۆڵێک بگێڕن، پێویستە هەموو کەسێک بزانێت شانۆ چییە و مانای چییە، دەمانەوێت بەهەرم و پڕۆژەکان بەناوی ڕۆژئاوا لە جیهاندا دەنگ بداتەوە، دەتوانین خۆمان بگەیەنینە تەواوی جیهان.